سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی لە دانوستانی لەگەڵ پارتی ڕێزى له ده‌نگده‌رانی هه‌ولێر نه‌گرت
سازدانى: ڕه‌هێڵ ته‌ها
ڕێباز بێركۆتى سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتیى نیشتیمانیى كوردستان له ئه‌نجوومه‌نى پارێزگای هه‌ولێر ئاشكرای ده‌كات كه ئیستحقاقی یه‌كێتیى له هه‌ولێر سێ قائیمقام و دوو به‌ڕێوه‌به‌ری گشتى و شه‌ش بۆ هه‌شت به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌یه، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و پۆستانه له لایه‌ن پارتییه‌وه پڕ كراوه‌ته‌وه و ده‌شڵێت: ״براده‌رانى ئێمه له سه‌ركردایه‌تیى به‌رگرییان له ده‌نگده‌رانی هه‌ولێر نه‌كرد، بۆ ئه‌وه‌ى ئێمه له هه‌ولێر بتوانین به‌شداریی حكومه‌تى خۆجێیی هه‌ولێر بكه‌ین.״
ڕێباز بێركۆتى له چاوپێكه‌وتنێكى ״ئاژانس״دا باس له‌وه ده‌كات كه حاڵه‌تى دهستیگركردنى كادرانى یه‌كێتیى له هه‌ولێر هه‌یه و پارتى له ئێستادا شاره‌كه به‌ڕێوه ده‌بات و ده‌شڵێت: ״له‌م خوله‌ى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگا نه پڕۆژه هه‌یه چاودێریی بكه‌ین، نه بودجه هه‌یه په‌سه‌ند بكرێت.״
ئاژانس: سه‌ره‌تا له ئه‌داى حكومه‌تى خۆجێیی هه‌ولێره‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌ین، ئێوه ڕازین لێى؟
ڕێباز بێركۆتى: حكومه‌تى خۆجێیی له پارێزگای هه‌ولێر به‌شی زۆری پێكهاته‌كه‌ى له پارتى دیمو‌كراتى كوردستانه كه به گوێره‌ى واقیعی سیاسیی كوردستان پێك هێنراوه، كه زیاتر په‌یوه‌ندیى به هه‌ردوو زۆنى سه‌وز و زه‌رد و په‌یوه‌ندیى نێوان یه‌كێتیى و پارتییه‌وه هه‌بوو، سه‌باره‌ت به ئه‌داى ئه‌و حكومه‌ته خۆجێییه دیاره پێشتر بودجه‌یه‌كى باشی له‌به‌ر ده‌ست بووه وه‌ك بودجه‌ى په‌ره‌پێدانى پارێزگاكان، ئه‌مه جگه له بودجه‌ى پایته‌خت كه له لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه بۆی دابین كراوه، هه‌رچه‌نده له‌و كاته توانیویەتى له ڕووى خزمه‌تگوزاری و بواری نیشته‌جێبوون كار بكات، به‌ڵام ڕه‌نگه كاره‌كان زۆر به دیراسه و شوێنى خۆیان نه‌بن، بۆ نموونه له بواری نیشته‌جێبوون ئه‌و هه‌موو وه‌به‌رهێنانه كراوه، كه‌چی تێكه‌ڵی هه‌بووه، به گشتى گله‌یی و گازنده‌ى خه‌ڵكى له‌سه‌ر چۆنیه‌تیى ئه‌نجامدانى پڕۆژه‌كان هه‌یه.
ئاژانس: بۆچى ئێوه وه‌ك یه‌كێتیى نیشتیمانیى كوردستان پۆستی باڵاتان له چواچێوه‌ى حكومه‌تی خۆجێیی هه‌ولێر پێ نه‌درا؟
ڕێباز بێركۆتى: من یه‌كێك بووم له ئه‌ندامانى وه‌فدی دانوستاندن بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى پۆسته‌كانی پارێزگا له‌گه‌ڵ پارتى، بۆ ئه‌مه‌ش له‌و كاته‌دا سێ دانیشتمان له‌گه‌ڵ پارتى كرد، گه‌یشتینه ئه‌و ڕێكکه‌وتنه‌ی كه جێگری پارێزگاری هه‌ولێر وه‌ربگرین، به‌ڵام به‌ر له گه‌یشتن به ئه‌نجامى كۆتایی و به هۆی ڕێكکه‌وتنى یه‌كێتیى و گۆڕان پۆسته‌كانى هه‌ولێر یه‌كلا نه‌كرانه‌وه و پارتى پاشه‌كشه‌ى له ڕێکكهوتنهكه كرد.
ئاژانس: ئه‌و پۆسته چى په‌یوه‌ندیى به ڕێکكه‌وتنى گۆڕان و یه‌كێتییه‌وه هه‌یه؟
ڕێباز بێركۆتى: گرنگ بوو سه‌ركردایه‌تیى سیاسیی یه‌كێتیى ڕێز له ده‌نگده‌رانى حزبه‌كه‌ى بگرێت كه له هه‌ڵبژاردنى 30/4/2014ی ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكانى هه‌رێم زیاتر له سه‌دوهه‌شتا هه‌زار ده‌نگى پارێزگاى هه‌ولێری به ده‌ست هێناوه، ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بووین كه له سلێمانى وه‌ك ژمارەى كورسی سه‌یری پارتى نه‌كه‌ن، به‌ڵكو وه‌ك هاوبه‌شێك سه‌یر بكرێن، به هه‌مان شێوه داوامان له پارتى كرد له هه‌ولێر به چاوى كورسی سه‌یری یه‌كێتیى نه‌كه‌ن، بۆیه ده‌بوو هه‌ردوولا به چاوى ڕێکكه‌وتنى ستراتیژى سه‌یری یه‌ك بكه‌ن و پێگه‌ى سیاسیی هه‌ردوولا له‌به‌ر چاو بگیرێت، به‌ڵام براده‌رانى ئێمه له سه‌ركردایه‌تیى به‌رگرییان له ده‌نگده‌رانی هه‌ولێر نه‌كرد، بۆ ئه‌وه‌ى ئێمه له هه‌ولێر بتوانین به‌شداریی حكومه‌تى خۆجێیی هه‌ولێر بكه‌ین، ئه‌مه له كاتێكدا من وه‌كو سه‌رۆكی فراكسیۆن چه‌ندین جار داوام لێیان كرد، كه‌چی وەڵامیان نه‌دامه‌وه.
ئاژانس: ئه‌گه‌ر ئه‌و پۆسته‌تان وه‌ربگرتایه چى له بارودۆخه‌كه ده‌گۆڕدرا؟
ڕێباز بێركۆتى: ئه‌گه‌ر ئێمه وه‌ك یه‌كێتیى به‌شداریی حكومه‌تى خۆجێیی هه‌ولێرمان بكردایه، جگه له‌وه‌ى مافێكى شه‌رعیی خۆمان بوو، ئه‌و كاته ڕۆڵی كادره‌كانى یه‌كێتیى ده‌رده‌كه‌وت كه چۆن ده‌توانن خزمه‌ت به دانیشتووانى هه‌ولێر بكه‌ن، جگه له هۆكاری سه‌ركردایه‌تیی خۆمان، پارتى خۆشی هه‌وڵی ده‌دا وه‌ك زۆرینه له‌گه‌ڵ چه‌ند فراكسیۆنێكى تر حكومه‌تى خۆجێیی هه‌ولێر به‌بێ یه‌كێتیى به‌ڕێوه ببات.
ئاژانس: به‌ڵام جگه له پۆسته باڵاكان به‌شێكى زۆرى پۆسته‌كانى یه‌كێتیى له فهرمانگهكانى هه‌ولێر پڕ نه‌كراونه‌ته‌وه؟
ڕێباز بێركۆتى: ئیستحقاقی یه‌كێتیى له هه‌ولێر سێ قائیمقام و دوو به‌ڕێوه‌به‌ری گشتى و شه‌ش بۆ هه‌شت به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌یه، هه‌موو ئه‌و پۆستانه له لایه‌ن پارتییه‌وه پڕ كراونه‌ته‌وه، ئه‌مانه‌ش بۆ ته‌واونه‌كردنى ڕێکكه‌وتنى یه‌كێتیى و پارتى ده‌گه‌ڕێته‌وه كه بڕیار بوو له‌سه‌ر ئه‌و پۆستانه ئیمزا بكرێت، وه‌ك ئاماژه‌م بۆ كرد به‌شێك له كه‌مته‌رخه‌مییه‌كه بۆ سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتیى ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له دانوستاندنه‌كان له‌گه‌ڵ پارتى وه‌كو پێویست به‌رگری له ده‌نگده‌رانى یه‌كێتیى له هه‌ولێر نه‌كرد.
ئاژانس: ئه‌نجوومه‌نى پارێزگا چه‌ندین بڕیارى ده‌ركرد و حكومه‌تى هه‌رێم جێبه‌جێى نه‌كرد، به‌دواداچوونتان بۆ ئه‌و پرسه كردووه؟ ئه‌وه بێهێزكردنى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگا نییه؟
ڕێباز بێركۆتى: ئه‌نجوومه‌نى پارێزگا ڕۆڵی چاودێری حكومه‌تى خۆجێیی و په‌سه‌ندكردنى بودجه‌ى پارێزگای هه‌یه، هه‌روه‌ها لێپرسینه‌وه له به‌رپرسانى ئیداره‌كه ده‌كات، به‌ڵام له‌م خوله‌ى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگا نه پڕۆژه هه‌یه چاودێری بكه‌ین، نه بودجه هه‌یه په‌سه‌ند بكرێت، ئه‌وه‌ى هه‌یه چاودێریكردنى ئه‌داى حكومه‌ته، بۆ ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ى پێویست بووه ئه‌نجاممان داوه. هه‌ندێك جاریش داواكارییه‌كانى له لایه‌ن حكومه‌ته‌وه جێبه‌جێ ناكرێ، له‌وانه ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ى بۆ پاشه‌كه‌وتى مووچه پێشكه‌ش كرا، بۆ ئه‌وه‌ى حكومه‌ت ڕێگا بدات قه‌رزه‌كانى خۆی له ڕێگاى ئه‌و پاشه‌كه‌وته‌وه له هاووڵاتییان وه‌ربگرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه ڕه‌ت كرایه‌وه.
ئاژانس: به‌ڵام ده‌وترێت بۆ نموونه فراكسیۆنى پارتى چاوپۆشی له‌و كه‌موكوڕییانه ده‌كات كه په‌یوه‌ندیى به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌وه هه‌یه كه وه‌زاره‌ته‌كه‌ى به ده‌ست پارتییه‌وه‌یه؟
ڕێباز بێركۆتى: به دڵنیاییه‌وه به هۆی واقیعی هه‌رێمى كوردستانەوە ئه‌و جۆره چاوپۆشییه هه‌یه و كاریگه‌ریی خۆی هه‌بووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێك جار لێپرسینه‌وه له به‌رپرسێكى پارتى كراوه، فراكسیۆنه‌كه‌ى ئه‌وانیش وه‌ك ئێمه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كردووه.
ئاژانس: له دانانى قائیمقامهكاندا پرستان پێ كرا؟
ڕێباز بێركۆتى: دیاره واقیعی كوردستان وایه كه هه‌ولێر له لایه‌ن پارتییه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێت، به‌ڵام به گوێره‌ى یاسا كاتێك قائیمقام یان به‌ڕێوه‌بەری ناحیه هه‌ڵده‌بژێردرێت ده‌بێت له كۆی پێنج كه‌س سێ كاندید هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه واقیعی نییه، له لایه‌كى تر كاتێك كه‌سێك بۆ ئه‌و پۆستانه ده‌ستنیشان ده‌كرێت له لایه‌ن پارێزگاوه ئاڕاسته‌ى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگا ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پارتى له‌گه‌ڵ فراكسیۆنى پێكهاته‌كان بیانه‌وێ كه‌سێك بۆ ئه‌و پۆستانه دابنێن، به‌بێ فراكسیۆنه‌كانى یه‌كێتیى و گۆڕان و دوو لایه‌نه ئیسلامییه‌كه‌ش ده‌توانن یه‌كلای بكه‌نه‌وه، چونكه ئه‌وان ده‌توانن زۆرینه‌ى كورسییه‌كان پێك بهێنن.
ئاژانس: بۆچى له‌گه‌ڵ فراكسیۆنى یه‌كگرتوو كۆمه‌ڵ و گۆڕان یه‌كهه‌ڵوێست نیین؟ ئه‌گه‌ر وا نییه بۆ چى ناتوانن پێكه‌وه داواى لێپرسنه‌وه له به‌ڕێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌یه‌ك بكه‌ن؟
ڕێباز بێركۆتى: هه‌رچه‌نده سه‌ره‌تا وه‌ك چوار فراكسیۆنه‌كه (یه‌كێتی، گۆڕان، یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ) له‌سه‌ر زۆر بیروبۆچوون هاوڕا بووین، به‌ڵام له سیاسه‌تدا ئه‌و بیروبۆچوونانه به گوێره‌ى گۆڕانكاری له هه‌ڵوێستی ئه‌و لایه‌نانه گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت، له‌وانه زۆرجار ئه‌و حزبانه له یه‌ك كات له حكومه‌ت بوون و ئۆپۆزسیۆن بوون، به‌ڵام ئێمه وه‌ك یه‌كێتیى له حكومه‌ت بووین به‌ڵام ئۆپۆزسیۆن نه‌بوین، دووه‌م بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ڕێکكهوتنێكى له‌گه‌ڵ پارتى كرد بۆ ئه‌وه‌ى چه‌ند پۆستێك له هه‌ولێر وه‌ربگرن، له هه‌مان كاتدا گۆڕان پێی وا بوو ده‌بێ یه‌كێتیى ململانێ له‌گه‌ڵ پارتى بكات له به‌رامبه‌ردا هاوهه‌ڵوێست بێت له‌گه‌ڵیان، به‌ڵام ئێمه سیاسه‌تى سه‌ربه‌خۆمان هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه ئێمه وه‌كو یه‌كێتیى پایه‌ند بووین به به‌شداریمان له حكومه‌ت به سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى وه‌ك سه‌رۆكى تیمى ئێمه، بۆیه وه‌ك فراكسیۆنى سه‌وز له چوارچێوه‌ى به‌رنامه‌ى ئه‌و حكومه‌ته‌دا كاری كردووه.
ئاژانس: توانیوتانه ده‌ست به‌رن بۆ كه‌یسی تر‌ى وه‌ك ههڕەشهكردن له ڕۆژنامه‌نووس و ده‌ركردنیان له هه‌ولێر و داخستنى ڕێكخراوه‌كان؟
ڕێباز بێركۆتى: سه‌ره‌تا حه‌ز ده‌كه‌م ئاماژه به‌وه بكه‌م كه ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیى به سلكى ئه‌منییه‌وه هه‌یه، په‌یوه‌ندیى به ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاوه نییه، وتا ئه‌نجوومه‌نى پارێزگا بۆی نییه ته‌داخول بكات، ئه‌مه‌ش له یاسای ژماره 3ی ساڵی 2009ی ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكان ئاماژه‌ى بۆ كراوه، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ى پێویست بووبێت و داوایان لێمان كردووه تهداخولمان كردووه.
ئاژانس: به‌ڵام جاربه‌جار له سنوورى هه‌ولێر كادرى یه‌كێتیى ده‌ستگیر ده‌كرێت و لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، بۆچى به‌دواداچوون بۆ ئه‌و كه‌یسانه ناكه‌ن؟
ڕێباز بێركۆتایی: ڕاسته حاڵه‌تى ده‌ستگیركردنى كادرانى یه‌كێتیى له هه‌ولێر هه‌یه، به‌ڵام ئێمه له ڕێگاى كه‌ناڵێكى تایبه‌تى خۆمان وه‌ك په‌یوه‌ندییه‌كان ته‌داخول ده‌كه‌ین، واتا نه‌وه‌ك ئه‌نجوومه‌ن به‌ڵكو وه‌ك حزب به‌رگریمان لێ كردووه، ئینجا هه‌ندێكیان چاره‌سه‌ر كراوه و بۆ هه‌ندێكى تریان نه‌توانراوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ش ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین ئه‌گه‌ر ئه‌و كادره یه‌كێتییه كارێكى نایاسایی ئه‌نجام دابێت با كاری یاسایی له‌گه‌ڵ بكرێت و به شێوه‌یه‌كى دادپه‌روه‌رانه دادگایی بكرێت.
ئاژانس: زۆرجار پێكهاته‌كان له هه‌رێمى كوردستان بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى ململانێی نێوان لایه‌نه سه‌ره‌كییه‌كان به‌كار ده‌هێنرێت، چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌وشه ده‌كه‌ن؟
ڕێباز بێركۆتى: ئێمه له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانى توركمانى و مه‌سیحی مێژوویه‌كی دوورودرێژمان هه‌یه و به یه‌كه‌وه به ئاشتییانه ده‌ژین، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وان به‌ڕاستى نوێنه‌رایه‌تیى پێكهاته‌كانى خۆیان بكه‌ن، هه‌روه‌ها به گوێره‌ى ژماره‌ى ڕاسته‌قینه‌ى خۆیان نوێنه‌ریان بۆ ئه‌نجوومه‌نه‌كان هه‌بێت، داوا ده‌كه‌ین ئه‌و پێكهاتانه لایه‌نگیریی لایه‌نێكى سیاسی نه‌كه‌ن بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ى پارسه‌نگى هێز و ژماره‌ى كورسییه‌كان، بۆیه ده‌بێت له داهاتوودا چاره‌سه‌ر بكرێت.