عێراق و هه‌رێم نابنه دوو دراوسێی باش
سازدانى: حه‌سه‌ن شه‌نون
د .ئیحسان شمه‌رى سه‌رۆكى ناوه‌ندى بیرى سیاسیی عێراقى پێشبینیى ئه‌وه ده‌كات كه حكومه‌تى ناوه‌ندى 23 ڕێكاری یاسایى له دژى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بگرێته به‌ر به هۆى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆمه‌وه، كه پرسی نه‌وت و فڕۆكه‌خانه‌كان دیارترینیان ده‌بن و ده‌شڵێت: «عێراق و هه‌رێمى كوردستان نابنه دوو دراوسێى باش.»
د ئیحسان شمه‌رى له چاوپێكه‌وتنێكى «ئاژانس»دا ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ئه‌گه‌ر هه‌یه به هۆى ڕیفراندۆمه‌وه هاوپه‌یمانیى كورد و شیعه له عێراق كۆتایی پێ بێت و هه‌رێمیش نه‌توانێت ده‌ره‌نجامى ئه‌و ڕیفراندۆمە وه‌ك كارتى گوشار به‌كار بهێنێت له دانووستانه‌كانی له‌گه‌ڵ ناوه‌نددا.
ئاژانس: سه‌ره‌تا له‌وه‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌ین كه ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمى كوردستان چی له ده‌ست حكومه‌تى ناوه‌ندى و هه‌رێم ده‌كاته‌وه؟
د.ئیحسان شمه‌رى: من پێم وایه هه‌رێمى كوردستان ئه‌و متمانه‌یه ده‌دۆڕێنێت كه به‌ر له ئه‌نجامدانى ئه‌و پڕۆسه‌یه هه‌یبوو، ڕیفراندۆم بۆشاییه‌كى گه‌وره له نێوان هه‌ردوو حكومه‌تى ناوه‌ندى و هه‌رێمى كوردستان درووست ده‌كات.
ئاژانس: كێشه‌ى دووریى په‌یوه‌ندیى نێوانیان به هۆى ڕیفراندۆمه‌وه ده‌بێت یان ئه‌گه‌ر هه‌یه ڕێوشوێنى تر بگیرێته به‌ر له لایه‌ن ناوه‌نده‌وه دژ به هه‌رێم؟ ئه‌مه سیناریۆیه‌كى چاوه‌ڕوانكراوه؟
د.ئیحسان شمه‌رى: له ڕۆژانى داهاتوودا حكومه‌تى عێراقى ده‌ست ده‌كات به گرتنه‌به‌رى چه‌ند ڕێوشوێنێكى یاسایی پشتبه‌ستوو به ده‌ستوور دژ به هه‌رێمى كورستان بۆ ناچاركردنى هه‌ولێر بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ قۆناغى په‌یوه‌ندیى نێوانیان له‌سه‌ر بنه‌ماى په‌یوه‌ندیی هه‌رێم و حكومه‌تێكى فیدراڵى.
ئاژانس: پێشبینى ده‌كرێت هه‌رێمى كوردستان و عێراق له پاش ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیی ببنه دوو دراوسێى باش یان دوو ده‌وڵه‌تى نه‌یار و ناكۆك له ڕووى سه‌ربازی و سیاسى و ئابوورییه‌وه؟
د.ئیحسان شمه‌رى: من پێم وا نییه هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى ناوه‌ندى عێراق ببنه دوو دراوسێى باش و هه‌ماهه‌نگ و بێكێشه.
ئاژانس: بۆچى ئه‌و پێشبینییه ڕه‌شه ده‌كه‌یت؟
د.ئیحسان شمه‌رى: له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ڕیفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمى كوردستان پشتبه‌ستوو نه‌بوو به‌و ده‌قه یاسایی و ده‌ستوورییانه‌ى حكومه‌تى ناوه‌ندى ده‌یویست، ئه‌وه جگه له‌وه‌ى ئه‌و پڕۆسه‌یه مایه‌ى ناقایلبوون و ناڕه‌زایی پێكهاته سیاسییه‌كانى تر‌ى عێراق بووه، كه پێیان وایه كاته‌كه گونجاو نییه بۆ درووستكردنى ده‌وڵه‌تێك له باكوورى عێراق كه كاریگه‌ریى له‌سه‌ر هاوكێشه سیاسییه‌كانى ناوچه‌كه ده‌بێت و وا ده‌كات دووباره پێداچوونه‌وه‌ى پێدا بكرێت و گۆڕانكاریى تێیدا ڕوو بدات، ئه‌و كاته‌ش هه‌رێم و ناوه‌ند نابنه دوو دراوسێى بێكێشه.
ئاژانس: ئه‌ى پێت وایه ده‌ره‌نجامى ڕیفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمى كوردستان كارتێكى به‌هێز بێت به ده‌ست كورده‌وه بۆ دانووستان و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا؟
د.ئیحسان شمه‌رى: نه‌خێر كارتێكى به‌هێز نابێت .
ئاژانس: بۆچى كارتێكى به‌هێز نابێت كه زۆرینه‌ى هاووڵاتییانى هه‌رێم ده‌نگیان پێ داوه؟
د.ئیحسان شمه‌رى: كێشه‌كه ئه‌وه‌یه كه به‌غدا دان به‌و ڕیفراندۆمه و ده‌ره‌نجامه‌كه‌یدا نانێت و به لاى به‌غداشه‌وه له كاتى گفتوگۆ و دانووستانه‌كاندا ده‌ره‌نجامى ڕیفراندۆم به‌هاى نابێت.
ئاژانس: هاوپه‌یمانیى نیشتیمانیى شیعه‌كانیش ئه‌وه له‌به‌ر چاو ناگرن؟
د.ئیحسان شمه‌رى: پێم وا نییه هاوپه‌یمانیى نیشتیمانیى شیعه‌كانیش ده‌ره‌نجامى ڕیفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمى كوردستان له‌به‌ر چاو بگرن چونكه پێشتر ئاماده نه‌بوون له‌سه‌ر پرسی ڕیفراندۆم دانووستان له‌گه‌ڵ وهفدى هه‌رێمدا بكه‌ن، بۆیه له دواى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم په‌یوه‌ندیى نێوان هه‌رێمى كوردستان و هاوپه‌یمانیى نیشتیمانى و حكومه‌تى عێراقیدا ده‌گاته ڕێگایه‌كى داخراو ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كارتى ڕیفراندۆمیش به‌كار بهێنرێت له لایه‌ن كورده‌وه.
ئاژانس: ئه‌و سیناریۆیانه چین كه چاوه‌ڕوانكراون ڕوو بدەن له نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى ناوه‌ندى له پاش قۆناغى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆمدا، به‌تایبه‌ت ناوه‌ند له ڕووى سیاسى و ئابوورى و ئه‌منییه‌وه چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كه‌یسه‌كه‌دا ده‌كات؟
د.ئیحسان شمه‌رى: نزیكه‌ى 23 ڕێوشوێن هه‌یه كه حكومه‌تى ناوه‌ندى له دژى هه‌رێمى كوردستان ده‌یگرێته به‌ر، له‌وانه ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ده‌روازه سنوورییه‌كانى هه‌رێم و فڕۆكه‌خانه‌كاندا و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر پڕۆسه‌ى نه‌وت و هه‌نارده‌كردنیدا له لایه‌ن هه‌رێمه‌وه.
ئاژانس: گوشاره‌كان ناگاته ئاستى گوشارى سه‌ربازی؟
د.ئیحسان شمه‌رى: نه‌خێر ڕێوشوێنه‌كان زیاتر یاسایی ده‌بن و هێز به‌كار ناهێنێت، له یه‌ك باردا نه‌بێت، كه پێكهاته‌كانى تر ڕووبه‌ڕووى هه‌ڕه‌شه ببنه‌وه.
ئاژانس: پێت وا نییه هه‌ردوو لایه‌نى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى ناوه‌ندى هه‌ڵه‌یان هه‌بووه له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ یه‌كدا كه بارودۆخه‌كه‌ى گه‌یاندووەته ئه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان ڕیفراندۆم بكات و په‌یوه‌ندییه‌كانیان ئاوهاى لێ بێت؟
د.ئیحسان شمه‌رى: من پێم وایه قۆناغى 2003 بۆ 2014 په‌یوه‌ندیى نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند هۆكار بووه بۆ ئه‌وه‌ى كه ئێستا پێى گه‌یشت.
ئاژانس: مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆكوه‌زیران هۆكار نه‌بووه؟
د.ئیحسان شمه‌رى: نه‌خێر عه‌بادى كه‌ڵه‌كه‌بوونى هه‌ڵه‌كان و ئاڵۆزیى باردۆخى سیاسی و په‌یوه‌ندیى نێوان هه‌رێم و ناوه‌ندى له حكومه‌ته‌كانى پێشووه‌وه بۆ مابووه‌وە كه یه‌ك پارچه خراپیى په‌یوه‌ندیى نێوانیان بوو.
ئاژانس: كه سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتى نوورى مالیكى سه‌رۆكوه‌زیرانى پێشوو هۆكار بووبێت ئه‌ى هه‌ڵه‌ى كورد چى بوو؟
د.ئیحسان شمه‌رى: من پێم وایه كورد هه‌ڵه‌یان كرد له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كه‌ى حه‌یده‌ر عه‌بادیدا كه هه‌وڵى ئه‌وه‌ى ده‌دا كێشه‌كانى نێوانیان كۆتایی پێ بهێنێت له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و ده‌ستووره‌ى كورد باسی ده‌كات.
ئاژانس: چاره‌نووسی ناوچه جێناكۆکەكان له دواى ڕیفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیی چى ده‌بێت؟ ده‌وترێت كورد كه‌ركوك ده‌باته‌وه و ناوچه‌كانى تر ده‌دۆڕێنێت له سنوورى نه‌ینه‌وا و دیاله و موسڵ؟
د.ئیحسان شمه‌رى: ده‌ستوور ڕوونه له‌و باره‌یه‌وه و ڕیفراندۆم ئه‌و هێزه به كورد نادات كه هه‌ژموونى ناوچه جێناكۆكه‌كان بكات.
ئاژانس: ڕیفراندۆمى هه‌رێمى كوردستان سوننه‌كانیش ده‌جووڵێنێت به‌ره‌و ئه‌و ئاڕاسته‌یه‌ى كه بیر له هه‌رێمى فیدڕاڵى خۆیان بكه‌نه‌وه دوور له ده‌سه‌ڵاتى حكومه‌تى ناوه‌ندیى زۆرینهشیعه؟
د.ئیحسان شمه‌رى: به‌و پێیه‌ى هێزه سوننه‌كانى عێراق بیرۆكه‌ى ڕیفراندۆمى هه‌رێمى كوردستانیان ڕه‌ت كردووته‌وه، به‌تایبه‌ت له ناوچه جێناكۆكه‌كاندا، پێ ده‌چێت ئه‌و هه‌ڵوێسته له‌گه‌ڵ شیعه‌كاندا یه‌كیان بخات و دوور بكه‌ونه‌وه له بیركردنه‌وه له هه‌رێمى فیدراڵى تایبه‌ت به سوننه‌كان.
ئاژانس: ڕیفراندۆم كۆتایی به په‌یوه‌ندیى مێژوویى كورد و شیعه‌كانى عێراق ده‌هێنێت كه چه‌ندین ساڵ هه‌یانبووه یان ڕیفراندۆم ده‌بێته سه‌ره‌تایه‌كى باش بۆ په‌یوه‌ندیى نوێى باشتر؟
د.ئیحسان شمه‌رى: من پێم وایه هاوپه‌یمانیى كورد و شیعى كۆتایی هات له پاش ئه‌وه‌ى كه كورد ئاماده نه‌بوو گوێ له داواكاریى هاوپه‌یمانیى نیشتیمانى بگرێت سه‌باره‌ت به ئه‌نجامنه‌دانى ڕیفراندۆم.