سازدانی: ئاژانس – عیماد جه‌باری
سروود محه‌مه‌د، سه‌رۆكی لقی كه‌ركوكی كۆمه‌ڵه‌ى هیوای عێراقی، جه‌خت له زیادبوونى دیارده‌ی به‌شوودانی كچانی خوار ته‌مه‌نی یاسایی و هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ژنانی عه‌ره‌بدا ده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت: ״پیاوێكى كوردى 60 ساڵ به 60 هه‌زار دۆلار هاوسه‌رگیریى له‌گه‌ڵ كچێكى 13ساڵ كردووه״.
كۆمه‌ڵه‌ى هیواى عێراقى بۆ پاراستنى مافه‌كانى مرۆڤ، له ساڵى 1992 دامه‌زراوه، سروود محه‌مه‌د، سه‌رۆكی لقی كه‌ركوكی كۆمه‌ڵه‌كه، له چاوپێكهوتێنێكدا له‌گه‌ڵ ״ئاژانس״، ڕایده‌گه‌یه‌نێت له ماوه‌ی ئه‌م دوو ساڵه‌دا له كه‌ركوك به‌راورد به ساڵانی پێشوو دیارده‌ی به‌شوودانی كچانی ژێر ته‌مه‌نی یاسایی (واتا له نێوان 13 بۆ 18 ساڵ) ڕووی له زیادبوون كردووه.
ئاژانس: له ماوه‌ی ڕابردوودا هه‌ڵمه‌تێكی هۆشیاركردنهوهتان له كه‌ركوك له‌سه‌ر به‌شوودانی كچانی خوار ته‌مه‌نی یاسایی ده‌ست پێ كرد، تا چه‌ند ئه‌و پرسه بووه‌ته دیارده؟
سروود محه‌مه‌د: به پێی به‌دواداچوونه‌كانمان كه به شێوه‌ی مه‌یدانی سه‌ردانی گوند و گه‌ڕه‌ك و خوێندنگا ناوه‌ندی و دواناوه‌ندییه‌كان ده‌كه‌ین ده‌بینین، له ماوه‌ی ئه‌م دوو ساڵه‌دا له كه‌ركوك به‌راورد به ساڵانی پێشوو دیارده‌ی به‌شوودانی كچانی خوار ته‌مه‌نی یاسایی (واتا له نێوان 13 بۆ 18 ساڵ) ڕووی له زیادبوون كردووه.
ڕێژه‌كه‌ش له ناوچه‌یه‌ك بۆ ناوچه‌یه‌كی دیكه جیاوازیی هه‌یه، له‌و خوێندنگایانه‌ی كه‌وتوونه‌ته گه‌ڕه‌كه شه‌عبی و هه‌ژاره‌كانه‌وه به زۆری خوێندكارانی به‌شوودراون، له گونده‌كانیش ڕێژه‌كه زۆر زیاتره، ئه‌گه‌ر به نموونه باسی گوندی عومه‌ری كوڕی خه‌تاب بكه‌ین له سنووری قه‌زای داقووق ئه‌وه ته‌نها 2 كچ بهشوونه درابوون، ته‌نانه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگای گونده‌كه‌ش ده‌یوت ڕۆژ دوای ڕۆژ خه‌ڵك به هۆی بهشوودانهوه كچه‌كانیان له خوێندنگا ده‌رده‌كه‌ن.
ئاژانس: زیانەکانی به‌شوودانی كچانی خوار ته‌مه‌نی یاسایی چین؟
سروود محه‌مه‌د: ئه‌م دیارده‌یه كچان به‌ره‌و دابڕان له خوێندن ده‌بات، له كاتێكدا ئێمه ده‌مانه‌وێت كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی هۆشیار و خوێنده‌وار بونیاد بنێین، دواتر زیانی ته‌ندرووستی به‌و كچانه ده‌گه‌یه‌نێت تووشی خوێنبه‌ربوون و منداڵ-له‌بارچوون و تێكچوونی ده‌روونی ده‌بن، به پێی توێژینه‌وه‌كانی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندرووستیی كه‌ركوكیش به‌شوودانی پێشوه‌خته‌ی كچان ده‌بێته هۆی نه‌خۆشكه‌وتنیان به چه‌ندین نه‌خۆشیی ده‌روونیی جیاواز.
ئه‌م كچه منداڵانه پێویستیان به هۆشیارییه، چونكه نازانن به خواستی خۆیان ده‌ستیان ده‌كه‌نه نێو ئاگر، به‌ڵام كاتێك ده‌زانن ده‌ستیان سووتاوه ئیتر كار له كار ترازاوه، ئه‌وان وا ده‌زانن شوویان كرد ئیتر ڕۆژانه له‌ناو ئۆتۆمبێڵێكی جوان و له ته‌نیشت كوڕێكی جوان داده‌نیشن و به‌رده‌وام له چێشتخانه و ئاهه‌نگن، له ڕاستییشدا ئه‌و ناتوانێت ئه‌ركی ماڵه‌وه به‌ڕێوه به‌رێت، له ئاست به‌رپرسیارێتیدا نییه، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خێزان.
ئاژانس: ئه‌ی چۆن له دادگا ماره‌ی ئه‌م كچانه ده‌كه‌ن؟
سروود محه‌مه‌د: به پێی یاسا كچانی ته‌مه‌ن 13 بۆ 18 ساڵ به ڕێوشوێنی یاسایی و ته‌ندرووستیی توند له دادگا ڕێگه‌ی هاوسهرگیرێتییان پێ ده‌درێت، به‌ڵام زۆربه‌ی ئه‌و كچانه له ده‌ره‌وه‌ی یاسا و ته‌نها به ئاماده‌بوونی مه‌لایه‌كی ئایینی به‌شوو دراون و ئه‌مه‌ش له زاری كچه‌كان خۆیانه‌وه گوێبیستی بووین.
ئه‌مه‌ش ته‌نها وابه‌سته نییه به پێكهاته‌یه‌ك یاخود ناوچه‌یه‌كه‌وه به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یبینین له‌نێو سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌كانی كه‌ركوكدا ئه‌م دیارده‌یه زۆر بووه، ته‌نانه‌ت له‌نێو مه‌سیحییه‌كانیشدا پرسی له‌و شێوه‌مان تۆمار كردووه، به‌ڵام له‌نێو پێكهاته‌ی كورددا هێشتا نه‌ریتی به‌شوودانی كچ له به‌رامبه‌ر قه‌رزدا ماوه، ژماره‌یه‌كی زۆری كچانیش كه له خوار ته‌مه‌نی یاساییه‌وه‌ن دراونه‌ته كوڕه‌مامی خۆیان، به وته‌ی خۆیان له ئه‌گه‌ری ڕازینه‌بوونیان ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسیی كوشتن ده‌بوونه‌وه.
ئاژانس: هیچ كچێكی خوار ته‌مه‌نی یاسایی له لایه‌ن كه‌سانی به‌ته‌مه‌نه‌وه ماره كراوه؟
سروود محه‌مه‌د: به‌ڵی، كچێك له خوێندگایهكدا بۆی گێڕاینه‌وه كه باپیره‌ی كچێكی ته‌مه‌ن خوار 17 ساڵی ماره كردووه، كه‌سێكی دیكه‌ش له‌نێو بازاڕدا چیرۆكی خزمێكی خۆی بۆ گێڕاینه‌وه كه هاووڵاتییه‌كی كورده و ته‌مه‌نی نزیك 60 ساڵه و پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیریی له‌گه‌ڵ كچێكی ته‌مه‌ن 13 ساڵدا كردووه له به‌رامبه‌ر 60 هه‌زار دۆلاری داوە به بنه‌ماڵه‌ی كچه‌كه.
ئاژانس: هاتنی ئاواره‌ی عه‌ره‌ب له شاره‌كانی دیكه‌ی عێراقه‌وه بۆ كه‌ركوك هیچ كاریگه‌رییه‌كی كردووه‌ته سه‌ر ئه‌و دیارده‌یه؟
سروود محه‌مه‌د: هاتنی به‌لێشاوی ئاواره‌ی عه‌ره‌ب كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی كه‌ركوكی درووست كردووه، بینیومانه خه‌ڵكانێك ته‌نها له به‌رامبه‌ر 50 هه‌زار دینار له‌گه‌ڵ كچی له‌و ئاوارانه‌دا پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیریی پێك هێناوه، ته‌نانه‌ت به‌شێكیان كچی عه‌ره‌بیان ماره كردووه و دوو وشه‌ی عه‌ره‌بییش نازانن، منداڵه‌كانیان ناسنامه‌ی بۆ ده‌رناچێت یاخود به ناوی ژنی یه‌كه‌مه‌وه ناونووسیان كردووه، چونكه له‌وه دڵنیان دواجار ئه‌و ژنه عه‌ره‌بانه وازیان لێ ده‌هێنن.
ئه‌و خێزانه ئاوارانه‌ش ته‌نها له پێناو نهڕۆشتنهوهیان بۆ ئه‌و شارانه‌ی لێی هه‌ڵاتوون، كچ ده‌ده‌نه پیاوی كورد كه ئه‌م دیارده‌یه زۆر مه‌ترسیداره.