به وهفدهكهى هه‌رێممان وت به‌بێ هه‌موارى ده‌ستوور ناتوانن ڕیفراندۆم بكه‌ن
سازدانى: حه‌سه‌ن شه‌نون
سه‌ڵاح عه‌بدولڕه‌زاق ئه‌ندامى ده‌سته‌ى سه‌ركردایه‌تیى حزبى ده‌عوه‌ى عێراق كه نوورى مالیكى سه‌رۆكایه‌تیى ده‌كات ئاشكرای ده‌كات كه هۆشدارییان داوه‌تە وهفدى كوردى بۆ به‌غدا به‌وه‌ى ئه‌گه‌ر ڕیفراندۆم ئه‌نجام بده‌ن ڕووبه‌ڕووى گۆشه‌گیریى هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تى ده‌بنه‌وه و پێشنیاریشیان كردووه كه بۆ ئه‌نجامدانى ئه‌و پڕۆسه‌یه ده‌ستوورى عێراق هه‌موار بكه‌نه‌وه، به‌و پێیه‌ى به وته‌ى ناوبراو ڕیفراندۆم دژ به ده‌ستوورى ئێستاى عێراقه.
هه‌فته‌ى ڕابردوو وهفدى كۆمیته‌ى باڵاى ڕیفراندۆمى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى به‌غدایان كرد و یه‌كێك له‌و لایه‌نانه‌ى كه لەگهڵیان كۆ بوونه‌وه ئیئتلافی ده‌وڵه‌تى قانوون بوو، كه سه‌ڵاح عه‌بدولڕه‌زاق یه‌كێك بوو له ئاماده‌بووانى كۆبوونه‌وه‌كه.
سه‌ڵاح عه‌بدولڕه‌زاق له چاوپێكه‌وتنێكى ״ئاژانس״دا جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه ئه‌ندامانى وه‌فده‌كه هیچ جۆره گله‌ییه‌كیان له مالیكى نه‌كردووه و پێشیان ڕاگه‌یاندوون كه ئه‌وان له دژى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم و پارچهپاچهكردنى عێراقن و ده‌شڵێت: ״به وه‌فده كوردییه‌كه‌مان وت ئه‌گه‌ر كار له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ن كه سیاسه‌تى ئه‌مرى واقیع بسه‌پێنن له ناوچه جێناکۆکەکاندا ئه‌گه‌ر زۆره حكوومه‌تى ناوه‌ندى ناچار بێت په‌نا بۆ ڕێگه‌چاره‌ى سه‌ربازیى ببات بۆ ڕێگرتن له پێشێلكردنى ده‌ستوور و لادانى یاسایی له‌و ناوچانه‌دا״.
ئاژانس: سه‌ره‌تا له كۆبوونه‌وه‌ى نێوان نوورى مالیكى سه‌رۆكى حزبی ده‌عوه و لیستى ده‌وڵه‌تى یاساوه ده‌ست پێ ده‌كه‌ین، له‌گه‌ڵ وهفدى كوردى تایبه‌ت به پرسی ڕیفراندۆم كه سه‌ردانى به‌غدایان كرد ده‌وترێت نوورى مالیكى داواى كردووه له‌گه‌ڵیان كۆ ببێته‌وه نه‌ك ئه‌وان داواى دیدارى بكه‌ن ئه‌وه، وایه؟
سه‌ڵاح عه‌بدولڕه‌زاق: ئه‌و وه‌فده كوردییه‌ى هاتبووه به‌غدا زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجام دا، كه به فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆکكۆمار ده‌ستى پێ كرد تا گه‌یشته حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆكوه‌زیران و به‌شێك له سه‌ركرده‌ى لایه‌نه سیاسییه‌كان، ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ى له‌گه‌ڵ نوورى مالیكى سه‌رۆكى لیستى ده‌وڵه‌تى قانوونیش كردیان به‌شێك بوو له‌و زنجیره دیدار و كۆبوونه‌وانه‌ى كه له‌نێو خشته‌ى كاره‌كانیاندا ئه‌نجامیان دا و مالیكى داواى نه‌كردبوو چاوى به‌و وه‌فده كوردییه بكه‌وێت، به‌ڵكو ئه‌وان داواى دیدارى مالیكییان كرد.
ئاژانس: له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا تاووتوێى پرسی بڕینى به‌شه‌بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان كرا، كه له سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتى نووری مالیكی‌دا وه‌ك سه‌رۆكوه‌زیران بڕدرا؟
سه‌ڵاح عه‌بدولڕه‌زاق: نه‌خێر به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا باس له پرسی بڕینى بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان نه‌كرا، به‌ڵكو گفتوگۆكان تایبه‌ت بوون به پرسی ڕیفراندۆم و ئه‌و لادان و پێشێلكارییه ده‌ستوورى و یاساییانه‌ى كه به هۆى پرسی ڕیفراندۆمه‌وه ئه‌گه‌ر هه‌یه درووست بێت.
ئاژانس: له ماوه‌ى چه‌ند ساڵى ڕابردوودا میدیاى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان نوورى مالیكى به دیكتاتۆر ناو ده‌برد و ڕه‌خنه‌ى توندى لێ ده‌گرت، ئه‌و دیداره‌ى وه‌فده كوردییه‌كه له‌گه‌ڵیدا ماناى چییه له پاش ئه‌و هه‌موو تۆمه‌تباركردنه؟
سه‌ڵاح عه‌بدولڕه‌زاق: ئه‌وه‌ى كه هه‌یه شه‌ڕى ڕاگه‌یاندنه و بوونى شتێكى سرووشتییه و زۆر تۆمه‌تیش ئاڕاسته‌ى به‌ڕێز نووری مالیكى كرا و ئێمه‌ش له ڕێگه‌ى لێدوانى ڕۆژنامه‌وانی و به‌یاننامه‌وه وه‌ڵاممان داونه‌ته‌وه، هه‌میشه میدیاى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان هه‌وڵ ده‌دات ڕاى گشتى و شه‌قامى كوردى به چه‌ند پرسێكه‌وه سه‌رقاڵ بكات كه ڕاسته‌قینه نین.
ئاژانس: كه وا بێت مه‌به‌ستت چییه، كام پرسه هه‌یه ڕاسته‌قینه بێت و میدیاى پارتى لێى بێده‌نگ بووبێت؟
سه‌ڵاح عه‌بدولڕه‌زاق: وه‌ك ڕێكکه‌وتنى نه‌وتیى نێوان حكوومه‌تى ناوه‌ندی و هه‌رێمى كوردستان كه پێشێلیان كرد، به فرۆشتنى سه‌ربه‌خۆیانه‌ى نه‌وتى هه‌رێم له ده‌ستوور لایاندا.
ئاژانس: هه‌ڵوێستى نوورى مالیكى له‌و كاته‌وه كه له ده‌سه‌ڵاتى سه‌رۆكوه‌زیراندا بووه تا ئێستاش دژ به جیابوونه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان بووه له عێراق، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا وهفدى ڕیفراندۆمى هه‌رێمى كوردستان گله‌ییان له نوورى مالیكى كرد سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستى له‌سه‌ر ڕیفراندۆم؟
سه‌ڵاح عه‌بدولڕه‌زاق: نه‌خێر ئه‌ندامانى وه‌فده‌كه گله‌ییان نه‌كرد و ئاڵۆزییش له نێوان هه‌ردوولا ڕووی نەدا، چونكه هه‌موو لایه‌ك له هه‌ستیاریى ئه‌و دۆخه تێده‌گه‌ن كه ئێستا عێراقى پێدا تێپه‌ڕ ده‌بێت و كاتى گله‌ییكردن نییه.
ئاژانس: ڕاى شه‌خسیی نوورى مالیكى له‌سه‌ر پرسی ڕیفراندۆم چۆن بوو له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا و چی به وهفدى كوردى وت؟
سه‌ڵاح عه‌بدولڕه‌زاق: هه‌ڵوێستى به‌ڕێز نوورى مالیكى و ئیئتلافی ده‌وڵه‌تى قانوون ڕوون بوو له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا و به وه‌فده كوردییه‌كه‌مان وت كه له دژى هه‌ر هه‌وڵێكین بۆ دابه‌شكردنى عێراق و ئاڕاسته‌كردنى وڵات به‌ره‌و قۆناغێكى ئاڵۆز.
ئاژانس: بۆ پێتان وایه دهرهنجامهكى ئاوها ده‌بێت؟ ئه‌و ڕهشبینییهتان له كوێوه هێناوه به‌رامبه‌ر به پرسی ڕیفراندۆم؟
سه‌ڵاح عه‌بدولڕه‌زاق: ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمى كوردستان ناده‌ستوورییه و دژ به ده‌ستوورى عێراقه.
ئاژانس: به‌ڵام ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم مافى هه‌ر گه‌لێكه و تاكه‌ى ده‌ستوور ڕێگر ده‌بێت له به‌رده‌میدا؟
سه‌ڵاح عه‌بدولڕه‌زاق: ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمى كوردستان پێویستى به هه‌موارى ده‌ستوورى عێراقه و وه‌ك پێشنیار به ئه‌ندامانى وه‌فده كوردییه‌كه‌مان وت ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێت ڕیفراندۆم ئه‌نجام بده‌ن وه‌رن با ده‌ستوور هه‌موار بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو لایه‌ك مافى خۆى وه‌ربگرێت و ئێوه‌ش به‌و ڕێگه‌یه‌دا بڕۆن كه هه‌ڵتانبژاردووه.
ئاژانس: وه‌فده كوردییه‌كه بڕوایان به‌و پێشنیاره‌ى ئێوه هه‌بوو كه بۆ ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم ده‌ستوور هه‌موار بكه‌ن؟
سه‌ڵاح عه‌بدولڕه‌زاق: ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیى به بڕواپێهێنان و قه‌ناعه‌تى ئه‌وانه‌وه هه‌بێت پرسێكه تایبه‌ت به وه‌فده كوردییه‌كه.
ئاژانس: كه وا بێت تێبینیى ئێوه له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم هه‌ر هه‌موارى ده‌ستوور بووه؟
سه‌ڵاح عه‌بدولڕه‌زاق : نه‌خێر ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر ئێمه بوو وه‌ك وهفدى ئیئتلافى ده‌وڵه‌تى یاسا و حزبی ده‌عوه له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا ئاگادارمان كردنه‌وه له مه‌ترسیی بارودۆخه‌كه و ئه‌وه‌ى ڕووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه له بارى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆمدا.
ئاژانس: مه‌ترسیی وه‌ك چى، ئێوه چاوه‌ڕێى چى مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر ڕیفراندۆم ئه‌نجام بدات؟
سه‌ڵاح عه‌بدولڕه‌زاق: وه‌ك گۆشه‌گیری و بایكۆتكردنى هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تى، ئه‌وه جگه له ده‌رهاویشته سیاسییه‌كانى تر‌ى.
ئاژانس: ده‌وترێت ئێوه له‌و كۆبوونه‌وه‌یەدا هۆشداریتان داوه‌ته وهفدهكهى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر چاره‌نووسى ناوچه جێناكۆكان، ئه‌گه‌ر ڕیفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیی له‌و ناوچانه‌ش ئه‌نجام بده‌ن ئه‌وه وایه؟
سه‌ڵاح عهبدولڕهزاقهى: به وه‌فده كوردییه‌كه‌مان وت ئه‌گه‌ر كار له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ن كه سیاسه‌تى ئه‌مرى واقیع بسه‌پێنن له ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كاندا، ئه‌گه‌ر زۆره حكوومه‌تى ناوه‌ندى ناچار بێت په‌نا بۆ ڕێگه‌چاره‌ى سه‌ربازى ببات بۆ ڕێگرتن له پێشێلكردنى ده‌ستوور و لادانانى یاسایی له‌و ناچانه‌دا.
ئاژانس: ئه‌وه‌نده‌ى ئێوه بزانن بۆچى وهفدهكهى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ عه‌لی سیستانی گه‌وره مه‌رجه‌عی ئایینیى شیعه‌كان و به‌شێك له مهرجهعییهتهكانى تر كۆ نه‌بوونه‌وه له‌سه‌ر هه‌مان پرس؟
سه‌ڵاح عه‌بدولڕه‌زاق: به پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى پێمان گه‌یشتووه مه‌رجه‌عییه‌ت ئاماده نه‌بووه پێشوازى له‌و وه‌فده بكات ئه‌گه‌ر سه‌ردانى نه‌جه‌ف بكه‌ن به مه‌به‌ستى تاووتوێكردنى ڕیفراندۆم، به‌و پێیه‌ى ئه‌وان پێیان وا بووه ئه‌وه پرسێكه په‌یوه‌سته به چاره‌نووسی وڵاتێكه‌وه و مه‌رجه‌عییه‌ت ده‌ستى تێ ناخات و پێویسته حكوومه‌ت ئه‌و پرسه یه‌كلایی بكاته‌وه.