داگیركردنی ناوچه‌كانیان له لایەن داعشه‌وه ناكۆكییهكانیانی قووڵتر كردووەته‌وه
ئاژانس – عیماد جه‌باری
كۆنتڕۆڵكردنى ناوچه زۆرینه عه‌ره‌به سوننه‌كانى باشوور و ڕۆژئاوای كه‌ركوك له لایه‌ن داعشه‌وه درزێكى تر‌ى خسته نێو ئه‌و پێكهاته‌یه‌ى شاره‌كه‌وه كه ئێستا به‌سه‌ر چه‌ندین ئاڕاسته‌ى جیاوازدا دابه‌ش بوون.
چاره‌نووسی قه‌زاى حه‌ویجه و ده‌وروبه‌ری كه ئێستا به ده‌ست داعشه‌وه‌یه زۆر هاوكێشه‌ى سیاسی له نێوان عه‌ره‌به سوننه‌كاندا یه‌كلایی ده‌كاته‌وه.
كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كانى عه‌ره‌بى سوننه له ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك مانه‌وه‌ی حه‌ویجه به داگیركراوی به خاڵی هه‌ره سه‌ره‌كیی لاوازبوونی خۆیان ده‌زانن، به‌و پێیەی قورسایی پێكهاته‌كه له‌و ناوچه‌یه‌دایه نه‌وه‌ك سه‌نته‌ری كه‌ركوك.
قه‌زای حه‌ویجه له ڕووی ئیدارییه‌وه سه‌ر به پارێزگای كه‌ركوكه‌و له چوار ناحیه پێك دێت (ڕیاز، عه‌باسی، زاب و ڕه‌شاد)، به پێی ئاماره ناڕه‌سمییه‌كان ژماره‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی به نزیكه‌ی 300 هه‌زار كه‌سه كه سه‌رجه‌میان عه‌ره‌بی سوننه‌ن، كه ده‌کاته نزیكه‌ى چاره‌كێكی ژماره‌ی دانیشتووانی كه‌ركوك، به‌راورد به سه‌نته‌ری كه‌ركوكیش ژماره‌یه‌كی كه‌م عه‌ره‌ب نیشته‌جێن و زۆربه‌شیان عه‌ره‌بی شیعه‌مه‌زهه‌بن و له سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عسدا له پارێزگاكانی باشووری عێراقه‌وه بۆ شاره‌كه هاورده كراون.
ئیسماعیل حه‌دیدی جێگری ئه‌نجوومه‌نی عه‌ره‌بی له كه‌ركوك به״ئاژانس״ی وت: ״داعش به داگیركردنی ناوچه سوننه‌نشینه‌كان و كوشتن و ئاواره‌كردن و په‌رته‌وازه‌كردنیان دۆخی عه‌ره‌بی سوننه‌ی له كه‌ركوكدا قورس كرد، عه‌ره‌بی سوننه هیچ جوگرافیایه‌كی له ناوچه‌كه‌دا نه‌ماوه״.
ئیسماعیل حه‌دیدی وتیشی: ״له دوای ئه‌و قه‌یران و كێشانه‌ی پیایدا تێپه‌ڕین، ده‌مانه‌وێت له‌ژێر ناوی ئه‌نجوومه‌نی عه‌ره‌بیدا یه‌ك بگرین و ڕووبه‌ڕووی دۆخی دوای داعش ببینه‌وه״.
هه‌ر یه‌كه له حزب و لایه‌نه‌كانی به‌ره‌ى حیوار، لیستى عه‌ره‌بییه، حه‌ق، گرووپى خه‌نجه‌ر، ئیسلامییه‌كانی سه‌ر به سه‌لیم جبووری سه‌رۆكى په‌رله‌مان و كه‌سایه‌تی و سه‌رۆك هۆزه‌كان له‌ژێر ناوی ئه‌نجوومه‌نی عه‌ره‌بی له كه‌ركوك یه‌كیان گرتووه و درووشمیان ״پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی و كۆده‌نگی و یهكوتاریی عه‌ره‌بی سوننه‌یه״.
به‌ڵام ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه هێنده تۆكمه نییه وه‌ك ئه‌وه‌ى له درووشمهكاندا هاتووه و ناكۆكیى زۆر له نێوانیاندا هه‌یه، ئه‌وه جگه له‌وه‌ى به‌شێك له عه‌ره‌بە سوننه‌كان هیچكام له به‌شدارانى ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه به نوێنه‌رى خۆیان نازانن.
حه‌دیدی ده‌ڵێت: ״ناتوانن بڵێن نوێنه‌رایه‌تیی ته‌واوی عه‌ره‌بی سوننه‌ی شاره‌كه ده‌كه‌ین چونكه به‌شێك له عه‌ره‌به‌كان به هۆی هه‌ستیاریی دۆخه‌كه‌وه ته‌نیا ته‌ماشاكه‌رن و له چاوه‌ڕوانیی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌دان״.
په‌رته‌وازه‌بوونی عه‌ره‌بی سوننه‌ی كه‌ركوك له سه‌روبه‌ندی مانگرتنه‌كانی ساڵی 2014ی حه‌ویجه به زه‌قی ده‌ركه‌وت كاتێك به‌شێكیان پشتگیریی خۆیان بۆ مانگرتووان ڕانه‌گه‌یاند و به‌شێکى تریشیان پشتیان تێ كردن و به دۆستی شیعه له قه‌ڵه‌م دران.
ئه‌نجوومه‌نی سیاسیی عه‌ره‌بی كه تاوه‌كو سه‌رهه‌ڵدانی داعش به‌هێزترین ده‌نگی عه‌ره‌بی سوننه بوون له كه‌ركوك، به‌ڵام له دوای داگیركردنی ناوچه‌كانی باشوور و ڕۆژئاوای شاره‌كه ئه‌نجوومه‌نه‌كه هه‌ڵوه‌شایه‌وه و عه‌بدولڕه‌حمان مونشد عاسی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ش به‌ره‌و ئه‌نقه‌ره هه‌ڵات.
له ئێستاشدا وێڕای په‌رته‌وازه‌بوونیان، هیچ جموجۆڵێكی سیاسییشیان نابینرێت.
جێگری سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نی عه‌ره‌بی له كه‌ركوك ناكۆكییه‌كانیان ناشارێته‌وه و ده‌ڵێت: ״عه‌ره‌به سوننه‌كان به‌سه‌ر به‌ره‌ی كورد و توركیا و شیعه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا دابه‌ش بوون״.
به‌شێك له عه‌رەبه سوننه‌كانى كه‌ركوك ڕهشبینترن له هاونهتهوهكانیان و پێیان وایه كێشه‌كانیان ئه‌وه‌نده گه‌وره‌یه ڕزگاركردنه‌وه‌ى حه‌ویجه‌ش ئه‌و په‌رته‌وازه‌ییه چاره‌سه‌ر ناكات.
ئه‌حمه‌د حه‌مید عوبێدی هه‌ماهه‌نگكاری لیقای عه‌ره‌بی له كه‌ركوك (له هه‌شت لایه‌نى عه‌ره‌بی سوننه پێك دێت) به״ئاژانس״ی ڕاگه‌یاند: ״ئه‌و سه‌رۆك هۆز و كه‌سایه‌تییه عه‌شایه‌رانه‌ی عه‌ره‌بی سوننه‌ی كه‌ركوكیان به‌م دۆخه گه‌یاند، ئه‌مڕۆ جارێكی تر به هێزی چه‌كدارییه‌وه گه‌ڕاونه‌ته‌وه ناوچه‌كه و ده‌یانه‌وێت ببنه‌وه به كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی له دوای ئازادكردنه‌وه‌ی حه‌ویجه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی دیكه قوڕه‌كه خه‌ستتر ده‌كاته‌وه״.
عوبێدی به‌بێ ناوهێنانی هیچ كه‌سێك هێرشی كرده سه‌ر سه‌رجه‌م سه‌رۆك هۆزه‌كانی باشوور و ڕۆژئاوای پارێزگاكه، وتی: ״ئه‌وان سوار پشتی شه‌پۆله‌كه بووبوون، كه‌چی نه‌یانتوانی بۆ چركه‌یه‌كیش به‌رگری له ناوچه‌كانیان بكه‌ن و بۆ داعشیان به‌جێ هێشت״.
وتیشی: ״ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی حه‌ویجه بیانه‌وێت ناوچه‌كه‌یان به‌ره‌و باشتر بڕوات ئه‌وه دەبێت بیر له دامه‌زراندنی حزبی نوێی عه‌لمانی و لیبراڵی ده‌كه‌نه‌وه و چاكسازییش به حزبی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی ناكرێت.״
له ئێستادا پێكهاته‌ی عه‌ره‌بی سوننه 6 كورسیی له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك و 2 په‌رله‌مانتاریشی له به‌غدایه، به‌ڵام به وته‌ی عوبێدی په‌رله‌مانتاره‌كان ئاگایان له خه‌ڵكی پارێزگاكه‌یان نه‌ماوه.
شه‌ماڵ ده‌لۆیی شاره‌زا له كاروباری عه‌ره‌بی سوننه به״ئاژانس״ی ڕاگه‌یاند: ״عه‌ره‌بی سوننه هیچ ڕۆڵ و كاریگه‌رییه‌كی له كه‌ركوك نه‌ماوه و په‌رته‌وازه بوون، ئه‌وه‌ش بۆ داگیركردنی ناوچه‌كانیان ده‌گه‌ڕێته‌وه له لایه‌ن داعشه‌وه״.
وتیشی: ״له دوای ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی حه‌ویجه له لایه‌ن داعشه‌وه سه‌ركرده‌كانی سوننه دابه‌ش بوون به‌سه‌ر سلێمانی و هه‌ولێر و ئوردون و توركیادا و هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك له نێوان ئه‌م سه‌ركردانه و پێگه جهماوهرییەكهیان نه‌ماوه״.
به بڕوای ئه‌و چاودێره، له دوای ئازادكردنی حه‌ویجه و نه‌مانی داعشەوە قسه‌كردن له‌سه‌ر ڕۆڵی عه‌ره‌بی سوننه له كه‌ركوكدا ڕونتر ده‌بێت، به‌و پێیەی سه‌ركرده‌ی نوێ و ده‌نگی جیاواز كه پێشووتر نه‌ناسراوه ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌شڵێت: ״كه‌ركوك له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی پێشمه‌رگه‌دایه و خهندهقهكانیش باشترین نموونه‌یه كه باشوور و ڕۆژئاوای پارێزگاكه‌ی ده‌ستنیشان كردووه و دیفاكتۆیه‌كی درووست كردووه و بووه‌ته سه‌رچاوه‌ی به‌هێزی كورد و ده‌بێت هیچ مساوهمهیهكی له‌سه‌ر نه‌كرێت، ئه‌وكاتیش عه‌ره‌بی سوننه ناچار ده‌بێت به شێوازێكى نوێوه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كورددا بكات״.