״بە ناوی بارزانییەوە داوای هاوکارییان لێ کردین״
ئاژانس، هێمن حەسەن
سوپای توركیا بە قووڵایی 40 كیلۆمەتر هاتووەتە ناو هەرێمی كوردستان و چهند ڕۆژی ڕابردووش گهیشتنه گوندی بهرمیزه، به وتهی دانیشتوانی ئهو گونده بهرپرسانی هێزهکهی تورکیا بهناوی بارزانییهوه قسهیان کردووه و ئهوهیان ڕاگهیاندووه بۆ لێدان له پهکهکه هاتوونهته ناوچهکه.
هەرچەندە هێزێكی سوپای توركیا لە ساڵی نەوەدەكانی ڕابردووەوە لە ناوچەی ئامێدی لە هەرێمی كوردستاندا بوونیان هەیە، بەڵام لە ماوەی مانگی شووباتی ئەمساڵەوە توركیا دەستی كردووە بە هێنانی سەربازی وڵاتەكەی بۆ هەرێم ئەویش بە پاساوی هێرشكردنە سەر پەكەكە، تا ئێستا 20 بنكەو بارەگای سەرەكی و لاوەكی لە ناوچە شاخاوییەكانی برادۆست و بادینان درووست كردووە.
سەرەتای ئەم مانگەش تۆمارێكی ڤیدیۆیی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كرایەوە كە تیایدا سوپای توركیا چوونەتە ناو گوندی بەرمیزەی سەر بە ناوچەی سیدەكان و بۆ ماوەی نۆ سەعات لەوێ ماونەتەوە و ئێوارەخوانێكیشیان بۆ خەڵكی گوندەکە ڕێك خستووە، دواتر كۆبوونەوەیان بە خەڵكی گوندی بەرمیزە كردووە و ڕایانگەیاندوە ئەوان هاتوون بۆ لێدانی پەكەكە.
قادر سەلیم، ناوی خوازراوی هاووڵاتییەكی گوندی بەرمیزەیە و لە كۆبوونەوەی خەڵكی گوندەكەو سەربازانی سوپای توركیا ئامادە بووە و بە ״ئاژانس״ی وت: ״دوانیوڕۆ بوو هێزێكی سەربازیی توركیا هاتە ناو گوند و ئێمەش زۆر ترسایین، بەڵام دواتر موختاری گوند هات گوتی مەترسن ئەوە سوپای توركایە و هاتووە سەردانمان بكات و ئێوارە دەعوەتیشمان دەكەن״.
وەك ئەو هاوڵاتییە باسی دەكات یەكێك لە ئەفسەرەكان وتوییەتی ئێوە مەترسن ئەوان بە ئاگاداریی مەسعود بارزانی هاتوون و بە ناوی ئەویشەوە داوای هاوكاریی لە خەڵكی گوندەكە كردووە كە هەر هێزێكی پەكەكەتان بینی ئاگاداریان بكەنەوە و حەوت ژمارەی تەلەفۆنیان بەسەر هاووڵاتییانی گوندەكە دابەش كردووە بۆ ئەوەی كە پەكەكەیان بینی ئاگاداریان بكەنەوە و دواتر خەڵاتی تایبەتی دەكرێن.
لەگەڵ ئەو هێزە سەربازییەی توركیادا كادیرێكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەردەكەوێت و لە كاتی چوونی ئەو هێزە بۆ ناوچەكە ڕێنمایی داوەتە هێزە سەربازییەكە و لە كۆبوونەوەی ئەفسەرە توركەكان لەگەڵ خەڵكی گوندەكەش ئامادە بووە، بەڵام نازانرێت ئەو كادیرە لە چی ئاستێكی پلەی حزبیدایە لەناو پارتی.
بەپێی زانیارییەكانی ״ئاژانس״ كە لە سەرچاوەیەكی بەرپرسەوە دەستی كەوتووە، توركیا لە مانگی ئایاری ڕابردوودا زیاتر لە پێنج هەزار سەرباز و ئەندامی میتی ڕەوانەی ئەو 20 بنكە و بارەگایە كردووە كە لە هەرێمی كوردستاندا درووستی كردوون و لە ناوچەیەكی فراوانی بادینان و برادۆستدا بڵاوبوونەتەوە كە نزیكەی 200 گوند لە خۆی دەگرێت.
ئەو سەرچاوەیە ئاشكرای كرد هاتنی ئەو هێزە لە ڕێگەی ئیبراهیم خەلیلەوە بووە و سەرەتا چوونەتە بنكەی سەرەكیی سوپای توركیا لە بامەڕنی و دواتر بە ناوچەكانی دیكەی سنوورەكەدا بڵاوەیان پێ كراوە.
بەپێی وتەی بەرپرسانی توركیا چوونی سوپای توركیا بۆ هەرێمی كوردستان بۆ هێرشكردنە سەر قەندیل و لێدانی بنكە و بارەگاكانی پەكەكەیە لە هەرێمی كوردستاندا،ب ەڵام بەرپرسانی پەكەكە فراوانتر سەیری دۆخەكە دەكەن و دەڵێن هاتنی ئەو هێزە بۆ داگیركردنی هەرێمی كوردستانە و پەكەكە كراوەتە بیانوویەك بۆ ئەو داگیركارییە.
سەرحەت ڤارتۆ، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كەجەكە بە ״ئاژانس״ی وت: ״هاتنی سوپای توركیا بۆ داگیركردنی باشووری كوردستان و لەناوبردنی دەستكەوتەكانی گەلی باشوورە، ئەوەش بە هاوكاریی هەندێك هێزی نێودەودەوڵەتی و هەرێمی و هەندێ لایەنی باشوور.״
وتەبێژەكەی كەجەكە ئاماژەی بەوەش كرد، حكومەتی هەرێم بێهەڵوێستە، چونكە پارتی سیاسەتی حكومەتی هەرێم بەڕێوە دەبات و لایەنەكانی دیكەش بێدەنگن، بۆیە داوا لە لایەنەكانی هەرێم دەكات كە هەڵوێستیان هەبێت.
بە پێی زانیارییەکانی ״ئاژانس״، هێزە سەربازییەكانی توركیا كە هاتوونەتە خاكی هەرێمەوە لە لایەن دامەزراوە هەواڵگری و سەربازییەكانی لایەنێكی دیاریكراوی هەرێمەوە هەموو هاوكارییەك دەكرێن، ئەوەش بەپێی ڕێككەوتنێكی پێشوەختەی توركیا و لایەنێكی هەرێم بووە كە لە مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی ڕابردوو ئەنجام دراوە و تیایدا لەسەر ئەوە ڕێكکەوتوون ناوچەیەكی ئارام لە سنوورەكانی هەرێم و توركیا درووست بكەن.
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی فەرمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات لەشكركێشیی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێم تەدەخولی وڵاتی بێگانەیە، هاوكات برینداركردنی سەروەریی خاكی كوردستان و عێراقە و ئەوان بە توندی مەحكومی دەكەن.
سەعدی ئەحمەد پیرە بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״ئەو ناوچانەی كاتی خۆی ئەوان بە زەحمەتێكی زۆر ئازادیان كردەوە لەژێر پۆستاڵی ئەو جەیشەی توركیا دەفەوتێت، توركیا نزیكەی 30 ساڵە بە خەیاڵی عەسكەری هەوڵ بۆ چارەسەری كێشەكانی لەگەڵ پەكەكە دەدات.״
لەئێستادا هێزەكانی سوپای توركیا لە ناوچەكانی دەشتی حەیات و گردی سرۆ و گردەكانی ماڤان و بەرزاییەكانی بەرمیزە و گەلی ڕەش، ڕووباری حاجی بەگ، شاخی سیرۆ و بەرمیزە و چنارۆك و ئیشمەی نوێ و ئیشمەی كۆن و گەڤەند بڵاو بوونەتەوە.
كرمانج عیزەت، قایمقامی سۆران بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״هاتنی سوپای توركیا جگە لە قسەوقسەڵۆكی خەڵك زیاتر نییە، ئەو شوێنە گردۆڵكەیەكە لە دەروازەی خواكوورك كە دوو كلیۆمەتر لە سنووری توركیاوە دوورە و هیچ مایەی مەترسی نییە، 27 ساڵە بە دەست چەكدارانی پەكەكەوە بووە، ئەوانیش ماوەی پێنج مانگە پاشەكشەیان كردووە و سوپای توركیا شوێنی پەكەكەی گرتووهتەوە.״
وتیشی: ״لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا هاتوون لە گوندێكدا ئێوارە خوانێكیان كردووە و هەمان ئێوارە گەڕاونەتەوە بۆ شوێن و بارەگای خۆیان، بۆیە لام سەیرە ئێستا ئەم مەوزوعە گەورە كراوە.״