پارتی هەتا دوێنێ داوای ئۆتۆنۆمیی دەكرد و بە هەزار حاڵ قەناعەتمان پێ كردن بە فیدراڵی
سازدانی: ئارا ئیبراهیم
سیروان کوێخا نهجم، ئهندامی سهرکردایهتی یهکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، ئاماژه بهوه دهدات ئهو سزایهی له مهکتهبی سیاسییهوه به سهریاندا دراوه ناههقییه و دهڵێت، ״سزاکه تاکهکهسییه و ئێمه پێی ڕازی نابین.״
سیروان کوێخا نهجم، له چاوپێکهوتنی ״ئاژانس״دا ئاماژه بهوه دهدات، پرسی ڕیفراندۆم ئهجێندایهکی دهرهکییه و ڕایدهگهیهنێت: ״بۆ یهکێتیی عهیبه له پرسی ڕیفراندۆمدا دوای پارتی بکهوێت، چونکه پارتی داوای ئۆتۆنۆمی دهکرد و یهکێتیی به ههزار حاڵ قهناعهتی پێ کرد به فیدڕاڵی.״
ئاژانس: سهرهتا با لهو پرسیارهوه دهست پێ بکهین، لەسەر سزادانەكەی مەكتەبی سیاسی چ قسەیهكتان هەیە؟
سیروان كوێخا نەجم: كۆبوونەوەكەی مەكتەبی سیاسی كۆبوونەوەی حیزبی نەبووە و شەخسی بووە، بڕیارەكانیش هەمووی پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیین، پەیڕەوی ناوخۆ سەڵاحیاتی داوەتە ئەنجومەنی ناوەندیی یەكێتیی و ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی لێپرسینەوە بكات، نەك چەند كەسێكی دیاریکراو لەناو مەكتەبی سیاسی. هەموو ئەوەی دەگوزەرێت ئیجتیهاداتی شەخسیی و ئەجێندای دەرەوەی یەكێتیی دەهێنن لەناو یەكێتیی جێبەجێی دەكەن، لەبەر ئەوە كەس بەم بڕیارە ڕازی نییە، نە بەشە زۆرەكەی مەكتەبی سیاسی نە ئەنجومەنی سەركردایەتی و ئەنجومەنی ناوەند و هیچ ئۆرگانێكی یەكێتیی، خۆشتان ئاگاداری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانن كە چەند نیگەرانی لێ كەوتووهتەوە و ناڕەزایەتی دەردەبڕدرێت لەو بڕیاری سزادانەی كە دەریان كردووە، بەداخەوە نەدەبوو ئەو بڕیارە بدەن، ئەوان بەرپرسی ئێمەن دەبوو بانگمان بكەن و گوێمان لێ بگرن، ئێمە داوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیمان كردووە بۆ ئەوەی قسە بكەین، كەچی ئەوان لای خۆیانەوە چەند كەسێك كۆدەبنەوە سزامان دەدەن.
ئاژانس: مهبهستت چییه لهوهی که دهڵێیت ئەجێندای دەرەوەی یەكێتیی جێبەجێ دهکرێت؟
سیروان كوێخا نەجم: هەموو حیزبێك دەبێت پلان و بەرنامەی هەبێت و لەسەر ئەو نەخشەیە كار بكات، ئێمە دوای هەندێ ههوڵی هەندێ برادەر كە هەر خۆیان وەك ڕمی یەكێتیی پیشان دهدەن و لەگەڵ لایەنەكان كۆدهبنەوە و پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆ و پێچەوانەی قەواعیدی یەكێتییە، ئێمە ئەوەمان ڕاگرت و داوای كۆبوونەوەی سەركردایەتیمان كرد و نەخشەڕێگایەكمان داڕشت لە پێشدا بۆ كورد باشە، دواتر بۆ خەڵك باشە و بۆ حیزبەكەی خۆشمان باشە تا بیكەینە ئەساس بۆ چارەسەری قەیرانە سیاسییەكان و ئابووری و بازاڕ و پەیوەندییەكانی ناوچەكەو دەرەوە، نەخشەڕێگاكەمان دایە مەكتەبی سیاسی وتمان فەرموو لەسەر ئەم نەخشەڕێگایە گفتوگۆ بكەن لەگەڵ حیزبەكان، پارتی یەكێكە لە حیزبە زلهێزەكان، پێویستە هەم پەیوەندیمان لە گەڵی باش بێت و ڕێكکەوتنمان هەبێت بۆ ئەوەی حكومڕانی بكەین لەم وڵاتە لەگەڵ هەموو حیزبەكانی تردا، بەڵام بەداخەوە هەڤاڵەكانی ئێمە چووبوون لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی تەنها یەك خاڵیان تێدا دەرهێنابوو ئەویش مەسەلەی ڕیفراندۆم لەسەر ئەوە قسەیان كردووە و خاڵەكانی تریان باس نەكردوە. جارێك وەك یەكێتیی عەیبە باسی ڕیفراندۆم بكەین، ناوی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان یانی یەكگرتنەوەی هەر چوار پارچەی كوردستان، تازە بە تازە بڕۆم دوای حیزبێك بكەوم كە پارتیە هەتا دوێنێ داوای ئۆتۆنۆمی دەكرد و بە هەزار حاڵ تا قەناعەتمان پێ كردن بە فیدراڵی، ئێستا بچم دوای ئەو بكەوم بۆ ڕیفراندۆم.
ئاژانس: پێت وایە دەبێت ئەو ڕیفراندۆمە ناوچەكانی كەركوك و ماددەی 140 بگرێتەوە؟
سیروان كوێخا نەجم: بەشێكی گرنگی خەڵك و خاكی هەرێمی كوردستان كە چەندین ساڵە كێشەی لەسەرە لەگەڵ حكومەتی ناوەندی كە كەركوك و خانەقین و سنجار و تەلەعفەر و مەخمورن كە هەر لە كۆنەوە خراونەتە سەر خاكی عێراق ئێستاش هەر وا ماون، باشە ئەی نابێت ئەم ناوچانە ڕیفراندۆم بکهن، بۆیە ڕیفراندۆم ئەجێندایەكی دەرەوەی هەرێمی كوردستانە، بە شەریكی هەندێ حیزبی هەرێم بە مەبەستی تایبەتی سیاسی و عەسكەری و لە ئەنجامدا ئەو قسەیەی من بۆ خەڵك دەردەكەوێت.
ئاژانس: پێت وایە دهبێت ئەوانەی لەناو یەكێتیی ئەجێندای دەرەوەی یەكێتیی جێبەجێ دەكەن سزا بدرێن؟
سیروان كوێخا نەجم: بەڵێ، ئێمە كادری سەركردایەتی ئەم حیزبەین، ئێمە داوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتییمان كردووە ئەگەر كرا لەوێدا بۆچوونەكانی خۆم بە سەربەستی ڕادەگەیەنم، لە ڕابردوشدا قسەی خۆم و بۆچوونی خۆم لە ئەنجومەنی سەركردایەتیدا باس كردووە، ئەگەر كۆبوونەوە نەكرا ئەوكاتە لە شوێنی تردا بۆچوونەكانی خۆمان باس دەكەین هەر لە ڕێگای حیزبەكەی خۆمەوە. ئێمە لە هەموو حاڵەتێكدا ئەو مێژووە پڕشنگدارەی یەكێتیی و خوێنی 19 هەزار شەهیدی پێشمەرگەی یەكێتیی و كەمئەندامبوونی هەزاران پێشمەرگەی قارەمان و ڕەنج و ماندوبوونی هەموو خەڵكی كوردستان لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانی لهبیر ناکهین و ناهێڵین خەڵكی تر بیبات و بیكاتە دەستكەوتی دارایی بۆ خۆی.