ئاژانس
موقتەدا سەدر سەرۆكی لیستی سائیرون ناوەڕۆكی ئەو خاڵانەی ئاشكرا كرد كە لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆكی لیستی نەسر لەسەری رێككەوتوون.
سەدر لەمیانی كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیی هاوبەشی لەگەڵ عەبادی لە نەجەف روونیكردەوە كە لەسەر كۆمەڵێك خاڵ و بنەما لەگەڵ لیستی نەسر رێككەوتوون و داواشی لە لایەنەكانی دیكە كرد بەشداری هاوپەیمانییەكەیان بكەن.
خاڵەكانیش بریتن لە:
1-پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی دوور لە تایفەگەری و نەتەوەیی بەجۆرێك هەموو پێكهاتەكانی عێراق لەخۆبگرێت.
2-بەردەوام بوون لەسەر بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دوورخستنەوەی گەندەڵكاران لە پێگەكانی دەوڵەت و حكومەت، هەروەها دادگاییكردنی ئەوانەی دۆسێی گەندەڵییان لەسەر ساغ دەبێتەوە.
3-پێكهێنانی حكومەتێكی تەكنۆكرات كە دووربێت لە پشكپشكێنەی بەرتەسك.
4-پشتیوانی و بەهێزكردنی سوپا و پۆلیس و هێزە ئەمنییەكان، چەكیش تەنها لەدەستی دەوڵەتدا بێت.
5-دانانی بەرنامەی چاكسازی بۆ پشتیوانیكردنی ئاببووری عێراق لەهەموو سێكتەرەكاندا.
6-پاراستنی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ هەموولایەكدا، بەجۆرێك كە بەرژەوەندی و سەروەری و سەربەخۆیی عێراق بپارێزێت و رێگریبكرێت لە دەستوەردانی دەرەكی لەكاروباری ناوخۆی عێراقدا.
7-پشتیوانیكردنی سیستمی دادوەریی عێراق و كاراكردنی رۆڵی داواكاری گشتی.
8- پاراستنی یەكپارچەیی خاك و گەلی عێراق و جەختكردنەوە لەسەر دەستاودەستكردنی ئاشتییانەی دەسەڵات.
لایخۆشیەوە حەیدەر عەبادی سەرۆكی لیستی نەسر رایگەیاند رێككەوتنەكەیان لەگەڵ لیستی سائیرون دژی هیچ رێككەوتنێكی دیكە نییە كە هەردوو لیستەكە بەجیا لەگەڵ لیستەكانی دیكەدا ئەنجامیانداوە.
لەلایەكی دیكەشەوە جەعفەر موسەوی وتەبێژی سیاسیی موقتەدا سەدر رایگەیاند دەرگایان بەڕووی هەموو ئەوانەدا كراوەیە كە بڕوایان بە چاكسازی هەیە و جەختیشیكردەوە كە بەمزووانە گەورەترین كوتلە رادەگەیەنن كە ئەركی پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكومەتی عێراقی پێدەسپێردرێت.