ئاژانس – تایبەت
سەركردەیەكی حەشدی شەعبی ئاماژە بەوە دەكات كە وەحید كوڤلی، فەرماندەی هێزەكانی دژەتیرۆر لە دهۆك، كە هەینیی ڕابردوو گیانی لە دەست دا، چەند ڕۆژێك بەر لە مردنی پێی ڕاگەیاندووە كە لە لایەن مەسعود بارزانییەوە دوور خراوەتەوە و چەكەكەشی لێ وەرگیراوهتەوە و داوای كردووە لەگەڵیاندا كار بكات.
وەحید كوڤلی، تەمەن ٤٧ ساڵ، فەرماندەی هێزەكانی دژەتیرۆری دهۆك بووە كە ساڵی ٢٠١٤ لەگەڵ دەركەوتنی چەكدارانی داعش درووست كراوە، ئەو هەینیی ڕابردوو گیانی لە دەست دا و كەسوكار و پزیشكانیش ئاشكرای دەكەن كە ئەو فەرماندەیە بە هۆی جەڵدەی مێشكەوە گیانی لە دەست داوە.
هاریمان كۆڤلی، برازای وەحید كوڤلی، بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند، مامم شەش جار بریندار بووە و لە هەموو ئەو شەڕانەشدا كە بەشداریی كردووە لە بەرەكانی پێشەوەی جەنگدا بووە.
وەحید كوڤلی، سێ برای تری هەیە، دوانی شەهید بووە و تەنیا برایەكی ماوە ئەویش پێشمەرگەیە بە پلەی عەقید لە هێزەكانی زێرەڤانی.
هاوكات عەقید ئەحمەد محەمەد، فەرماندە لە فەرماندەیی دهۆك و ئامۆزای وەحید كوڤلی، بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند، كوڤلی بە جەڵدەی مێشك گیانی لە دەست داوە و هیچ كێشەیەكیشی لەگەڵ پارتی و هیچ هێز و كەسێكی تردا نەبووە.
هەرچەندە كەسوكارەكەی ئاماژە بەوە دەكەن كە وەحید كوڤلی كێشەی لەگەڵ بەرپرسانی پارتی نەبووە، بەڵام بەرپرسێكی حەشدی شەعبی ئاماژە بە بوونی هەڕەشە دەكات لەسەری.
ئەبوو عزرائیل، فەرماندەی لیوای ئیمام عەلی لە هێزەكانی حەشدی شەعبی بە ״ئاژانس״ی وت: ״15 ڕۆژ پێش مردنی بڕیار بوو لەگەڵ هێزەكەی وەحید كوڤلیدا ئۆپراسیۆنێكی هاوبەش لە قەزای تلكێفی سەر بە موسڵ ئەنجام بدەین بۆ دەستگیركردنی جێگرەكەی ئەبووبەكر بەغدادی ئەمیری داعش.״
ئەبو عزرائیل وتیشی: ״لیوا وەحید كوڤلی لە ڕێگای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە پەیوەندیی پێوە كردم و وتی، ئەو بە هۆی جێبەجێنەكردنی داوایەكی مەسعود بارزانی بۆ شەڕكردن لەگەڵ حەشدی شەعبیدا دوور خراوەتەوە و تەنانەت چەكەكەشیان لێ سەندووەتەوە، داوای كردووە لەگەڵماندا كار بكات״.
ههروهها سەرچاوەیەكی بەرپرسی سەربازیی پێشمەرگە لە سنووری دهۆك كە نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە بە ״ئاژانس״ی وت: ״وەحید كوڤلی لەگەڵ مەسروور بارزانی، ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و بەشێك لە فەرماندە سەربازییەكانی پارتیدا ناكۆكیی هەبووە، ئەوەش بە هۆی پێشڕەوییەكانی لە شەڕی دژ بە داعشدا بێ فەرمانی سەرەوە و گوێنەدان بە ڕێنماییەكانی فەرماندە سەربازییەكانی تری ناو هێزەكانی پارتی، تەنانەت چەند جارێك لەسەر پێشڕەوییەكانی هەڕەشەی لێ كراوە״.