ناتوانین وردبینی بۆ بودجەی حزبەكان بكەین
سازدانی – شیروان محەمەد ئەمین
خالید چاوشلی سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات كە زانیاریی لەسەر گرێبەستە نەوتییەكانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان نییە و ئەوەش بە هۆی نەبوونی تێگەیشتنێكی دامەزراوەیی یارمەتیدهره لە لایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانەوە بۆ كارەكانی دەستەكانی چاودێریی دارایی بە هاوشێوەی دامودەزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستان.
خالید چاوشلی لە چاوپێكەوتنێكی «ئاژانس»دا باس لەوە دەكات كە شتێك نەماوە بە ناوی دیوانی چاودێریی دارایی هەولێر یا سلێمانی و دەشڵێت: «ناتوانین بەدواداچوون بۆ بودجەی حزبەكان بكەین».
ئاژانس: سەرەتا لەوە دەست پێ دەكەین كە هۆكار چییە بە شێوەیەكی تەواوەتی هەر دوو دیوانی چاودێریی دارایی ئیدارەی هەولێر و سلێمانی یەكی نەگرتووەتەوە؟ ئەگەر وا نییە بەڵگەی كرداری چییە لەسەر یەكگرتوویی هەردوو دیوانی چاودێری؟
خالید چاوشلی: ئیوە و خوێنەرانی بەڕێزتان دڵنیا دەكەمەوە، كە هەردوو دیوان یەكیان گرتووهتەوە و لە هەرێمی كوردستاندا شتێك نەماوە بە ناوی دیوانی چاودێریی دارایی هەولێر یا سلێمانی، بەڵكو لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان یەك دیوانمان هەیە و بارەگای سەرەكیی لە هەولێر پایتەختی هەرێمی كورستانە و ئەمەش هەر وەك گشت وەزارەت و دەستە سەربەخۆكان كە بارەگای سەرەكییان لە هەولێرە.
هەیكەلی دیوانی چاودێریی دارایی چەند فەرمانگەیەكی مەڵبەندی و جوگرافی لە خۆ دەگرێت. فەرمانگە جوگرافییەكان پێك هاتوون لە فەرمانگەی هەولێر و سلێمانی و لە داهاتووشدا بە نیازین لە دهۆك و هەڵەبجەش فەرمانگەی وردبینی بكەینەوە، جگە لە فەرمانگە جوگرافییەكان، فەرمانگەی مەڵبەندیمان هەیە كە بریتین لە فەرمانگەی وردبینی یەك و دوو كە كار و چالاكییەكانیان لە سەر ئاستی هەر سێ سەرۆكایەتییەكان (سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران) و دیوان و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی وەزارەتەكان ئەنجام دەدەن و ئەمانەش بارەگایان تەنیا لە سەرۆكایەتیی دیوانی چاودێریی هەرێم هەیە.
ئاژانس: یاساكەشی وەك خۆی جێبەجێ دەكرێت؟
خالید چاوشلی: بە پێی یاسای دیوانی چاودێریی دارایی ژمارە 2ی ساڵی 2008 هەردوو دیوانی ئیدارەی پێشووی هەولێر و سلێمانی یەكیان گرت و لە دوای دەستبەكاربوونم لە مانگی 5ی ساڵی 2014 و لەوساوە جێبەجێكردنی ئەو یاسایە بە كردەیی دەستی پێ كرد، بۆ نموونە ئەنجوومەنی چاودێریی دارایی هەرێممان كارا كرد و یەكەمین كۆبوونەوەی خۆی لەو ساڵەدا بەست و هەر لەسەر بنەمای ئەم یاسایە دەستمان كرد بە یەكخستنی كاروبار و پەیكەری ڕێكخستنی دیوان، دەركردنی پەیڕەوی ناوخۆی دیوانی چاودێریی دارایی هەروەها یەكخستنی كڵێشە و لۆگۆ و ناسنامەی فەرمانبەرانی دیوان و یەكخستنی شێوەی نووسین و پێشكەشكردنی ڕاپۆرتەكان و بەخشینی بەشێك لە دەسەڵاتی سەرۆكی دیوان بە سەرۆكی فەرمانگەكان و لەوانەش سەرۆكی فەرمانگەی وردبینیی پارێزگای سلێمانی و بۆ زانیاریی ئاستێك لە بڕیارەكان پێویستیان بە ڕەزامەندیی سەرۆكی دیوانی چاودێری هەیە، چ لە فەرمانگەی هەولێر بێت چ لە فەرمانگەی سلێمانی بێت.
ئاژانس: بەڵام چەند ساڵێكە لەسەر گەندەڵی ڕاپۆرت دەردەكەن، ئایا لەسەر نەوت هیچ كەیسێكتان كردووهتەوە؟
خالید چاوشلی: لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئێمە بە پێی بڕگەی سێیەم و هەشتەم لە ماددەی 8ی یاساكەمان چ لە ئەركی تایبەت و چ لە ئەركی ئاسایی بە پێی پلانی ساڵانەی دیوان، كارمان بۆ دوو ئامانجی سەرەكی كردووە؛ یەكەمیان پشتگیریكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ڕێگاخۆشكردن بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بەدیهێنانیان و ئەگەر ڕێنماییەكان كەموکوڕییان هەبێت پێشنیازی خۆمان دەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و یاخود كەموكوڕییەكی دارایی و یان كارگێڕی هەبێت، ئاگاداریان دەكەینەوە، ئامانجی دووەممان بە پێی بڕگەكانی تری ئەم ماددەیە ئەگەر لە كاتی وردبینیكردن، سەرپێچیی بەرچاو یاخود گومانی گەندەڵی لەو شوێنە هەبێت، ئێمە داوای ڕوونكردنەوەیان لێ دەكەین و بە پێی ئەو بەڵگانەی لەژێر دەستمانە، ڕاوبۆچوونی خۆمان لە ڕاپۆرتەكان دادەڕێژین، ئەو ڕاپۆرتانە، ڕاپۆرتی وردبینین، نەك لێكۆڵینەوەیی، بۆیە ئەگەر لە وەڵامی ڕاپۆرتەكانمان نەگەیشتنە وەڵامێكی یەكلاكەرەوە بۆ لابردنی گومانەكان، كەیسەكە دهنێردرێتە دەزگای پەیوەنددار بۆ لێكۆڵینەوە و ئەگەر بە ڕێگای لێكۆڵینەوە نەگەینە قەناعەتێكی تەواو، دۆسیەكە لە ڕێگەی داواكاری گشتییەوە دەدەین بە دادگا.
سەبارەت بە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لە ڕاستیدا ئێمە وەكو دیوانی چاودێریی دارایی، تێگەیشتنێكی تەواو لە بواری نەوت و گاز لامان درووست نەبووە، بە هۆی نەبوونی زانیاریی فەرمی تەواو بە تایبەت لە بارەی گرێبەستەكان و شێوازی جێبەجێكردنی قۆناغە سەرەكییەكانی ئەم پڕۆسەیە و ژمێرەی پەیوەندیدارەكانهوه.
ئاژانس: هۆكار چییە ئاگاداری ئهو گرێبەستانەی نەوت نین؟
خالید چاوشلی: ئەوە بە هۆی نەبوونی تێگەیشتنێكی دامەزراوەیی یارمەتیدهر لە لایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانەوە بۆ كارەكانی دەستەكانی چاودێری بە هاوشێوەی دامودەزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، بۆیە ناتوانین ڕاوبۆچوونی خۆمان لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕین.
ئاژانس: ئێوە لەسەر یاسای تایبەت بە بودجەی پارتە سیاسییەكان و چۆنێتیی خەرجكردنی وەزارەتی داراییتان ئاگادار كردەوە؟ ئەوان وەڵامیان چی بوو، دەرنەكردنی ڕێنمایی بۆ یاساكە لە لایەن وەزارەتی دارایی و بێدەنگی ئێوەش لە ئاست كەمتەرخەمیی ئەوان بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟
خالید چاوشلی: سەبارەت بە یاسای بودجەی پارتە سیاسییەكان، لە ساڵی 2014 ئەم یاسایە لە پەرلەمانی كورستان پەسەند كرا، بەڵام ڕێنمایی پێویست لەو بارەیەوە لە لایەن وەزارەتی داراییەوە دەرنەكرا و ئەگەر یاسایەك نەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە و ڕێنمایی پێویستی بۆ دەرنەكرێت ئێمە وەك دیوانی چاودێریی دارایی، ناتوانین بەدواداچوون و وردبینیی بۆ بكەین. چونكە ئێمە بە پێی یاسای دیوان، ئەو دەسەڵاتەمان پێ نەدراوە كە وردبینی بۆ بودجەی حزبەكان بكەین، بەڵام ئەگەر هات و ئەو یاسایە كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە و ڕێنمایی تایبەتی بۆ دەركرا، ئێمە ئامادەین وردبینیی بۆ بكەین. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لە كاتی خۆیدا نووسراوێكمان ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی كرد بۆ چالاككردنی ئەم یاسایە و دەركردنی ڕێنمایی پێویست، بەڵام تا ئێستا ئەم ڕێنماییە دەرنەكراوە.
ئاژانس: ئێوە تا چەند ئەو پارەیەی بە ناوی ژینگە و شۆفێران لە لایەن بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت بەدواداچوونتان كردووە؟ ئایا دەستەی ژینگە و وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی هەرێم بۆ وەرگرتنەوەی ئەم مافەی خۆیان داوای بەدواداچوونیان لە ئێوە كردووە؟
خالید چاوشلی: ئەو پارەیە بە پسوولەی ژمێركاری 37 لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت و سپاردەی ژمارە بانكییەكی داخراو بە ناوی وەزارەتی دارایی دەكرێت. بەڵام جیاوازی هەیە لە نێوان كوتلەی نەقدی حەقیقی كە كۆ دەكرێتەوە لەگەڵ ڕەسیدی ژمێریاری بۆ هەر مەبەستێك بێت وەك باج یا ڕسومات.
وەكو هەموومان ئاگادارین، ئێستا لە هەرێمی كوردستان كێشەی سیولە هەیە و چەند ساڵێكە بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووهتەوە و هەموو لایەك ئاگاداری ئەم كێشە و بارودۆخەن. گشت ئەو پارانەی چ بە ناوی ژینگە یا ڕێگاوبان و یا بە ناوی هەر سندووقێك وەردەگیرێن، وەكو ڕەسید و ژمێرەی حیسابی بە پێی یاسا ڕێكارەكان گیراونەتە بەر و هەمووی ڕوون و ئاشكرایە و دیارە چەند مووچە دراوە و چەندی پاشكەوت كراوە و چەند پارەی ژینگە كۆ كراوەتەوە، بەڵام بە هۆی نەبوونی یاسای بوودجە ئەم پارانە وەكو سیولە تێكەڵ بە یەكتری دەبن و بە پێی تێبینیی ئێمە، وەكو مووچە تەرخان كراوە و لە لایەن دەستەكانی ئێمەوە وردبینیی تەواو بۆ پڕۆسەی وەرگرتنی ڕسووماتی ژینگە و ڕێگاوبان كراوە و هیچ كێشەیەكی یاسایی و داراییان نەبووە، بەڵام لە ڕووی بەكارهێنانەوە، ئەو پارانە، وەك كوتلەی نەقدی چوونەتە بانك و لە بانكەكان بۆ مەبەستی تر بەكار هێنراون.