سازدانی: سەرچین ساڵح
دلێر ماوەتی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی لە پەرلەمانی کوردستان، ئاشکرای دەکات حکومهتی ههرێم 30ی مانگی ئهیلوولی وهک وادهی ههڵبژاردنی پهرلهمانی کوردستان دیاری کردووه و سهبارهت به ههماههنگیشیان لهگهڵ گۆڕان بۆ ههمووارکردنهوهی یاساکه و ههڵبژاردنی پهرلهمان، دەڵێت: ״هەماهەنگیمان لەگەڵ گۆڕان ئهنجامی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕوونی دەكاتەوە.״
ڕۆژی دووشەممە ٧ی ئایار، پەرلەمانی کوردستان کردنەوەی خولی گرێدانی بەهارەی ڕاگەیاند و دوای دوو مانگ پشوو دەستی بە کارەکانی کردەوە.
دلێر ماوەتی، لە چاوپێکەوتنێکی ״ئاژانس״دا ڕایدەگەیەنێت، هەموو ئەوانەی باس لە پەکخستنی یاسای چاکسازی لە خانەنشینی و دەرماڵە دەکەن ناڕاستن. سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی هەرێم و پارێزگاکانیش ڕایدەگەیەنێت، ״گفتوگۆ لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی هەرێم و پارێزگاکان دەکەین.״
ئاژانس: با لەو پرسیارەوە دەست پێ بکەین، ئێوە لە نامەیەكدا داواتان لە حكومەت كردووە كاتی هەڵبژاردنەكانی كوردستان دیاری بكات، پێتان وایە وەڵامتان بداتەوە؟
دلێر ماوەتی: بەڵێ وەڵام دراوینەتەوە و لەم ڕۆژانەدا پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی هەرێم ڕادەگەیەنرێت.
ئاژانس: ئێوە چی كاتێكتان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان پێ باش بوو، هیچ پێشنیازێكتان كردبوو لەو بارەوە؟
دلێر ماوەتی: ئێمە پێمان باشە لە مانگی ئەیلوولدا بكرێت، حكومەتیش 30ی ئهیلوولی بۆ ههڵبژاردنهکه تهرخان کرد.
ئاژانس: بڕیاری دیاریكردنی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی هەرێم لە لایەن حكومەتەوە پێویستیی بە بڕیاری پەرلەمانیشە؟
دلێر ماوەتی: نەخێر، دەسەڵاتی خۆیانە لەبەر ئەوەی پێشتر لەگەڵ كۆمیسیۆن و سەرۆكایەتیی حكومەت دانیشتووین و دەسەڵاتەكە لای ئەوانە.
ئاژانس: پێتان وایە هەڵبژاردنەكان لەوكاتەدا بكرێت كە حكومەت دیاری كردووە؟
دلێر ماوەتی: هەڵبژاردنەكانی هەرێم هەمواری یاساکەی دەوێت، ماوەی پێش هەڵبژاردن هەموواری یاسای هەڵبژاردنەكان دەكرێت.
ئاژانس: لایەنەكان پێیان باشە شێوازی هەڵبژاردنەكە چۆن بێت؟
دلێر ماوەتی: جارێ لەگەڵ لایەنەكان گفتوگۆی ئەوە نەكراوە بە چی شێوازێك بكرێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە وادەكەی دیاری كراوە.
ئاژانس: ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆچوونی لایەنەكان لەسەر ڕێگری بۆ هەڵبژاردن درووست ناكات، بەتایبەت هێزە گەورەكان؟
دلێر ماوەتی: نەخێر هیچ كاریگەرییەكی نابێت، چونكە ئیتفاقی لەسەر كراوە.
ئاژانس: گومان ناكرێت ئەوكاتە تەنها وەك بانگەشە دیاری كرابێت بۆ هەڵبژاردن و دواتر بیانوویەك بۆ ئەنجامنەدانی بدۆزرێتەوە؟
دلێر ماوەتی: بۆیە ئەو كاتە دیاری كراوە بۆ ئەوەی نەڵێن بۆ موزایەدە بووە، بۆیە دوای نەتیجەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نەڵێن فڵان حزب كەمی هێناوە یان زیادی هێناوە بۆیە دەكرێت یان ناكرێت، ئێستا كەس نازانێت چییە نەتیجەكە و هەڵبژاردنەكە كاتەكەی دیاری كراوە.
ئاژانس: دیاریكردنی ئەو وادەیە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی هەرێمیش دەگرێتەوە یان تەنها هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە؟
دلێر ماوەتی: تا ئێستا نازانم، جگە لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی هەرێم وادەی ئەنجوومەنی پارێزگاكانیش كۆتایی دێت، بۆیە لەو چەند مانگەی لەبەر دەستدا ماوە موناقەشەی ئەوانە دەكرێت.
ئاژانس: لەگەڵ گۆڕان هەماهەنگی دەكەن لەسەر پرسی هەڵبژاردنەكان؟
دلێر ماوەتی: دەبێت هەماهەنگی تەواو هەبێت بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان لەگەڵ سەرجەم لایەنەكاندا، بەلیستی كرواە یان داخرا و یان نیمچەكراوە بێت یان یەك بازنەیی یان فرەبازنەیی بێت، وەكو یەكێتییش هەماهەنگی و نزیكبوونەوەمان لەگەڵ گۆڕاندا دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕوونی دەكاتەوە.
ئاژانس: پرسی پرۆژەیاسای چاكسازی چیی بەسەر هات؟
دلێر ماوەتی: یەكسەر دوای 13ی مانگ كۆبوونەوە دەكەین و ئەو پڕۆژەیاسایە دەخەینە بەرنامەی كارەوە.
ئاژانس: بۆچی لەم دانیشتنەدا پڕۆژەیاساكە نەخرایە گفتوگۆوە لە موزایەدەی سیاسی ترسان؟
دلێر ماوەتی: نا هەر ئەتەكێت وایە لە ساڵی ١٩٩١ـەوە خولەكانی پێشوو وابوو بەرنامەی كارەكە كردنەوەی خولەكە بووە.
ئاژانس: پەسەندكردنی ئەو یاسایە قوورس نەبووە، هەم لەبەر ڕێگرییەكان هەم لەبەر موزایەدە؟
دلێر ماوەتی: ئەو یاسایە یەكەم دانیشتن پەسەند دەكرێت.
ئاژانس: دەوترێت هەوڵ هەیە پڕۆژەكە بە تەواوی پەك بخرێت، ئەو هەوڵانە بۆچی دەدرێن؟
دلێر ماوەتی: هەمووی هەوڵی پووچن و موزایەداتی سیاسین بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، خۆی هەموو فراكسیۆنەكان كردبوویان بە یاسا هیچ هەوڵێك نەبوو بۆ گەڕانەوەی، بەڵام ڕای گشتییان وا تێگەیاند كە پەرلەمان بۆ خۆی ئەو یاسایەی وا پەسەند كردووە.