هەر نەتەوەیەک بە زمانی خۆی دەخوێنێت
سازدانی: هێمن حەسەن
شڤاز عەبدولکەریم سەرۆكی کانتۆنی جەزیرە لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕەخنە لە پارتی دیموكراتی كوردستان و حكومەتی هەرێم دەگرێت كە لەژێر فشاری توركیادا سنووریان بە ڕووی ڕۆژئاوای كوردستاندا داخستووە و دەشڵێت: ״پارتی سنووری سێمیلكا بكاتەوە هەرێم پێویستی بە ئێران و توركیا نابێت بۆ هیچ پێداویستییەک.״
شڤاز عەبدولكەریم، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ״ئاژانس״ سەبارەت بە شێوازی کشتوکاڵ لە کانتۆنی جەزیرە ئاشکرای دەکەت، کانتۆنەکەیان ئەوەندە بە پیتە تەنیا جەزیرە دەتوانێت هەموو باشووری کوردستان بەخێو بکات و ڕاشی دەگەیەنێت، ״پێویستە فشار درووست بکرێت دەروازەی سنووری ڕۆژئاوا و باشوور بکرێتەوە.״
ئاژانس: با لەو پرسیارەوە دەست پێ بکەین، لە ڕووی ئاسایش و ئارامییەوە هیچ مەترسییەكتان لەسەر نییە و ژمارەی ئەو هێزانە چەندن لەو كانتۆنە؟
شڤاز عەبدولكەریم: ناتوانین بڵێین كێشە و مەترسی نابن، بەڵام هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و یەپەگە توانیویانە سەدلەسەد كارەكانیان ئەنجام بدەن و ئاسایش و ئارامیی تەواو بۆ كانتۆنی جەزیرە دابین بكەن، ژمارەیان نزیکەی پێنج هەزارە تەنیا لە کانتۆنی جەزیرەدا، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆش ژمارەیان پانزە هەزاری تێپەڕاندووە، داعشیش بە شکانیان لە ڕەققە و دێرەزوور هیچ مەترسییەکیان بۆ کانتۆنی جەزیرە نەماوە.
ئاژانس: کانتۆنەکەتان لە ڕووی ئابووری و خزمەتگوزارییەكانەوە چۆنە؟
شڤاز عەبدولكەریم: لەم ڕووەوە كێشە هەن، چونكە بە جۆرێك لە جۆرەكان ڕۆژئاوای كوردستان لە باشوور و ڕۆژئاوا و باكوور و ڕۆژهەڵاتەوە گەمارۆ دراوە، گەمارۆكان لە لایەن داعش و جەبهەت نوسڕە و توركیا و پارتی دیموكراتی كوردستانەوە خراوەتە سەر ڕۆژئاوای كوردستان، كانتۆنی جەزیرەش بەشێكە لە ڕۆژئاوا و ئەو گەمارۆیەی خراوەتە سەر، لە ڕووی سووتەمەنییەوە كێشەی گەورەمان نییە و تا ڕادەیەكی زۆر كێشەكەی چارەسەر كراوە، لە بواری كارەبادا كێشەمان هەیە، بەنداوی عشرین هەیە كە بەشێكی زۆری كارەبا دەدات و تازە لەژێر دەستی داعش ڕزگار كراوە، بەڵام توركیا ئەو ئاوەی گرتووەتەوە، بەوەش كێشەی كارەبامان بۆ درووست بووە، ڕۆژانە نزیكەی هەشت سەعات كارەبا هەیە، ئێستا بەنداوی تەبقە ڕزگار كراوە دەتوانرێت بەوە بەشێكی باش كارەبا دابین بكەین.
ئاژانس: لە بواری كشتوكاڵیدا كانتۆنی جەزیرە چۆنە؟
شڤاز عەبدولكەریم: كانتۆنی جەزیرە هەرێمێكی كشتوكاڵیی فراوانە، حكومەتی سوریا لە ڕابردوودا پشتی تەواوی بە جەزیرە دەبەست بۆ بەرهەمی كشتوكاڵی، جەزیرە بووە شوێنی بەخێوكەری هەموو سوریا بە گشتی، ئەم هەرێمە زەوییەكی بە پیت و بەرەكەتی هەیە خەڵكەكەی بە كشتوكاڵییەوە خەریكن و بەشێكی زۆری بازاڕی سوریا لەسەر ئەم هەرێمە دەژی، چی وەكو بەرهەمی دانەوێڵە چی وەكو میوە و پێداویستییەكانی وەكو زەیتوون و پەمۆ و چەندین بەرهەمی تر، بەڵام ناتوانین ئەو بەرهەمانە بنێرینە دەرەوە بیفرۆشین بە هۆی ئەو گەمارۆیەی باسم كرد.
ئاژانس: ئێوە دەتوانن بەرهەمەكانتان بنرێن بۆ باشووری كوردستان؟
شڤاز عەبدولكەریم: بەڵێ نەك دەتوانین بەرهەمەكان بۆ باشوور بنرێین، بەڵكو دەتوانین هەموو باشووری كوردستانیش بەخێو بكەین تەنیا بە بەرهەمەكانی كانتۆنی جەزیرە، بەڵام بەداخەوە پارتی سنووری سێمیلكای گرتووە و ڕێگە نادات باشووری كوردستان لەو خێروبێرەی جەزیرە سوودمەند بێت، دەبوایە خەڵكی باشووری كوردستان خۆیان قبووڵی نەكەن پارتی ئەو سنوورە بگرێت، لە كاتێكدا ئەگەر سنووری سێمیلكا بكرایەتەوە باشووری كوردستان پێویستیی بە توركیا و ئێران نەدەبوو.
ئاژانس: پێت وایە داخستنی ئەو سنوورە لە پێناو چییە؟
شڤاز عەبدولكەریم: ئەمە فشارێكی سیاسیی توركیایە لەسەر پارتی و حكومەتی هەرێم، دەبوایە پارتی و حكومەتی باشوور نەچوونایەتە ژێر باری ئەو بڕیار و فشارانە و زەختیان لەسەر گەلی ڕۆژئاوای كوردستان درووست نەكردایە، چونكە داخستنی ئەو سنوورە بە ڕووی ڕۆژئاوادا كاریگەریی هەبووە لەسەر ئێمە و زیانی زۆری هەبووە.
ئاژانس: باسی ئەوە دەكرێت كە گرانییەكی زۆر لە هەرێمی جەزیرە هەیە سەرباری ئەو هەموو بەرهەمەش ئەمە بۆچی؟
شڤاز عەبدولكەریم: خۆت دەزانی ڕۆژئاوای كوردستان لە شەڕێكی گەورەدایە، گەلێكیش لە جەنگدا بێت پێداویستییەكانی سەدلەسەد پێك نایەت، گرانی دەبێت نەبوونی دەبێت، چونكە وەك وتمان گەمارۆ هەیە، هەتا ئۆتۆمبێلێك شارێك بۆ شارێكی تر تێدەپەڕێنێت ڕووبەڕووی چەندین سەختی دەبێتەوە، ئێمە كار و خەباتێكی زۆرمان كردووە كە كۆنتڕۆڵی بازاڕ بكەین و گرانی بڵاو نەبێتەوە، بەڵام ئایا ئەوە هەمووی كۆنتڕۆڵ دەكرێت، نا، چونكە بەشی زۆری بەو گەمارۆیەوە هەیە كە لەسەر ڕۆژئاوای كوردستانە، بەڵام بڵێیت گرانییەكە بە جۆرێكە خەڵك لە دۆخێكی خراپدان ڕاست نییە.
ئاژانس: لە ڕووی پڕۆسەی خوێندنەوە هەرێمی جەزیرە لە چی ئاستێكدایە؟
شڤاز عەبدولكەریم: ماوەی سێ ساڵە خوێندن بە زمانی كوردی لە هەرێمی جەزیرە و ناوچەكانی تری ڕۆژئاوای كوردستان دەخوێندرێت، لەو سێ ساڵەدا تاكو پۆلی شەشەمی سەرەتایی بە زمانی كوردی دەخوێنرێت، ساڵی ڕابردووش خوێندکارهکانمان تاكو پۆلی نۆ بە زمانی كوردی خوێندویانه، تەنیا دواناوەندی پۆلی دە و یانزە و دوانزە ماوە بە كوردی بخوێنن، ئەمساڵ و ساڵی داهاتوو ئەویش دەبێت بە كوردی، ئەوەی گرنگە هەر نەتەوە و بە زمانی خۆی دەخوێنێت، كوردی بۆ كوردی و عەرەب بۆ عەرەب و زمانی سوریانییش بۆ سوریانەكانە، ئەم سێ پێكهاتەیە كە لە هەرێمی جەزیرە سەرەكین بە زمانی دایكی خۆیان دەخوێنن، ئەو پڕۆگرامەش ئێمە دامانناوە.
ئاژانس: ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی جەزیرە چەندە و قەبارەی پێكهاتەكان چەندە؟
شڤاز عەبدولكەریم: ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی جەزیرە نزیكەی ملیۆن و نیوێك دەبێت، ژمارەی دانیشتووانی عەرەب بە ڕێژە ٤٠% شتێك كەمتر دەبێت و سریانی نزیكەی ١٠% دەبێت، ئەوەی تری هەمووی كوردە.