بەشداریی كورد لە شەڕی ڕەققە هەڵە بوو
سازدانی: هێمن حەسەن
عەبدولباست سەیدا، سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی سوریا ״ئەنەکەسە״ ئاماژە بەوە دەدات، کێشەی نێوان پەیەدە و ئەنەکەسە ئەوەیە بڕیار لای خۆیان نییە و دەڵێت: ״پەیەدە و ئەنەکەسە لە قەندیل و پیرمامەوە بڕیاریان بۆ دێت.״
عەبدولباست سەیدا لە چاوپێکەوتنێکی ״ئاژانس״دا ڕایدەگەیەنێت، تورکیا تا ئێستا بەربەستە لەبەردەم درووستبوونی هەرێمی فیدراڵ بۆ کورد و دەڵێت: ״تورکیا بە هەرێمی فیدراڵ بۆ کورد ڕازی دەبێت بە مەرجێک پەکەکە لێی دوور بێت.״
ئاژانس: با لەو پرسیارەوە دەست پێ بکەین، ئێستا ئەمەریكا و ڕوسیا خاوەن پڕۆژە و ستراتیژی تایبەت بە خۆیانن بۆ قەیرانی سوریا، پێت وایە ئەم دوو وڵاتە بتوانن چارەنووسی داهاتووی سوریا یەكلایی بكەنەوە؟
عەبدولباست سەیدا: ئەگەر ئەمەریكا جددی بێت و بێتە پێشەوە بەڵێ دەتوانن، بەڵام ئەگەر وەك ئیدارەی ئۆباما بێت كە زۆر جار دەمگوت ئیدارەی ئەزمەیە ناتوانن، ئەگەر پێچەوانەش بێت ئەوا دەتوانن قەیرانی سوریا بە لایەكدا بخەن، بەڵام تا چەند دەتوانن لەگەڵ ڕوسیا ڕێك بكەون ئەوە دیار نییە جارێ، بە نسبەت ڕوسیاشەوە ئەمڕۆ قەیرانی سوریا بووە بە كارتێك بە دەستییەوە بۆ دەستكەوتنی بەرژەوەندیی خۆی، ڕوسیا دەتوانێت دەست لە سوریا بەر بدات، بەڵام بە بەلاش نا، بەڵكو بە دەستكەوتەوە.
ئاژانس: ئەوەندەی تۆ لەگەڵ دیمستۆرا و خزەڕ ئیبراهیمی دانیشتوویت هەڵوێستیان لەسەر مافەكانی كورد چییە لە سوریا؟
عەبدولباست سەیدا: بە گشتی مافی كوردیان قبووڵ كردووە و پێیان وایە كورد دەمێك ساڵە زوڵمیان لێ دەكرێت، بەڵام چۆن مافەكانی كورد قبووڵ بكەن و چۆن دایبڕێژن ئەوە بۆچوونی جیاوازی لەسەرە، لەناو ئۆپۆزسیۆنیش هەندێك دژی مافەكانی كوردن و هەندێكیشیان لەگەڵ مافەكانی مرۆڤن، لە ناو خۆشمان وەك كورد بۆچوونی جیاوازمان هەیە، تا ئێستا یەكدەنگ نین چیمان دەوێت، بەشێك لە كورد فیدراڵی دەوێت، بەشێكیان ئیدارەی سەربەخۆی دەوێت.
ئاژانس: بۆچوونی تۆ لەسەر ئیدارەی ڕۆژئاوای كوردستان بە سەرۆكایەتیی پەیەدە چۆنە؟
عەبدولباست سەیدا: من هیچ كێشەیەكی شەخسیم لەگەڵ پەیەدە نییە، من تێبینیم لەسەر كاری سیاسیی و بەڕێوەبردنی ئەوان هەیە، چونكە ئەوان و ئێمە كوردین و بۆ گەلی کورد زۆر پێویستین، بەڵام ناكرێت پەیەدە بڵێت دەبێت هەر من هەبم لە مەیدانەكە و كەسی تر نابێت هەبێت، ئەوە كارێكی گونجاو نییە، زۆر جار ئەوان لە لێدوانەكانیاندا دەڵێن ئەوەی وەك ئێمە بێت دەمێنێتەوە ئەوەی وەك ئێمە نەبێت بڕواتە دەرەوە، ئەم قسەیە ئێمە تا ئێستا لە بەعس نەمان بیستووە.
ئاژانس: ئەم سیاسەتە دەبینیت لە ڕۆژئاوای كوردستان؟
عەبدولباست سەیدا: بەڵێ دەیبینم، هەر لەم چەند ڕۆژانەدا بە تەلەفۆن ئیبراهیم برۆ، سەرۆكی ئەنەكەسە ئاگادار كرایەوە كە ڕۆژئاوا بەجێ بهێڵێت و بچێتەوە باشووری كوردستان، ئەمە سیاسەتێكی هەڵەیە، بارەگای حیزبەكان دەسوتێنن، لە كاتێكدا ئەمە دەكرێت كە پەیەدە پەیوەندیی لەگەڵ ڕژێمی سوریا هەیە و ئەوەشیان نەشاردوەتەوە.
ئاژانس: خوێندنەوەت بۆ بوونی پەیوەندیی پەیەدە و ڕژێم چییە؟
عەبدولباست سەیدا: نا من ئەوە بە سیاسەتێكی هەڵە دەزانم، پەیەدە دەیەوێت پەیوەندیی لەگەڵ ڕژێم بخاتە چوارچێوەیەكەوە و وا پیشانی بدات ئەگەر پەیوەندیی لەگەڵ ڕژێم نەبێت ئەوا شارە كوردییەكان وێران دەبن، ئەم خوێندنەوەیە ڕاست نییە، ئێستا پەیەدە گرێداروی پەكەكەیە و بەرنامە و بڕیاری ئەوان جێبەجێ دەكات، هیچ پڕۆژەیەكی نییە بۆ كوردی سوریا كە گوزارشت لە هەموو كورد بكات، بە داخەوە كە ئەمە دەڵێم، چونكە ئەمە هەموومان دەیبینین، چەندین جاریش ڕێككەوتن لە نێوان پەیەدە و ئەنەكەسە كراوە، بەڵام جێبەجێ نەكراوە.
ئاژانس: پێت وا نییە ئەگەر ئەم پەیوەندییە نەبوایە ئێستا ڕژێم شارە كوردییەكانیشی وێران كردبوون؟
عەبدولباست سەیدا: دوو خوێندنەوە هەیە، یەكێكیان دەڵێت ئەگەر پەیەدە پەیوەندیی لەگەڵ ڕژێم نەبوایە شارەكانی ڕۆژئاوای كوردستان هەموو وێران دەكران و خەڵكی لێ نەدەما، بەڵام خوێندنەوەیەكی دیكەش هەیە ئەگەر ئەو پەیوەندییە نەبوایە ڕژێم دەڕووخا، زیاتر لە دوو ملیۆن كورد لە شام و حەلەب دەژین، ئەگەر ئەوان دەربچوونایە لەوێ ڕەنگە ڕژێم بڕووخایە، ئینجا ڕاستە شارەكانی ژێر دەسەڵاتی پەیەدە وێران نەبوون، بەڵام یەک ملیۆن كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان چووەتە دەرەوە، واتە بە پێی خەمڵاندنەكانی ئێمە كورد لە سوریا چوار ملیۆنە، دوو ملیۆنی لە دەرەوەی خاكی خۆیەتی واتە لە ناوچەكانی شام و حەلەب و ڕەققەن، ملیۆنێكی ئاوارەی توركیا و ئەورووپا و وڵاتانی تر بوون، واتە ئێستا یەك ملیۆن كورد لە ڕۆژئاوا دەژین، ئێستا قامیشلۆ مۆركێكی كوردیی پێوە دیار نییە، كورد خانووی خۆی دەفرۆشێت و عەرەب دەیكڕێت، ئەگەر سبەینێ هەڵبژاردن بكرێت دەنگی كورد كەمینە دەبێت هەمووی عەرەبە، ئەمە سیاسەتێكی هەڵەیە.
ئاژانس: بە بڕوای تۆ بەشداریی كورد لە شەڕی ڕەققە هەڵەبوو؟
عەبدولباست سەیدا: بەڵێ هەڵەیە، بەم شەڕە ناكۆكیی قووڵ لەنێوان كورد و عەرەب دەست پێ دەكات، ئینجا هێزی سەرەكی و بنەڕەتی سوریای دیموكرات كوردن كە یەپەگەیە، كورد بەرگەی ئەو شەڕە قوورسە ناگرێت، شەڕی ڕەققە لە دەرەوەی توانای كوردە، وەكو ئەوە وایە پێشمەرگە بڵێت بە تەنیا شەڕی موسڵ دەكەم، ئەوەی پێ ناكرێت.
ئاژانس: تۆ ناتوانی وەك كەسایەتییەكی كورد نێوەندگیریی پەیەدە و ئەنەكەسە بكەیت؟
عەبدولباست سەیدا: من چەندین جار لەگەڵ هەردوولا دانیشتووم، گەلێك جار ساڵح موسلیمم بینیوە و قسەم لەگەڵ كردووە، ئەوانەی ئەنەكەسەشم بینیون و قسەم لەگەڵ كردوون، بەڵام بە داخەوە ناگەن بە ڕێككەوتن، چونكە بڕیارەكانی پەیەدە و ئەنەكەسە لە دەست خۆیاندا نییە، من سی ساڵە كاری سیاسی دەكەم، ئەمڕۆكە وەك كەسێكی سەربەخۆ كار دەكەم، زۆر جار هەوڵم داوە كۆیان بكەمەوە، كەسانی دیكەش هەوڵیان داوە، بەڵام ئەمە سەرناگرێت، بڕیاری ئەنەکەسە و پەیەدە لە قەندیل و پیرمامەوە دەردەچن، بەڵێ بڕیارەكان لەوێوە دەردەچن، شتێكی ئاساییە پەیوەندیی لەگەڵ قەندیل و پیرمام هەبێت، پەیوەندیی شتێكی باشە، بەڵام بڕیاردان و بڕیار سەپاندن كارێكی گونجاو نییە.
ئاژانس: پێشبینی ئەوە دەكەیت توركیا هەرێمیكی فیدراڵی لە سوریا قبووڵ بكات؟
عەبدولباست سەیدا: بۆ توركیاش ئەوە ڕوون بووەتەوە كە ناوچەكە دەبێتە هەرێمی جیاجیا، ئەوانیش تێگەیشتنیان بۆ مافی كوردەكان هەیە، بەڵام ئەوان نایانەوێت هەرێمێك درووست ببێت كێشە بۆ توركیا درووست بكات، ئەوان لەگەڵ هەرێمێكی فیدڕاڵیی كوردیین، ئەگەر لەگەڵیشی نەبن، ناكۆك نین، بەو مەرجەی هیچ پەیوەندییەكی بە پەكەكەوە نەبێت.