ئامانجی تورکیا باكووری سوریایە و دهیهوێت دواتر باشووری كوردستانیش داگیر بكات
سازدانی: هێمن حەسەن
هێڤی مستەفا، سەرۆكوەزیرانی كانتۆنی عەفرین لە ڕۆژئاوای كوردستان، پێی وایە تورکیا لەو ئامانجەی سەرکەوتوو نابێت کە دەیەوێت عەفرین داگیر بکات و دەڵێت: ״تورکیا دەیەوێت بە گرتنی عەفرین سیستمی فیدراڵی تێک بشکێنێت، بەڵام کورد ناهێڵێت ئەوە ڕوو بدات.״ ڕاشیدەگەیەنێت ئەمەریکا و ڕوسیا بەرامبەر لەشکرکێشییەکانی تورکیا بێدەنگن.
هێڤی مستەفا، لە چاوپێکەوتنێکی ״ئاژانس״دا ئاماژە بەوە دەکات، دۆخی سوریا و کورد لە سوریا گۆڕانکاریی خێرا تێیاندا ڕوو دەدات و باس لەوەش دەکات، ״ئامانجی تورکیا باكووری سوریایە و دهیهوێت دواتر باشووری كوردستانیش داگیر بكات.״
ئاژانس: با سەرەتا لەو پرسیارەوە دەست پێ بکەین، دۆخی ئێستای عەفرین چۆنە، ئایا مەترسییەكان لەسەر ئەو شارە زیاتر بوون؟
هێڤی مستەفا: گەمارۆدان و هێرشكردنە سەر عەفرین بابەتێكی نوێ نییە، چەند ساڵێكە دەوڵەتی توركیا هەوڵی ئەوە دەدات بێتە ناو عەفرین و داگیری بكات، لە دوای داگیركردنی جەرابلوس دەوڵەتی توركیا هێزێكی زۆری لە ناوچەكە جێگیر كردووە و ڕۆژانەش هێرش دەكاتە سەر عەفرین، بەڵام تاكو ئێستا بەرگرییەكی گەورە لە دژی سوپای توركیا هەیە.
ئاژانس: پێتان وایە ئامانجی توركیا لە هێرشكردن و هەوڵدان بۆ داگیركردنی عەفرین چییە؟
هێڤی مستەفا: توركیا تەنیا ئامانجی عەفرین نییە، بەڵكوو ئامانجی هەموو باكووری سوریایە كە بیخاتە ژێر دەستی خۆی و دواتر باشووری كوردستانیش داگیر بكات، ئەمە دوژمنایەتیكردنی هەموو گەلی كوردە لە هەر چوار پارچەی كوردستان، توركیا دەیەوێت ئەو داگیركاری و دوژمنایەتییە لە عەفرینەوە دەست پێ بكات، ئامانجی ئێستاشی شکستپێهێنانی سیستمی فیدراڵییە.
ئاژانس: ڕێككەوتنێكی سێقۆڵیی توركیا، ڕوسیا و ئێران هەبوو لەسەر سوریا و بە پێی ڕێکكەوتنەكەش عەفرین بۆ توركیا دەبوو لە كاتێكدا كورد ڕێككەوتنی لەگەڵ ڕوسیا هەیە، ئەم هاوكێشەیە چۆنە؟
هێڤی مستەفا: دەبێت هەموان ئەوە بزانن لەسەر سوریا بەرژەوەندیی جیاواز هەن، هەر ئەوەشە ناهێڵێت قەیرانی سوریا چارەسەر ببێت، ئەو هێزانە بەرژەوەندیی گەلی سوریایان ناوێ، بەڵكوو بە دوای بەرژەوەندیی خۆیاندا دەگەڕێن تاكو ڕۆڵی زۆرتریان هەبێت لە داهاتووی سوریادا، هەریەكە لە ڕوسیا و ئێران و توركیاش بە دوای بەرژەوەندیی خۆیاندا دەگەڕێن، بۆ ئەوەش وێڕای ناكۆكییان ڕێككەوتنیان هەیە، بەڵام تاكو ئێستا ئەو بەشەی پەیوەندیی بە عەفرینەوە هەیە جێبەجێ نەبووە و نەیتوانیوە سەركەوتوو بێت، چونكە توركیا دەیەوێت دەسەڵاتی عوسمانییەكان بگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەكە و ڕوسیا و ئێرانیش نایانەوێت.
ئاژانس: هەڵوێستی هاوپەیمانان بەتایبەت ئەمەریكا لەسەر ئەو مەترسییانەی سەر عەفرین چییە؟
هێڤی مستەفا: ئێمە و هاوپەیمانان لە شەڕداین لە دژی تیرۆر، بێگومان ئەوان بەرژەوەندی و حیساباتی سیاسیی خۆیان هەیە لەسەر خاكی سوریا، ئەوان باش ئاگادارن مەبەستی توركیا چییە لەو هێرشانە، دەڵێن قسەمان لەگەڵ توركیا كردووە كە هێرش نەكات، بەڵام ئەمە تەنیا قسەیە، گۆڕانكارییەكانیش خێران و دۆخی سوریاش گرێدراوی هێزە دەرەكییەكانە.
ئاژانس: ئەگەر توركیا هێرش بكات عەفرین دەتوانێت بەرگری لە خۆی بكات؟
هێڤی مستەفا: دەوڵەتی توركیا بە فەرمی ڕایگەیاندووە كە هێرش دەكاتە سەر كانتۆنی عەفرین، بەڵام تاكو ئێستا نەیانتوانیوە هێرش بکات، چونكە بەربەستی گەورەیان هەیە و شكستیان هێناوە، ئێمە سیستمی بەرگریی بەهێزمان هەیە و لە ڕووی ئابوورییشەوە عەفرین دەوڵەمەندە بە بەرهەمی زەوی و شوێنی جوگرافییەكەی و خاوەن خەڵكێكی خۆڕاگر و بە ئیرادەیە، هەرگیز واز لە دەستكەوتەكانی ناهێنێت كە بە خوێنی منداڵەكانی ئاوەدانی كردووەتەوە، جوگرافیای عەفرینیش هاوكارێكی باشمان دەبێت لە تێكشكاندنی سوپای توركیا.
ئاژانس: لە عەفرین بەشی ئەوەندە هێزی سەربازی هەیە بەرگری لە شارەكە بكات؟
هێڤی مستەفا: بەڵێ هێزێكی گەورەی هەسەدە و یەپەگە و یەپەژە لە عەفرین هەیە، ڕۆژانە وەڵامی هێرشەكانی توركیا دەدەنەوە، بەردەوام شكستیان پێ هێناوە، گەلی ئێمەش وەكو هێزێكی خۆبەخش بەرگری لە عەفرین دەكات كە بە دەیان هەزار خۆبەخش هەن دژی هەر داگیركارییەك دەوەستنەوە، ئێمە چۆن توانیمان داعش لە كۆبانێ تێك بشكێنین، دەتوانین لە عەفرینیش توركیا تێك بشكێنین.
ئاژانس: هیچ پشتیوانییەكتان لە پارتەكانی هەرێمی كوردستان یان بەشەكانی تری كوردستانەوە پێ گەیشتووە بۆ عەفرین؟
هێڤی مستەفا: تاكو ئێستا هیچ پشتیوانییەكمان پێ نەگەیشتووە، چونكە دۆخەكە جارێ نەگەیشتووە بەوە، بەڵام بانگی ئێمە لە گەلی كورد لە هەر چوارپارچەی كوردستان لە هەموو پارت و لایەنە سیاسییەكان لە هەموو هێزە ئازادیخوازەكانی دونیا ئەوەیە پشتیوانی لە عەفرین بكەن، چییان پێ دەكرێت بۆ پاراستنی گەلی کورد لە عەفرین و ناوچەكانی تر پێشكەشی بكەن، بڕواشم وایە كە گەلی كورد لە هەر چوارپارچەی كوردستان بەدەم یەكەوە دەچن، لە ڕابردووشدا ئەوەمان بینیوە و لە كۆبانێ خۆی نواند.
ئاژانس: هێرشەكانی توركیا بۆ سەر عەفرین تا چەند پەیوەندیی بە گەشەكردنی كوردەوە هەیە لە سوریا كە توركیا بە مەترسی بۆ سەر خۆی دەزانێت؟
هێڤی مستەفا: ئێمە پێشتریش ئەوەمان بۆ ڕای گشتی جیهان و گەلانی توركیا ڕاگەیاندووە كە ئێمە هەڕەشە نین بۆ سەر هیچ وڵاتێك و بەتایبەت توركیاش، ئیدارەی ڕۆژئاوای كوردستان چەندین جار ڕایگەیاندووە كە دەمانەوێت لەگەڵ توركیا وەكو برا پێكەوە بژین، بەڵام دەوڵەتی توركیا دەیەوێت ئیرادەی گەلی كورد لە سوریا سەر نەكەوێت.
ئاژانس: هیچ گەمارۆیەك لەسەر عەفرین ماوە؟
هێڤی مستەفا: بەردەوام هەوڵ دراوە كە گەمارۆ بخرێتە سەر عەفرین، بەڵام هێزەكانی یەپەگە و یەپەژە و هەسەدە، هەروەها ئابووریی عەفرین كە زۆر باشە ئەو گەمارۆیانەیان تێك شكاندووە، كێشە و ناڕەحەتیی گەلێك زۆرن بۆ دەستكەوتنی هەندێك پێداویستی كە زۆر لەسەر ئیدارەی خۆسەری دەكەوێت، بەڵام بە گشتی گەمارۆ لەسەر عەفرین نییە.