ناتوانین دەستوورێک بۆ سوریا قبووڵ بکەین پێنج ملیۆن کورد پەراوێز بخات
سازدانی: ئاژانس
ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەری ئەنجوومەنى سوریای دیموکرات ״مەسەدە״ ئاشکرای دەکات لە دوای درووستکردنی ناوچەی ئارام لە سوریا هیچ کەسێک ناتوانێت ئاسایشی ناوچەکە تێک بدات و دەشڵێت: ״ویستی ئەردۆغان لە درووستکردنی ناوچەی ئارامدا جێبەجێ نەکرا.״
ئیلهام ئەحمەد، کە بە سەرۆکایەتیی شاندێکی ڕۆژئاوا لە ئەمەریکایە و لە مانگی ڕابردوودا ئەوە دووەم شاندیانە دەچێتە ئەمەریکا، لە چاوپێکەوتنێکی ״ئاژانس״دا وردەکاریی گفتوگۆکانی ئەو سەردانەیان دەخاتە ڕوو و دەشڵێت: ״ناتوانین دەستوورێک بۆ سوریا قبووڵ بکەین پێنج ملیۆن کورد پەراوێز بخات.״
ئاژانس: دەمەوێت لە سەردانەکەى ئێوەوە بۆ ئەمەریکا دەست پێ بکەم، ئامانجى سەردانەکەتان چییە بۆ واشنتۆن؟
ئیلهام ئەحمەد: سەردانەکە بۆ کۆبوونەوەیە لەگەڵ بەرپرسانى ئەمەریکا، هاتووین لە بارەی بارودۆخى باکوورى سوریا قسە بکەین، ناوچەى ئارام چییە، پرسى کورد چییە، داعش ماوە یان تەواو بووە، تورکیا چى دەوێ، ڕژێمى سوریا چی دەوێت، ئێمە وەک کورد و پێکهاتەکاتى تر چیمان دەوێ، یان سوریا چۆن بێت و کێ بەڕێوەی بەرێت، ئەمانە ئەو پرسانە بوون کە لەگەڵ ئیدارەى ئێستای ترەمپ باسمان کردوون و گفتوگۆکانمان ئەرێنی بوون، دیدگامان بۆ هەموو ئەو پرسانە لەگەڵ ئەمەریکا لەیەکەوە نزیکە و دوور نییە.
ئاژانس: ئێوە داواکارییەکى دیاریکراوتان لە ئەمەریکا هەبوو؟
ئیلهام ئەحمەد: ئێمە لە سوریا دەژین کە جەنگى تێدایە، بۆ ئەوەش پێویستیمان بە هاوکاریى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى هەیە، هەرچى پێویستمان بێ دەبێت داواى بکەین بە تایبەت زلهێزەکان، کە ئەمڕۆ لەسەر خاکى سوریا هەن، بەرژەوەندیمان پێکەوە هەیە، ئەوان داواى هاوکاریى لە ئێمە دەکەن، ئێمەش داوایان لێ دەکەین، داوامان لە ئەمەریکا کردووە بەردەوام بێت لە هاوکاریی باکوورى سوریا لە دژى داعش، داومان کردووە هێزەکانیان لە باکوورى سوریا بهێڵنەوە، لە مەسەلەى ئارامیى ناوچەکە و هاوکاریکردنى ئاوارەکان و ئاوەدانکردنەوەى ئەو ناوچانەى بە هۆى شەڕەوە وێران بوون هاوکارمان بن، بە گشتى ئەوان پشتیوانییەکانیان بەردەوام دەبێت، بەڵام نازانین تا کەی، هیوادارین تا سەر بەردەوام بێت.
ئاژانس: بە ڕوونى بۆچوونى ئیدارەى ترەمپ لە بارەى ناوچەى ئارامەوە چۆنە؟
ئیلهام ئەحمەد: ئەوان دەڵێن ئاسایشى تورکیا گرنگە بۆ ئێمە و بۆ ناوچەکەش، ئەو نیگەرانییانەى تورکیا هەیەتی قابیلى بەهەندوەرگرتنە، بەڵام کاتێک ئاسایشى سنوورەکان دابین کران و هیچ مەترسییەک نەما ڕێگە بە هیچ هەوڵێکى تورکیا یان ئێمە نادرێت ئاسایشى ناوچە ئارامەکە تێک بدات، ئێمەش لە ڕاستیدا پشتیوانى لەو بۆچوونە دەکەین، پێمان وتن ئێمە سەد لە سەد لەگەڵ ئاسایشى تورکیاین و هیچ مەترسییەکیش لە لایەن ئێمەوە هەرگیز نەبووە و نابێت بۆ سەر ئاسایش و سەقامیگیریی ئەوان، بەڵام پێمان وتن مەلەسەکە ئاسایشى سنوور نییە، مەلەسەکە ئەردۆغان دەیەوێت قەیرانى سوریا ئاڵۆزتر بکات و دەسەڵاتى خۆى فراوانتر بکات، وتمان تورکیا کێشەى ئاسایشى سنوورى نەبووە، هەر خۆیان لەسەر سنوور کێشەیەک درووست دەکەن دوایی دەڵێن ئەوە هەسەدە و پەیەدە بوون پەلاماریان داین، لەم ڕوانگەیەوە هاوپەیمانان خۆیان لێکۆڵینەوەیان کرد و ڕاستییەکەیان بۆ دەرکەوت.
ئاژانس: سەبارەت بە هەڕەشەکانى تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاواى کوردستان چی بوو؟
ئیلهام ئەحمەد: ئەوان هەندێ بەرژەوەندیى خۆیان هەیە لەگەڵ تورکیا و ئەو بەرژەوەندییانە دەپارێزن، بەڵام دوپاتیان کردەوە، کە ڕێگە بە هێرشى تاکلایەنەى تورکیا نادەن بۆ سەر باکوورى سوریا، گفتوگۆکانیش لە نێوان لایەنى ئەمەریکا و تورکى هەیە هەماهەنگى هەیە لەگەڵ ئێمەش، لەم نێوەندەشدا وڵاتانى دیکە هەن لە باکوورى سوریا ئەوانیش خاوەن بڕیار و قسەى خۆیانن.
ئاژانس: تورکیا زۆر باسى کۆچبەران دەکات، پێتان وایە کە ئەورووپا و ئەمەریکا ڕازى بن بە خواستەکانى تورکیا لە پرسى ناوچەى ئارامدا؟
ئیلهام ئەحمەد: شتێکى ئاشکرایە کە تورکیا دۆسیەى کۆچبەران وەک کارتێکى گوشار بەرامبەر بە دەوڵەتانى ئەورووپی بە کار دەهێنێت بۆ ئەوەى پارە وەربگرێت، ئێستاش کۆچبەران بە کار دەهێنێت بۆ ئەوەى باکوور و ڕۆژهەڵاتى سوریا داگیر بکات، ئەردۆغان سێ ملیۆن کۆچبەری سوریا کە لە تورکیان لەسەر هێڵی سنوور جێگیر بکات تاوەکو ناسنامە و باری دانیشتوانى ناوچەکە پاکتا و بکات و گۆڕانکاری لە دیمۆگرافیای ناوچەکەدا ئەنجام بدات، هەوڵ دەدات ئەو سیناریۆیەى لە عەفرین ئەنجام درا و ئەنجام دەدرێت، لە هەرێمەکانى باکوور و ڕۆژهەڵاتى سوریا بە پاساوی پاراستنى ئاسایشی خۆی دووبارەی بکاتەوە، ئێستا هەموو جیهان بە باشی ئاگاداری خواست و ئامانجەکانی تورکیایە هەر هەنگاوێکی ناعاقڵانەی تورکیا کاریگەریی لەسەر هەموو دەوڵەتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتى و دەوڵەتانى ئاستانە و هەموو سوریا دەکات.
ئاژانس: هاوکات لەگەڵ سەردانەکەى ئێوە ئەردۆغان لە نیۆرک لەگەڵ ترەمپ کۆبوونەوەى هەبوو بابەتەکەش ناوچەى ئارام بوو، ئایا ترەمپ دەچێتە ژێر بارى داواکانى ئەردۆغان؟
ئیلهام ئەحمەد: ئەردۆغان هیواى زۆرى هەبوو ترەمپ داگیرکاری پەسەند بکات و ڕازىی بکات بەو شێوازەى خۆى دەیەوێت ناوچەى ئارام درووست بکات، بەڵام وەک ئێمە تێبینیمان کرد ترەمپ ڕازى نەبوو داواکەی جێبەجێ نەکرا، خواستى ئەردۆغان ئەوەیە بە کەیفی خۆی سنووری ناوچەی ئارام درێژ بکاتەوە، هەر کوێیەک ویستى سوپاکەى بچێت و دۆخى عەفرین دووبارە بکاتەوە، ئەمڕۆ ئەمەریکا و هاوپەیمانان و جیهانیش دەبینێت تورکیا لە عەفرین چى دەکات، بۆیە ترەمپ ڕازى نەبووە بە داواکاریى ئەردۆغان، ئەگەر ئەوانیش ڕازى بوونایە ئەو هەنگاوە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و قەسەدەوە هەرگیز پەسەند ناکرێت.
ئاژانس: لە دواى ڕێککەوتنى ئەمەریکا و تورکیا لەسەر ناوچەى ئارام، ئەردۆغان بەردەوام هەڕەشە دەکات و ئەم مانگەشى وەک دوا مۆڵەت بۆ ئەمەریکا دانابوو، پێت وایە سوپاى تورکیا ئۆپراسیۆن لە دژى ڕۆژئاوا بکات؟
ئیلهام ئەحمەد: وەک پێشتر وتم ئەمەریکییەکان دڵنیاییان داوە کە نەهێڵن تورکیا ئاسایشى باکوورى سوریا و بە تایبەت ناوچەى ئارام تێک بدا، چونکە دەزانن کە ئەگەر مەسەلە ئاسایش و ئارامى بێت لە سنوور ئەوە بۆ تورکیا بەدی هاتووە، بەڵام ئەردۆغان لە ناو دۆخێکی ئاڵۆزدایە لە ناوخۆى تورکیا بە تایبەتی دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و جیابوونەوەى هەندێک سەرکردەى کاریگەرى ئەکەپە و لاوازبوونی هێزی سیاسی، هەوڵ دەدات سەرلەنوێ بەهێز ببێتەوە پێویستى بە ڕاکێشانى سۆزى ناوخۆى تورکیایە، ئەگەر لە تورکیا هەڵبژاردنێکی پێشوەختە ئەنجام بدرێت، دوور نییە تورکیا هێرش بکاتە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.
ئاژانس: ڕوسیا و ئێران و تورکیا بڕیاریان دا کۆمیتەى دەستوور پێک بهێنن، بۆچى کوردیان بانگهێشت نەکرد؟
ئیلهام ئەحمەد: پێکهێنانى کۆمیتەى نووسینەوەى دەستوور لە لایەن دەوڵەتانى ئاستانەوە پەسەند کراوە و لە لوتکەى سێقۆڵیی ڕوسیا و ئێران و تورکیادا ڕاگەیاندرا، لە لای گەلانى سوریا هیچ بەهایەکى نییە، ئەوان چۆن باکوورى سوریا لەم پڕۆسە گرنگ و مێژووییە دوور دەخەنەوە، باکوورى سوریا پێنج ملیۆن کورد بەڕێوەی دەبەین و ٣٠%ى خاکى سوریامان لە داعش ڕزگار کردووە، چۆن دەستوورێک بەبێ بەشداریى نوێنەرى ئەو پێنج ملیۆن ئینسانە دەنووسرێتەوە، چۆن سەرکەوتوو دەبێت، بێگومان دەستوورێک ئێمەى تێدا نەبین یان مافەکانمانى تێدا نەبێت قبووڵى ناکەین و پێشیەوە پابەند نابین، ئیدى چەند دەستوور دەنووسن با بینووسن، ئەم پەراوێزخستنەش مەترسییەکى گەورە لەسەر داهاتووی سوریا درووست دەکات.
ئاژانس: ڕوسیا بۆچى بەوە ڕازى بوو کە کورد دوور بخرێتەوە لە کاتێکدا بەردەوام باسى لە بەشداریی کورد لەو کۆمیتەیە دەکرد؟
ئیلهام ئەحمەد: ئێمەش بە لامانەوە سەیرە، چونکە ئەوان لە گفتوگۆکانماندا لەگەڵ ئەوان بەشداریی ئێمەیان لەو کۆمیتەیە بە گرنگ دەبینى، بەڵام دیارە مامەڵە و سەودایەکى نوێ لە سوریا ڕوو دەدات، ئەوە کۆمیتەیەکە لە بەرامبەر ئاگربەست لە ئیدلبدا، ڕێککەوتوون بۆ ئەوەى خۆیان بگەیننەوە بە ڕێککەوتنى ئەو دەوڵەتانە، کە دەستوەردان لە کاروباری گەلی سوریادا دەکەن، نەک ڕێککەوتنی گەلی سوریا بۆ خۆی، ئەمە ڕێککەوتنى گەلانى سوریا نییە، ئەوانەى بڕیارى درووستکردنى کۆمیتەکەیان داوە سوری نین، ئەوانەى بڕیار بۆ داڕشتنى دەستوورەکە دەدەن و ئەندامانى کۆمیتە ڕێنوێنى دەکەن کە چى بنووسن دیسان سورى نین، کەواتە دەستوورێک سورییەکان داینەڕێژن شکست دەهێنێت.
ئاژانس: گفتوگۆکانتان لەگەڵ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بۆ ڕادەستکردنەوەى چەکدارە داعشەکان گەیشت بە کوێ؟
ئیلهام ئەحمەد: گفتوگۆکانى ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوامە بۆ ئەوەی کۆتایی بە داعش و پاشماوەکانیان بهێنین، تا ئیستا بە هەزاران چەکداری داعش لە زیندانەکانی ئیمەدان ئەوەش یەکێکە لەو بابەتانەى لەگەڵ وڵاتان باسى دەکەین، ڕاستە ئەو داعشانە لای ئێمە زیندانین، بەڵام ئەو بابەتە پرسێکی نێودەوڵەتییە نەک تەنها ئێمە، پێویستە نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانى دیکە بێنە سەر خەت و خاوەندارییەتى لەو پڕۆسەیە بکەن.
ئاژانس: ئایا ئێستا داعش لە باکوورى سوریا کۆتایی پێ هاتووە، پێشبینى دەکەن وڵاتان لەناوبردنى داعش بۆ ئێوە جێناهێڵن؟
ئیلهام ئەحمەد: هیشتا داعش نەک بە تەواوەتی کۆتایی پێ نەهاتووە، بەڵکوو خەریکی خۆڕێکخستنەوەیە، تا داعش بمێنێت پێوستە هاوکار بین بە یەکەوە تا بە تەواوەتى کۆتایی پێ دێت، ئەمە مەترسییەک نییە بە تەنیا لەسەر ئێمە، بەڵکوو ئەمە مەترسییە بۆ سەر جیهانیش، بۆیە بە دوورى دەزانین وڵاتان لەو شەڕەدا کە هێشتا کۆتایی نەهاتووە بەجێمان بهێڵن، کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى ئێستا زیاتر درکیان بە مەترسییەکان کردووە، چونکە پاشماوەکانیان مەترسیی زیاتریان بۆ سەر جیهان درووست کردووە.
ئاژانس: لەم ڕۆژانەدا ڕژێم جارێکى تر سیستمى فیدڕاڵیى ڕەت کردەوە، ئێوە هەر پێداگیرى لەسەر ئەو سیستمە دەکەن؟
ئیلهام ئەحمەد: ئەمە مەسەلە پێداگیریى نییە لەسەر شتێک کە گرنگە، بەڵکوو ئەمە مەسەلەى مان و نەمانە، ئێمە لە ٣٠%ی خاکی سوریامان لە تیرۆر ڕزگار کرد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، مۆدێلێکی نوێمان بنیات ناوە کە دونیا بە گرنگییەوە دەیبینێت، هەموو پێکهاتەکانی وەک کورد، عەرەب، تورکمان، سوریانی و ئاسوری تیایدا بەشدارن لەو ئیدارەیەدا و بەشدارێکى ڕاستەقینەشن، توانیومانە لە هەرێمەکە پاراستنی کەمە نەتەوەکانی وەک مەسیحی و ئاسوورییەکان بپارێزین و هەروەها ژن لە هەرێمەکە بووەتە خاوەن ڕۆڵێکی گرنگ، ئەو هۆکارانە بوونەتە هۆی ئەوەی ئەو هەرێمانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکدان ببێتە مۆدێلێکی نوێ بۆ تەواوی سوریا، لەبەر ئەوە ئێمە سازش لەسەر سیستمى فیدڕاڵى ناکەین و گفتوگۆشى لەسەر ناکەین، بەڵام گۆڕانکارییەکانى جیهان و فشارەکانى سەر سوریا ڕژێم ناچار دەکەن ئەو سیستمە قبووڵ بکات.
ئاژانس: هەفتەی ڕابردوو هەریەک لە شاندی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و فەڕەنسا سەردانى ڕۆژئاواى کوردستانیان کرد، گفتوگۆکان لەسەر چى بوون؟
ئیلهام ئەحمەد: ئەوان بۆ ئەوە هاتبوون تا گوێیان لە ئێمە بێت و چی بکەین بۆ دامەزراندنی دادگای نێودەوڵەتی، شاندەکەش پێیان باش بوو، کە ئەو چەکدارانەی لێرە تاوانیان کردووە هەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دادگایی بکرێن، گفتوگۆمان لەو بارەوە بەردەوامە بە هیوام بگەینە ئەنجامێک بۆ دامەزراندی ئەو دادگایە.