قەتەر ڕێی نەدا خەیاری كوردی بچێتە وڵاتەكەیەوە
ئاژانس- ڕەهێڵ تەها
بەرهەمی سەوزەی هەرێمی كوردستان لە لایەن بەشێك لە وڵاتانەوە قبووڵ نەكراوە، ئەمە لە کاتێكدایه لە ناوخۆدا ڕۆژانە لە لایەن هاووڵاتییانەوە بە كار دەهێنرێت، هۆكارەكەشی بۆ بوونی ماددەی كیمیایی دەگەڕێننەوە.
عەتا محەمەد عەبدوڵڵا نوێنەری ژووری بازرگانی و پیشەسازی لە بازاڕی سەوزە و میوەی سلێمانی بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند: ״دوای ئەوەی بەشێك لە بەرهەمە كشتوكاڵییهکانی هەرێمی كوردستان لە ڕێگای وڵاتی ئیرانەوە هەناردەی وڵاتێكی وەك قەتەر كرا، لە پشكنینی ئەو وڵاتە دەرنەچوون، بە تایبەتی (خەیار)، لە بەرامبەردا هەندێك جۆری ترمان ناردووە لە پشكنین دەرچووە، وەك پیاز و پەتاتە و شووتی.״
وتیشی: ״هۆكاری دەرنەچوونی بەرهەمەكانی كوردستان بۆ ئەو خانووانە دەگەڕێتەوە بۆ بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی هەمانە، ئەوان هیچی ئەندازیاری لەسەر نییە، بەڵكو جووتیارەكان بە ئەزموونی خۆیان كاری لەسەر دەكەن، بۆیە هەندێكیان ماددەی كیمیایی لەسەر زیاد كراوە و بووهتە هۆی ئەوەی لە پشكنین دەرنەچێت״.
ئاماژەی بەوەش كرد، پێچەوانەوەی وڵاتان ئێمە لە كوردستان تاقیگەیەكی پیشكەوتوومان نییە تاكو پشكنین بۆ بەرهەمەكانمان بكرێت، كەچی ئەوان ئاسایشی خۆراكیان هەیە و بە ئامێری پێشكەوتوو پشكنین بۆ ئەو خۆراكانە دەكەن كە داخڵی وڵاتەكەیان دەبێت.
كشتوكاڵی ئۆرگانیك بریتییە لە بەرهەمهێنانی سەوزە و میوە بەبێ بەكارهێنانی پەینی كیمیایی، قڕكەری كیمیایی، هۆڕمۆنی گەشە، دەرمانی ڤێتەرنەری، تۆوی دەستكاریكراوی بۆماوەیی، ماددەی پارێزەر بۆ هەڵگرتن و لەقوتوونان، هەروەها هەر ماددەیەك كە كاریگەریی لەسەر تەندرووستیی مرۆڤ و ژینگە هەبێت.
حسێن حەمەكەریم بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند: ״بە گوێرەی زانیارییەكانی ئێمە دوای هەناردەكردنی چەند بەرهەمێكی كشتوكاڵی وەك پەتاتە و پیاز بۆ دەرەوە، هەندێك لەو بەرهەمانە لە پشكنینی ئەوان دەرنەچوون و ڕێگایان نەداوە داخیلی وڵاتەكەیان بێت، چونكە بە گوێرەی ڕێنمایی و یاساكانی ئەوان ئەو خۆراكانە پێویستە لە پشكنین دەربچێت و بڕوانامەی خۆراكییان لەگەڵ بێت״.
د. جەمال شوكری بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری لە وەزارەتی كشتوكاڵ ڕایگەیاند: ״ئەوەی تایبەتە بە بەرهەمەكانی سامانی ئاژەڵ و ڕەوانەی دەرەوە دەكرێت بریتین لە (جووجەڵەی یەك ڕۆژە و خوری و پێستە و هەزار لوغانە) ئەوانەش زیاتر هەناردەی وڵاتانی توركیا و ئیران و بەیروت و پاكستان دەكرێن״.
سەبارەت بە ڕەتكردنەوەی ئەو بەرهەمانە بە هۆكاری خراپیی كوالیتەكەی وتی: ״تاكو ئێستا هیچ زانیارییەكمان نییە لەسەر ئەوەی بەرهەمەكانی كوردستان لە سامانی ئاژەڵی ڕەت كرابێتنەوە״.
لە هەرێم بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی وەك سماق، ترێ، هەنار، هەنجیر، سێو، گوێز، برنج و هەنگوین، دەستكاریی بۆماوەییان نەكراوە و زۆربەیان بەبێ بەكارهێنانی پەینی كیمیایی و دەرمانی قڕكەر بەرهەم دەهێنرێن، ئەمانە لە ڕووی كوالێتی و هەناردەكردنی كێشەی نییە، ئەمە وەك ئەوەی د. ئەنوەر ئەحمەد، بڕیاردەری لیژنەی باڵای كشتوكاڵی ئۆرگانیك لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم ئاماژەی بۆ دەكات.
كاوە نادر شارەزای بواری كشتوكاڵی بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״لە زۆر ڕووەوە بەرهەمەكانی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی زانستی بەڕێوە ناچن، زۆر ماددەی كیمیایی بۆ پێگەیاندنی بەكار دەهێنرێت، تەنیا بۆ ئەوەی زۆرترین قازانجی تێدا بكەن، ئەویش لەسەر حسابی كواالێتیی بەرهەمەكانە، بۆیە ڕەتكردنەوەی بەرهەمی كشتوكاڵی لە لایەن وڵاتانەوە چاوەڕوانكراوە״.
وتیشی: ״خراپیی بەشێكی بەرهەمی كشتوكاڵیی كوردستان لە كاتێكدایە ئێمە خاك و ئاووهەوایەكی لەبار و بەپیتمان هەیە و شیاوە بۆ كشتوكاڵ و بەخێوكردنی ئاژەڵ، بەڵام شێوازی بەڕێوەبردن و ئەو ماددنەی بەكار دەهێنرێن كەموکوڕیی هەیە، ئەمەش كار لە ناوبانگی كوردستان دەكات لە ڕووی بەرهەمی كشتوكاڵییەوە״.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لە لایەكی ترەوە هیچ چاودێرییەك لەسەر چۆنیەتیی بەرهەمهێنانی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستاندا نییە، ئەوانەیشی سەرپەرشتیی ئەو كەرتە دەكەن، بەشێكیان خەڵكی شارەزا و پسپۆڕ نین، لە كوردستاندا ئاساییە كەسێك لە كەرتی سامانی ئاژەڵ بێت بچێتە كەرتی خۆراكە ڕووەكییەكان یان بە پێچەوانەوە.