سازدانی: ڕاوێژ کامەران
خانمە شێوەکار و شاعیر شادان عەلی، تهمهن 40 ساڵ، ناسراو بە (شادە عەلی) لەم دیمانەیەدا لەگەڵ ״ئاژانس״، باس لە ئەزموونی کاری هونەریی خۆی دەکات و ئاماژەش بەوە دەکات کە یەکەم خانمی کورد بووە شێوەکاری و شیعری لە کارە هونەرییەکانی و پێشانگاکانیدا تێکەڵ کردووە، ئەو خاوەنی چەندین پێشانگای شێوەکاریی تایبەت و ٢ ئهلبوومی تۆمارکراوی شیعرییە و ئێستاش لە کارە هونەرییەکانی بەردەوامە.
ئاژانس: وەک دەزانین ئێوە ماوەیەکی زۆرە لە بواری هونەری شێوەکاری کار دەکەن، پێتان وا نییە لە پاش هاتنەکایەی تەکنەلۆژیا و هونەری مۆدێرن و کاری گرافیک و هەموو ئەو هونەرە نوێیانەی دیکە هونەری شێوەکاری کەمتر بایەخی پێ بدرێت؟
شادە عەلی: هونەری شێوەکاری وەک هەموو هونەرەکانی تر نرخ و بەهای خۆی هەیە، لە جیهاندا بە تایبەتی هونەری شێوەکاری پێگەیەکی فراوانی هەیە و وابەستەی دابونەریت و کولتوور نییە و بەردەوام لە داهێناندایە، هونەری مۆدێرنیش لە جیهاندا پێگەی خۆی هەیە، بەڵام لە کوردستان بە پێچەوانەوەیە زیاتر گرنگیی بە هونەری مۆدێرن و تەکنۆلۆژیا ئەدرێت، چونکە لە بنەڕەتدا کۆمەڵگهکەمان فێر نەکراوە لەسەر هونەری شێوەکاری باسیان بۆ بکرێ تێیان بگەیەنن و گرنگیی پێ بدرێ و پێگەیەکی فراوانی نییە و بواری داهێنانی نییە و فێرگەکان لە یەک ئاستدا وەستاون، ئەبێ خۆت هەوڵ بدەی و خۆت ماندوو بکەی تا زیاتر فێر بیت، بۆیە لە کوردستان هونەری مۆدێرن شوێنی هونەری شێوەکاریی گرتووهتەوە بە واتای نرخێکی هەرزان و مانەوەیەکی زۆریش دەمێنێتەوە.
ئاژانس: پەیامی تۆ لە کارە هونەرییەکاندا چییە؟
شادە عەلی: پەیامی من لە کارەکانمدا ڕێزگرتنی ئافرەتە لە ناو کۆمەڵگهکەمان، هەرچەنده لە ئێستادا لە ناو کۆمەڵگهکەمان چ ژن بێت چ پیاو دەچەوسێنەوە و پێویستە کار بۆ هەردوولایان بکرێ و تەبایی و یەکسانی و ئاشتی و شوێنەواری مانەوە لە دوای کارەساتی شەڕ و جەنگ بە گشتی بایهخی پێ بدرێ. ئەو پەیامەی من مەبەستم بوو زیاتر وەستاندنی شەڕ و بەردەوامبوونی ژیانە، خەریکە لە ئێستادا وردە وردە ژیان دەست پێ دەکاتەوە.
ئاژانس: لە کێشانی تابلۆکانتدا چی بە کار دەهێنیت؟
شادە عەلی: من ڕەنگی ئاوی و ڕەنگی ئەکریلک بە کار دەهێنم و لەسەر قوماشی کەنفاس هەروەها بە فڵچە وێنە دەکێشم و چەقۆی تایبەت بە ڕەنگ هەیە بۆ زەڕبەکانی کۆتایی کە دیمەن و شێوەیەکی تایبەت ئەدات بە تابلۆکە، چونکە تابلۆ وشەی بێدەنگە بە هەموو زمانێک دەخوێنرێتەوە.
ئاژانس: بەدەر لە شێوەکاری ئێوە شیعریش دەنووسن، شێوازی شیعر لای ئێوە تایبەتمەندیی چییە و زیاتر چ شتێک واتان لێ دەکات شیعر بنووسن؟
شادە عەلی: شاعیر دەبێت فەرهەنگی وشە بێت، پڕ بێ لە پشوودان و شەونخونی، شیعر ئاوێتە و ئاوێنەی هەست و نەستی مرۆڤایەتی بێ و شیعر دەبێ ئەوەندە تەڕ و پاراو بێ واتا کاریگەریی لەسەر خوێنەر هەبێ و تایبەتمەندیی شێوازی شیعر گشتگیر بێت و هەمەچەشنە بێ و لە سەرجەم بوارە شیعرییەکاندا سوارچاکی نووسینی ئەدەبەکەی خۆی بێت، بۆ من هەر شتێ کە ڕۆژانە دەیبنین و دەیبیستین کاریگەریی هەیە لەسەر نووسینەکانم دەینووسم و کاری لەسەر دەکەم بە تایبەت لەسەر لایەنی ئافرەت بێت یا پیاو ـ ئاشتی و تەبایی و شەڕ و جەنگ و ئاوارە و نیشتیمان و خاک و کێشەکانی نێوان تاکەکانی خێزان و کۆمەڵگه و برسێتی و خۆشەویستی.
ئاژانس: چیرۆکی خۆشەویستی لە ژیانتدا هەیە؟ مەرجت بۆ هاوسەرگیری چییە؟
شادە عەلی: نەخێر هیچ چیرۆکێک نییە، هاوسەرگیری قیسمەت و نسیبە، بەڵام تەنها مەرجم ئەوەیە کەسێکی خواناس و ڕاستگۆ و ڕەوشتبەرزی ناو کۆمەڵگەکەم بێت و ئاستی ڕۆشنبیریی باش بێت.
ئاژانس: وەک هونەرمەندێک تا چەند پاێزگاری لە کێش و جوانیی جەستەت دەکەیت و بە لاتەوە گرنگە؟
شادە عەلی: مرۆڤ بە جوانیی قەد و باڵایەوە دەردەکەوێ، چونکە چاو یەکەم شت باڵا دەبینێ، خۆم هەر کێشم باشە، بەڵام پارێزگاری لە کێشم ئەکەم بەوەی خواردنە قورسەکان ناخۆم، خواردنی شیرینیش کەم دەخۆم، لە کوردستان زۆر خراپ کێش دائەبەزێنن، ڕێنماییەکان وەک خۆی جێبەجێ ناکەن یان هیچ ناخۆن تەنیا سێوێک یا پڕتەقاڵێک لە پڕ کێشیان دائەبەزێ و تووشی چەندین نەخۆشی و کەمیی ڤیتامین ئەبن یا وەرزشێ ئەکەن یەک مانگ لە ساڵێکدا لە دوای وەرزشەکە دەست دەکەن بە لەفە خواردن و شیرینی، باشترین کێشدابەزاندن دوور بکەونەوە لە خواردنە قورسە پڕ چەورییەکان و شیرینی نەواشف، زیاتر ژەمە خواردنەکانیان زەڵاتەی لەگەڵدا بێ و بەرهەمی شیرەمەنییەکان بە کار بهێنن بۆ خواردن، هەوڵ بدەن خواردنەکان بە هەڵم درووست بکرێ و به تایبەت سەوزەی نەعنا بخۆن بۆنی پێستیش خۆش ئەکات، جگە لەوەش ڕۆیشتن بە پێ بۆ کاتژمێرێ یا نیو کاتژمێر زۆر بەسوودە لە ڕۆژێکدا.