ئاژانس
خانمە هونەرمەند شانیا یووسف سەرقاڵی تۆمارکردنی بەرهەمێکی نوێیە کە گۆرانییەکە بۆ دایک.
شانیا یووسف لە بارەی ئەو بەرهەمەوە بە “ئاژانس”ی وت: “گۆرانییەکی نوێم بە ناوی (دایە گیان) تۆمارکردووە کە لە ڕێگەیەوە هەستوسۆز و خۆشەویستیی خۆمم بۆ دایکم دەربڕیوە، گۆرانییە نوێکە بە زمانی کوردییە و لە تێکستی د. ئاراس عەبدولكەریمە و هەڵکەوت زاهیر ئاوازی بۆ داناوە و کاری دابەشکردنی موزیکیش لەلایەن یەڵدان ئۆرگوزلەوە کراوە.”
شانیا کچێکی عەرەبە و هێشتا بە تەواوەتی فێری کوردی نەبووە، لەبارەی تۆمارکردنی ئەم گۆرانییە کوردییەوە وتی: “لە تۆمارکردنی گۆرانییەکانم بە زمانی کوردی زۆر ماندوو دەبم بۆ ئەوەی بەباشی وشەکان دەربکەم، چونکە زۆرجار شێوازی دەربڕینی وشەکانم بە کوردی بۆ نایەت، بەڵام بەردەوام هەوڵی تەواوی خۆمی لەگەڵدا دەدەم.”
شانیا لە شاری بەغداد لەدایک بووە و ماوەیەک لە هەرێمی کوردستان ژیاوە، چەند بەرهەمێکی هونەری بە زمانی کوردی و عەرەبی هەیە و ئێستاش لە تورکیا ژیان بەسەردەبات.