«بۆ نووسین کەسێکی ترسنۆکم»
سازدانی: ئاژانس
شوان کەریم، ئەگەرچی زیاتر وەک شانۆکار و دەرهێنەری ئەو بوارە ناسراوە، بەڵام بە بڵاوکردنەوەی ڕۆمانی «هەفتەیەک»، توانی تاوانی خۆی لە بواری ڕۆماننووسینیشدا پیشان بدات و وەک خۆشی ڕایدەگەیەنێت، ڕۆماننووسین خەونێکی لەمێژینەی بووە.
شوان کەریم لە دیمانەیەکی «ئاژانس»دا سەبارەت بە ئەزموونی نووسینی یەکەم ڕۆمانی و هەلومەرجی نووسین دەدوێت و پێی وایە، «دۆخی ڕۆمان لەناو کورددا لە دۆخی شیعر باشترە» و دەشڵێت: «بۆ نووسین کەسێکی ترسنۆکم.»
ئاژانس: دەمەوێت ڕاستەوخۆ لەم پرسیارە بە «ڕووکەش» سادەیەوە دەست پێ بکەم، بۆچی بیرت لە نووسینی ڕۆمان کردەوە؟
شوان کەریم: لەوانەیە خەونێکی ھەرزەکاریم بووبێت، خەونێک کە بە درێژیی ئەو ھەموو ساڵە خەفەم کرد و ھەر زوو زوو خۆی زیندوو دەکردەوە لە لام، خەونی ئەوەی دوای خۆم لە ژیانا ڕۆمانێک یان زیاتر بەجێ بهێڵم. من بۆ نووسین، کەسێکی ترسنۆکم، قەت دڵنیا نیم لە خۆم، ھەمیشە پێم وایە خراپییەک، لەنگییەک ھەیە کە بەسەرمدا تێپەڕیوە، زۆرم دەوێت تا بەرھەمێکم ڕووناکی ببینێت. بۆ ڕۆمانیش ھەر وا بووم بگرە خراپتریش.
ئاژانس: نووسەرێکی دیاریکراو هەیە بە تایبەت ئیلهامت لێ وەرگرتبێت، یان لە چرکەیەکی بەریەککەوتندا بیرۆکەی ڕۆماننووسین لای تۆ سەری هەڵدا بێت؟
شوان کەریم: بێگومانم لەوەی ھەموو ھونەرێک ئیفرازکردنەوەیەکی نوێیە بۆ ئەو شتانەی پێشتر کاریگەریی لەسەرمان جێھێشتووە، بۆیە ناکرێت بڵێین ئەم بەرھەمە خاڵییە لە کاریگەریی خویندنەوەکانی خۆم، بەڵام ھیوادارم توانیبێتم کاریگەریی نەناسراوە بن بۆ خوێنەر، چونکە گەر وا نەبێت دەچێتە خانەی لاساییکردنەوەوە.
ئاژانس: هەموو ڕۆمانێک سەرەتا بیرۆکەیەکە، دەمەوێت سەرهەڵدانی بیرۆکەی یەکەم ڕۆمانت بخەیتە ڕوو، بە وردی پڕۆسەی سەرهەڵدان تا نووسینی، ئەم پڕۆسەیە لە خەیاڵی تۆی نووسەردا بە چ پلەبەندییەکدا ڕۆیشتووە، هەندێ جار هەندێ نووسەر باسکردنیان لە بیرۆکەی پشتی نووسینی ڕۆمانێک زۆر دوورودرێژ و سەرنجڕاکێش بووە؟
شوان کەریم: چەند جارێک پلانی نووسینی ڕۆمانم ھەبووە، بەڵام ھەموو جارێک لە خاڵێکدا وەستاوم و پێم وا بووە شتێکی باشی لێ دەرناچێت. ئەم جارەیان تەواو بە پێچەوانەوە لە پلانی نووسینی چیرۆکێکەوە درووست بوو، لای من ھەمیشە ھەیکەل یان چوارچێوەی چیرۆک ھەمیشە دەستپێکە، واتا ئەوەی بزانم لە کوێوە دەست پێ بکەم و کۆتایی چۆن دەبێت، ئیتر پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە زۆر سەربەستم و چێژ لە خودی پڕۆسەی گەڕان و دۆزینەوەی چاوەڕواننەکراو دەبینم. بۆ ئەم ڕۆمانەش ھێندەم دەزانی لە شارێکی باشوورەوە دەست پێ دەکات و لەسەر سنوورێکی دوور کۆتایی دێت، ئیتر خۆم دایە دەست کارەکتەر و ڕووداوەکان بێ ڕەچاوکردنی ئەوەی لە چ فۆڕمێکدا بڵاوی بکەمەوە، ھەرچەندە گەر ڕاستگۆ بم ئەو حەزە دێرینەم بۆ نووسینی ڕۆمان ھەمیشە ئامادەگییەکی ھەبوو.
ئاژانس: سەبارەت بە ناونیشانی ڕۆمانەکەت، چۆن هەڵت بژاردووە. بەشێک لە نووسەران ناونیشانی ڕۆمان بە ئاڵۆزترین و پڕکێشەترین بەشی نووسینەکەیان دەزانن، لای تۆش هەمان ئاڵۆزیی هەبووە، ئایا چ پێوەر و میکانیزمێک لای تۆ ناوی ڕۆمانەکەت دیاری دەکات؟
شوان کەریم: ھەڵبژاردنی ناونیشان پڕۆسەیەکی قورسە. بینینەوە و قسەگەلێکی جیاوازی لەسەرە بەڵام زۆرینەشیان پابەندبوونە بە چێژی تاکەکەسییەوە. بۆ من ناونیشانەکە ڕێک ئەو ھەفتەیەیە کە ڕووداوەکانی تیادا ڕوو دەدات و سەفەرەکە دەمانباتەوە بۆ سیوپێنج ساڵ لەمەوبەر. ھەر حەزیشم کرد بەو سادەییە و بێ ئاڵۆزکردن ناونیشانەکەی ئەوە بێت.
ئاژانس: پرسی سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتایی ڕۆمان پرسی گەرمی نووسەران بووە لە بارەی نووسینی ڕۆمانەکانیانەوە، هەندێک پێیان وایە ڕستەی سەرەتا داڕێژەی هەموو ڕۆمانەکەیە و هەندێک کۆتایی و هەندێک ناوەڕاست، نووسەرانێکی وەک هەمینگوەی و مارکیز دەڵێن سەدان لاپەڕەیان لەبەر ڕستەی یەکەمی ڕۆمانەکەیان دڕاندووە کە بە دڵیان نەبووە، تۆ لە نووسینی ڕۆمانەکەتدا چۆن مامەڵەت لەگەڵ سەرەتا و کۆتایی و ناوەڕاستەکەی کردەوە، بە چ پڕۆسەیەکدا ڕۆیشتوویت؟
شوان کەریم: پێشتر باسی ئەوەم کرد کە بوونی سەرەتا و کۆتایی بۆ من زۆر گرنگە بۆ ئەوەی بنووسم، ھەرچەندە زۆربەی کات نووسینەکە بردوومی بۆ کۆتاییەکی تر، بەڵام نەمتوانی بێ بوونی دوو خاڵی سەرەتا و کۆتایی ئازادانە بنووسم. لەوانەیە ئەمەش بێت کە وا بکات زیاتر چێژ ببینین لە نووسین کە خۆشمان دەگەڕێین ئاوێتەی چیرۆکەکان دەبین. لەگەڵ پاڵەوانەکان دەگرین و لە ڕووداوەکاندا دەژین.
ئاژانس: ئێمە بە پێچەوانەی شیعرەوە، بناغەیەکی پتەوی ڕۆمانی کلاسیکیمان نییە کە سروشتیانە ڕێی کردبێت تا ئێرە، تۆی نووسەرێکی گەنج لە نێوان نەبوونی باکگراوندێکی ڕۆمانی کلاسیکی کوردی و نووسینی مۆدێرنانەی ئەمڕۆ چۆن بیر دەکەیتەوە، ئەم پەڕینەوە خێرایە لای تۆی ڕۆماننووس کێشەی درووست نەکردووە؟
شوان کەریم: با سەرەتا ئەوە بپرسین؛ ئایا نووسینی ڕۆمانێک دەمانکاتە ڕۆماننووس؟ گەر تۆزێک لە کردارەکە دوور کەوینەوە لە ڕووی زمانەوانییەوە دەبینین وشەی ڕۆماننووس باکگراوندێکی قوڵتر و قورستری ھەیە لەوەی تەنھا یەک بەرھەم بتخاتە ئەو خانەیەوە.
لەوانەیە من دۆخی ڕۆمان باشتر ببینم لە کورددا وەک لە دۆخی شیعر، ئەوەش پابەندە بە چەند خاڵێکەوە کە باسکردنیان گفتوگۆی درێژ بە دوای خۆیدا دەھێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا گەر بە کورتی ڕوونی بکەمەوە بۆ لای من وایە، دەبێت بڵێم ڕۆمان وەک فۆڕمەکەی ھەناسەیەکی درێژ و شارەزایی دەوێت لە چنینی ڕووداو و داڕشتنەوەی چیرۆک و ھونەری دیالۆگ، مرۆڤی سەردەم زیاتر ئالوودەی ئەو شتانە بووە کە زۆر خێرا دێنە بەرھەم و زوو خۆی تووشی بەتاڵبودنەوە دەکات لەو ڕێگەیەوە، بۆیە دەبینین شیعر دەبێتە گەورەترین قوربانیی ئەم سەردەمە. ڕاستە بوونی مێژوویەکی درێژ ھەمیشە یارمەتیدەرە بۆ ناسینەوەی بەرھەمە جوان و ڕاستەقینەکان، بەڵام دواجار ھەموو خوێنەرێک ئەم باکگراوندە ھۆشیارییەی نییە و میدیا کوردییەکان زۆربەیان خراپ دەستیان خستووەتە بینەقاقای ھەناسە جددییەکان.
ھونەری ڕۆمانیش شتێک نییە کورد دۆزیبێتییەوە و لە دەرەوەی ئەم بوونی نەبێت، بۆیە نابێت ئەوەمان بیربچێت لە پاڵ بوونی چەندین ڕۆماننووسی باش لە کورددا، پڕۆسەی وەرگێڕان لە زمانە جیھانییەکانەوە پەنجەرەیەکی گەورە و بەسوود بوون لەسەر ڕوانگەی ئێمە بۆ ڕۆمان.