داعش لە موسڵ چیی کردووە تورکیاش لە عەفرین ئەوە دەکات
سازدانی: هێمن حەسەن
شێرکۆ حەمەئەمین، ئەندامی شاندی پەرلەمانی کوردستان بۆ عەفرین ڕایدەگەیەنێت، عەفرین و شەڕڤانان پێویستییان بە هاوکارییە، سەبارەت بە کردنەوەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێم و ڕۆژئاوای کوردستانیش، دەڵێت: ״پارتی بەڵێنی داوە سنووری ڕۆژئاوا و هەرێم بکاتەوە و هاوکاریی هەر یارمەتی و پێویستییەک بدات کە بچێتە ڕۆژئاوا.״
سەرەتای ئەم هەفتەیە وەفدێکی پەرلەمانی کوردستان بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی عەفرین کە نزیکەی ٣٠ ڕۆژە لەژێر هێرشی سوپای تورکیادایە، سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانیان کردووە و تا ئێستاش نەگەڕاونەتەوە.
شێركۆ حەمەئەمین، لە چاوپێکەوتنێکی ״ئاژانس״دا ئاشکرای دەکات، تورکیا بە زۆر چەکی پێشکەوتوو هێرش دەکاتە سەر عەفرین و دەشڵێت: ״تورکیا لە هێرشدا هیچ حسابێکی مرۆیی ناکات، شوێنە مێژووییەکان و سەرچاوەکانی وەک ئاو وێران دەکات، داعش لە موسڵ چیی کرد تورکیاش لە عەفرین ئەوە دەکات.״
ئاژانس: با سەرەتا لە سەردانەكەتانەوە دەست پێ بکەین بۆ عەفرین، ئێوە وەفدی پەرلەمان بوون یان هەر خۆتان وەک پەرلەمانتاران چوون؟
شێركۆ حەمەئەمین: ئێمە وەك شاندێكی فەرمی لە پەرلەمانی كوردستانەوە چووین بۆ ڕۆژئاوای كوردستان و بۆ عەفرین بە مەبەستی دەربڕینی پشتیوانیی پەرلەمان و لە ڕێی پەرلەمانیشەوە پشتیوانیی خەڵكی هەرێمی كوردستان بگەیەنینە عەفرین و بەرخودان و قارەمانییەتی سەردەم بەرانبەر دەستدرێژیی دەوڵەتی توركیا، هاوکات ههندێ پێداویستیی پزیشکیشمان بۆ بردوون.
ئاژانس: لەم چەند ڕۆژەی لە عەفرین بوون كێتان بینیوە و سەردانی كوێتان كردووە؟
شێركۆ حەمەئەمین: لەوێ لەگەڵ هاوسەرۆكانی كانتۆنی عەفرین و ئەنجوومەنی یاسادانانی عەفرین كۆ بووینەوە و چاومان بە هەموو لایەنە سیاسییەكان كەوتووە، دواتر چووینە ناو شاری عەفرین و ئینجا سەردانی ئەو شوێنانەمان كرد كە فڕۆكەكانی توركیا بۆردومانیان كردووە، شوێنەوارێكی مێژووییمان بەسەر كردەوە كە دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش زایین كە بەداخەوە فڕۆكەكان وێرانیان كردووە و لە ڕێكخراوی یونسكۆش تۆمار كراوە، ئەمە هاوشێوەی ڕەفتارەكانی داعشە كە لە موسڵ ئەنجامی داوە، توركیاش هەمان كاری كردووە لە عەفرین، چەند شوێنێكی ترمان بینی وەكو پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە، دیسان فڕۆكەكانی توركیا لێیان داوە، سەردانی نەخۆشخانەی عەفرینمان كرد و بە چاوی خۆمان بریندارەكانمان بینی كە زیاتر لە 165 بریندار بوون و پیر و منداڵ و ژن و گەنجی تێدا بوون، نزیكەی چوارسەد كەسیش شەهید بوون.
ئاژانس: سەردانی ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەكانی عەفرینتان كرد، بە گشتی ژیان چۆن بوو لەوێ؟
شێركۆ حەمەئەمین: بەڵێ سەردانی ناو شارمان كرد، ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە ژیان زۆر ئاسایی دەڕوات، ئەمە دەیسەلمێنێت كە ئەم میللەتە سەردەكەوێت، زۆر ورەیان بەرز بوو.
ئاژانس: شەڕ چەند لە عەفرینەوە دوورە؟
شێركۆ حەمەئەمین: شەڕ نزیكەی 25 كیلۆمەتر لە شاری عەفرینەوە دوورە، شەڕ لە دەوروبەری عەفرین گەرمە بە تایبەت لە ناوچەی بلبلێ.
ئاژانس: پەیامی ئەوان چی بوو بۆ ئێوە، هیچ داواكارییەكیان هەبوو لێتان؟
شێركۆ حەمەئەمین: ئەوان پەیامیان ئەوە بوو كە چوار ساڵە عەفرین گەمارۆ دراوە، پێویستە ئەم گەمارۆیە تێك بشكێنرێت، داوایان ئەوە بوو كار بكەین بۆ داواكردن لە سەرجەم ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و نەتەوە یەكگرتووەكان كە بە هانای عەفرینەوە بچن، چونكە تاكو ئێستا تەنیا لە چوارچێوەی بەڵێندا بووە، ئێستا كاتیەتی بكرێت بە كردار بۆیان، بۆ ئەوەی بەر بە كارەساتێكی مرۆیی بگرن، جگە لەوەش عەفرین بووەتە پەناگەیەكی گرنگ بۆ ئاوارەكانی سوریا كە سەدان هەزار ئاوارەی تێدا جێگیر كراوە، بۆیە لە هەموو ڕوویەكەوە پێویستیان بە هاوكاریكردنە بە تایبەت لە ئێستادا پێویستیی زۆریان بە دەرمان و پێداویستیی پزیشكییە.
ئاژانس: دوای ئەو سەردانە چی دەكەن؟
شێركۆ حەمەئەمین: ئێمە ڕاپۆرتێك ئامادە دەكەین و ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی دەكەین، هەوڵ دەدەین لە ڕێی لیژنە تایبەتمەندەکانەوە نوێنەرایەتیی وڵاتان لە هەرێم و نەتەوە یەكگرتووەكان ببینین بۆ ئەوەی ئاگاداریان بكەینەوە لە دۆخی عەفرین و داواكارییەكانیان.
ئاژانس: كار لەسەر ئەوە ناكەن پەرلەمان بڕیاری ناردنی هێز بدات بۆ عەفرین؟
شێركۆ حەمەئەمین: نازانین جارێ، ئەوە دەكەوێتە سەر كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان كە چۆن دەبێت، لە ڕاستیدا ئەوانیش بەشی ئەوە هێزیان هەیە كە دەتوانن بەرگریی قارەمانانەی پێ بكەن بۆ پاراستنی عەفرین.
ئاژانس: بەرپرسانی عەفرین هیچ داواكارییەكیان هەبوو یان ئێوە بە تەما نین هەوڵ بۆ كردنەوەی دەروازەکانی نێوان هەرێم و ڕۆژئاوا بدەن؟
شێركۆ حەمەئەمین: ئێمە پێش ئەوەی بێینە عەفرین لەگەڵ خاڵە سنوورییەكە باسمان كرد كە هاوكاریی بكەن بۆ ڕێگەدان بە چوونی هاوكاری بە ڕۆژئاوای كوردستان، جگە لەوەش لەگەڵ شاندەكەی پەرلەمان ئەندامێكی پەرلەمان لە فراكسیۆنی پارتی هەیە وتی هەموو بەرپرسانی حزبەكەی جەخت لەوە دەكەنەوە كە سنوورەكان كراوە دەبێت بۆ گەیاندنی هەموو هاوكارییەكی مرۆیی بۆ ڕۆژئاوای كوردستان، ئەمە قسەی پارتی دیموكراتی كوردستانە و قسەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانیشە.
ئاژانس: ئەوەندەی سەرنجتان دابێت یان زانیاریتان دەست كەوتبێت هێزی ئەمەریكی یاخود هێزێكی بیانی لە عەفرین نەبوو؟
شێركۆ حەمەئەمین: نەخێر لە عەفرین هیچ هێزێكی بیانیی لێ نەبوو، بەڵام وتیان لە گوندی حەی عیسا هەیە كە دوورە لە عەفرینەوە، شەڕڤانان تەنیا پشتیان بە خۆیان و میللەتەكەیان بەستووە و لە دژی دەوڵەتی توركیا وەستاونەتەوە كە ئەو هەموو چەكە پێشكەوتووە بەكار دەهێنێت.