فەرهاد حەسەن
نزیكەی چوار ساڵ لەمەوبەر دوای پاشەكشێی هێزە عێراقییەكان و پڕكردنەوەی جێگەیان بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە 27ی حوزەیرانی 2014دا سەردانی شاری كەركوكی كرد، لەوێوە مژدەی جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراقی ڕاگەیاند كاتێك وتی ״ماددەی 140ی دەستوور بەدی هات و كۆتایی هات״، وەك ئاماژەیەك بۆ سەپاندنی ئەمری واقع بەسەر ناوچەیەكدا كە زیاتر لەوەی پێویستی بە عینادی و بڕیاری دیراسەنەكراو بێت، پێویستی بە شەڕی دەستووری و سیاسی بوو. دواتر بە ڕیفراندۆمێكی تاكلایەنەی نەخەمڵێنراو لە 2017دا چارەنووسی ناوچە دابڕاوەكان بەرەو هەڵدێر برا، بەجۆرێك ڕووداوەكانی دوای 25ی ئەیلول پیشانی دا سیاسەتكردن بە عەقڵیەتی سەپاندنی ئەمری واقع چ هەڵەیەكی كوشندە بووە كە ساڵانێكە بە هۆی كۆمەڵێك بارودۆخی بابەتی و خودی لە عێراق بەشێك له سیاسییەكانی كورد لە سەری ڕاهاتوون.
لە جێبەجێكردن و كۆتاییهاتنی ماددەی 140ەوە لە 2014دا، ئێستا دووبارە پارتی بە سەركردایەتیی چەند كەسێكی بنەماڵەكە بەدەر لە خودی بارزانی وەك بەشێك لە بەرنامەی لیستەكەیان لە بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا بەڵێنی جێبەجێكردنی ئەو ماددە دەستوورییە دەدەن! ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە لە ڕابردوودا یەكلاییكردنەوەی چارەنووسی ناوچە جێناكۆكەكان بەتایبەتی كەركوك لە ئەولەوییەتی ئەو حزبە نەبووە. بەڵگەش لەسەر ئەوە پشتكردنە شار و خەڵكی كەركوكە دوای هێرشی هێزە عێراقییەكان بە هۆی بڕیاری نەخەمڵێنراوی ڕیفراندۆمی تاكلایەنەی دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە. ئەوەی جێگەی هەڵوێستەیە پارتی لە ناوچەكانی دەشتی نەینەوا لە ژێر دەسەڵاتی ئەو هێزانەی كە لە كەركوك بە داگیركەریان هەژمار دەكات دەستی كردووە بە بانگەشەی هەڵبژاردن– كە بەشێك لەو ناوچە قوربانیی سیاسەت و پشتهەڵكردنی ئەو حزبەن لە كاتی جەنگی دژ بە داعشدا. ئەم جۆرە گوتار و سیاسەتكردنە هەڵگری دوو مەغزای پارادۆكسئامێزە. یەكێكیان گوزارشتە لە سیاسەتێكی شكستخواردووی خوارووخێچ كە زادەی ڕیفراندۆم و سەپاندنی ئەمری واقع بوو لە 25ی ئەیلول، كە پارتی ئێستا ناوێرێت بە ئاشكرا دانی پێدابنێت و شانبداتە بەر بەرپرسیارێتیی ئەو شكستەی بەسەر هەرێمی كوردستان و گەلی كورددا هێناویەتی. هەرچی دووەمیانە، جۆرێكە لە چەواشەكاری و سەرلێشێواندنی ڕای گشتییە كە دەیەوێت لە پاڵ ئەم سیاسەتەدا بەرژەوەندییەكانی خۆی لە دەست نەدات و لە ڕێگەیەوە كەسبی جەماوەر بكات و قەناعەت بە دەنگدەر بكات هێشتا دەتوانێت دۆزی نەتەوەیەكی پێ بسپێردرێت! دەنا هیچ كاتێك ڕووی نەداوە كە هێزێك خۆی بە قارەمانی شەڕی سەربەخۆیی دابنێت و لە هەمان كاتدا عەوداڵی دەنگچنینەوە بێت بۆ ئەوەی دووبارە بچێتەوە بەغداد! بۆیە ڕوونە پارتی لە كوێ ئەگەری سەركەوتنی نەبێت و نەتوانێت بە هۆی هەڵە سیاسیی و بڕیارە ناتەندرووستەكانییەوە فشار درووست بكات، لەژێر عینوانی نەتەوەیی، خاك بایكۆت دەكات، لە هەر ناوچەیەكیش پێ وا بێت دەتوانێت جۆرێك لە ناچاركردن درووست بكات دەچێتە ململانێی هەڵبژاردنەوە بەبێ گوێدانە بانگەشە نەتەوەییەكانی لە ناوچەكانی تردا.