ئاژانس – هێمن مامەند
لەسەر تۆمەتباركردنی حكومەت بە خواردنی مووچەی چوار مانگی فەرمانبەران، سەرۆكی داواكاری گشتی سكاڵای یاسایی لەسەر دادوەرێكی ئەو دەزگایە تۆمار دەكات و دادوەرهكەش دەڵێت: ״بە تەلەفۆن پێیان وتم سكاڵا لەسەرت تۆمار كراوە״.
دادوەر ئەبووبەكر حامد، ئەو دادوەرەیه كە ماوەیەك لەمەوبەر سكاڵایەكی لە دژی سەرۆكی حكومەت جوڵاند و تۆمەتباری كردن بە خواردنی مووچەی چوار مانگی فەرمانبەران و دواتر بەم هۆیەشەوە لە سەرۆكایەتیی داواكاری گشتیی هەرێم گواسترایەوە بۆ قەزای خەبات، لە لایەن سەرۆكی داواكاری گشتیی هەرێم سكاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەكرێت.
دادوەر ئەبووبەكر حامد بە ״ئاژانس״ی وت: ״لە لایەن حاكم ئازاد سەرۆكی داواكاری گشتیی هەرێم سكاڵام لەسەر تۆمار كراوە، بەڵام نازانم سكاڵاكە لەسەر چییە و ئامادەی دادگاكەش نابم، چونكە تەبلیغی دادگاكەم بە پەیوەندیی تەلەفۆنی پێ گەیشتووە و ئەمەش نایاساییە، چونكە تەبلیغكردن بە پەیوەندیی تەلەفۆن نابێت״.
سەبارەت بەو تۆمەتەی كە ئاڕاستەی حاكم ئەبووبەكر حامد كراوە، ״ئاژانس״ چەندین جار پەیوەندیی بە هەریەك لە سەرۆكی داواكاری گشتی و وتەبێژی داواكاری گشتییەوە کرد، بەڵام كەسیان وەڵامی پەیوەندییەكەیان نەدایەوە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە داواكاری گشتیی هەرێم كە خۆی نەیویست ناوی بهێندرێت بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند: سكاڵاكەی سەرۆكی داواكاری گشتی لەسەر ئەوەیە كە داوای بەڵگە لە دادوەرەكە دەكات كە حكومەتی هەرێم چوار مووچەی فەرمانبەرانی خواردووە و ناكرێت بەبێ بەڵگە حاكمێك سكاڵا لەسەر حكومەت تۆمار بكات״.