كۆمیسیۆن پێویستی بە سێ مانگە و ״پارتییش دەیەوێت بەر لە پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران هەڵبژاردن بکرێت״
ئاژانس – سەرچین ساڵح
یەكێتیی و پارتی لەسەر وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی هەرێم ناكۆكن و لە كاتێكدا پارتی داوا دەكات لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا ئەنجامبدرێت و یەكێتیی دەیەوێت دەرفەت بدرێت بە كۆمیسیۆن تاوەكو تۆماری دەنگدەران پاك بكاتەوە بەرلەوەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم جەخت لەوە دەكاتەوە كە پێویستیان بە سێ مانگە بۆ ئامادەكاریی هەڵبژاردن بە پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەرانیشەوە.
ساڵی ڕابردوو پەرلەمانی كوردستان ماوەی تەمەنی خۆی بۆ دوو خولی گرێدان درێژ كردەوە كە تاوەكو 6ی مانگی 11ی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت لە كارەكانی.
تا ئێستا ئاسۆی دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان ڕوون نییە، هەرچەندە حكومەتی هەرێم لە سەرەتای مانگی ڕابردوودا نووسراوێكی ئاڕاستەی پەرلەمان كردووە بۆ دیاریكردنی ئەو وادەیە بێ ئەوەی وەڵام بدرێتەوە.
خەڵەف ئەحمەد بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتیی لە پەرلەمانی كوردستان بە ״ئاژانس״ی وت: ״پێویستە یاسای درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان هەموار بكرێتەوە چونكە بە پێی یاساكە سەرەتای مانگی 11ی 2018 دەبێت هەڵبژاردنەكان ئەنجام بدرێن، ئەگەر بمانەوێت پێشی بخەین دەبێت یاساكە هەموار بكرێتەوە״.
وتیشی: ״دەبێت ئەوەش بزانین كە كۆمیسیۆن چەندی پێویستە بۆ ئەوەی ئامادەكارییەكانی تەواو بكات، لە هەموو گرنگتر پاككردنەوەی لیستی دەنگدەرانە كە نزیكەی 20 كورسی ناوی دووبارە و ئاوارە و سوریی تێدایە كە ناسنامەیان بۆ درووست كراوە״.
سەرەتای مانگی 12ی 2017 وەفدێكی پارتی سەردانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتییان كرد لە سلێمانی و بە فەرمی داوای پێشخستنی هەڵبژاردنەكانیان خستە بەردەم بەرپرسانی یەكێتیی، بەڵام داواكەیان ڕەت كرایەوە كە بە پێی زانیارەكانی ״ئاژانس״ هۆكاری سەرەكیی پاكنەكردنەوەی تۆماری دەنگدەران بووە و یەكێتییش پێشنیاری كردووە كە ئەو هەڵبژاردنە دوا بخرێت بۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، كە بڕیارە لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت.
محەمەد عەلی وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە ״ئاژانس״ی وت: ״پێشخستنی كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان پێویستی بە ڕێككەوتنی سیاسیی دەرەوەی پەرلەمانە، لە ئێستاشدا جگە لە پارتی حزبەكانی تر بە پەرۆش نین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بۆیە بە تەنها لە دەسەڵاتی پەرلەماندا نییە״.
وتیشی: ״پارتی پێی باشە لە زووترین كاتدا هەڵبژاردنەكان ئەنجام بدرێت لەبەر ئەوەی لەم كاتەدا پێویستمان بە دەستاودەستكردنی دەسەڵاتە و پێشمان باشە پێش هەڵبژاردنەكانی عێراق هەڵبژاردنەكانی هەرێم ئەنجام بدرێت و لەگەڵ حزبەكانی تر لە گفتوگۆداین بۆ گەیشتن بە تەوافق لەسەر ئەو پرسە״.
پرسی دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكان پێویستی بە ڕای كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان و ڕاپرسیی هەرێمە كە لایەنی جێبەجێكاری هەڵبژاردنەكانە و تا ئێستاش ئەوان بەرچاویان ڕوون نییە لەسەر وادەكە.
شێروان زرار وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و ڕاپرسیی هەرێم بە ״ئاژانس״ی وت: ״لە ئەنجوومەنی كۆمیسیاران خشتەیەكمان پەسەند كردووە كە پێش سێ مانگ و 15 ڕۆژە لە ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان دەتوانین ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی بكەین، بە شێوەیەك سەرجەم پێداویستییەكانی كۆمیسیۆن وەك بودجە و هاوكاریی وەزارەتەكان بۆ پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران، ئەمانە بكرێت پێش سێ مانگ و 15 ڕۆژەكە״.
وتیشی:״ ئەگەر ئەو پێویستییانەی كۆمیسیۆن دابین نەكرێن ئەوا شەش مانگمان پێویستە بۆ ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان، هەركاتێك دیاری بكرێت ئەوا ئەو ماوەیەمان پێویستە بۆ ئامادەكاری״.
پێدەچێت مشتومڕی نێوان پارتی و یەكێتیی وەك دوو هێزی دەسەڵات لەسەر وادەی هەڵبژاردنەكان زۆر بخایەنێت بەتایبەت كە بۆشایی نێوانیان لەسەر ئەو پرسە زۆرە.
فازڵ بەشارەتی ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی بە ״ئاژانس״ی وت: ״پارتی دەیەوێت هەڵبژاردنەكان زووتر ئەنجام بدرێت، سوورە لەسەر ئەنجامدانی، بەڵام لایەنەكانی تر ئامادەییان تێدا نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لە مانگی چواردا، لەگەڵ ئەوەشدا هەڵبژاردن بۆ یەك لایەن ناكرێت، پێویستە هەموو لایەنەكان ڕێك بكەون״.
وتیشی: ״یەكێتیی یەكێكە لە لایەنە گرنگەكانی كوردستان، که دەیەوێت هەڵبژاردنەكان دوا بخرێت بۆ كاتێكی تر، بۆ ئەوەی كۆنگرە ببەستن و سەركردایەتیی نوێ هەڵبژێردرێن״.
ئەو پەلەكردنەی پارتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان بەبێ پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران ڕووبەڕووی ڕەتكردنەوەی لایەنەكانی تر دەبێتەوە.
فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئێمە دژی هەڵبژاردن نین، لەگەڵ ئەوەین بەو جۆرەی یاسای بۆ دەركرابوو ئەنجام بدرێت و یەكێك لەو هۆكارانەی كە تەمەنی پەرلەمانی بۆ درێژ كرایەوە دەرفەتدان بوو بە كۆمیسیۆن بۆ پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران، كە باس دەكرێت 400 هەزار ناوی مردوو و دووبارەی تێدا ماوە، دهبێ لا ببرێن״.
فەرید ئەسەسەرد وتیشی: ״پەلەكردنی پارتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان نەهێشتنەوەی دەرفەتە بۆ پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران، كە زیاتر لە قازانجی پارتیدایە، پارتی ترسی ئەوەی هەیە ئەگەر هەڵبژاردنەكان لە مانگی چواردا نەكرێت دەكەوێتە دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق كە تیایدا كۆمەڵێك سیستمی تازە بەكار دەهێنرێت كە دەرفەتی ساختەكاری ناهێڵێتەوە و ئەو ئامێرانە بۆ هەڵبژاردنەكانی هەرێم سوودی لێ وەردەگیرێتەوە״.
ئاریان ڕەئوف مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی گەرمیانیش پێی وایە پارتی جددی نییە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان، بەڵام تێگەیشتووە لەوەی لایەنەكان بەتایبەت یەكێتیی ئامادەیی تەواوی نییە بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا، بۆیە خۆی وا دەردەخات كە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكاندایە.
ئاریان ڕەئوف بە ״ئاژانس״ی وت: ״پارتی پشتی بەستووە بە ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكاندا، ئەمەش بە سوودوەرگرتن لە خەوشی تۆماری دەنگدان و لەو ئاوارانەی لە سنووری دەسەڵاتیدا ماون و تا هەڵبژاردنەكان زووتر بكرێت پارتی سوودمەند دەبێت لە ئەنجامدانی ساختەكاری״.