پێگه‌ی كورد له ناوەند بێهێز بووه
سازدانی: ئارا ئیبراهیم
عه‌بدوڵڵا عالیاوایی ڕاوێژكاری سهرۆکكۆماری عێراق ئاماژه به‌وه ده‌دات كه فراكسیۆنه كوردییه‌كان له په‌رله‌مانی عێراق یه‌ك نین و لایه‌نه سیاسییه‌كانیش پشتیان كردووەته به‌غدا ئه‌وه‌ش به وته‌ی ناوبراو زیانی به پێگه‌ی كورد گه‌یاندووه و بێهێزی كردووه و ده‌شڵێت: ״تا ئێستا سه‌ركردایه‌تیی كورد له‌گه‌ڵ كشانه‌وه‌دا نییه له به‌غدا״.
عه‌بدوڵڵا عالیاوایی له چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ ئاژانسدا قۆناغی دوای داعش به مه‌ترسیدار ده‌زانێت و جه‌ختیش ده‌كاته‌وه كه پێشبینی ناكرێت مادده‌ی 140ی ده‌ستووری عێراق جێبه‌جێ بكرێت و ده‌شڵێت: ״ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق شه‌ش مانگ بۆ ساڵێك دوا بخرێت״.
ئاژانس: ڕه‌وشی عێراق به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات ئه‌وه‌نده‌ی ئێوه بزانن؟ هیوا هه‌یه حكومه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی بتوانێت كێشه‌كانی تایبه‌ت به چاكسازی چاره‌سه‌ر بكات؟
عه‌بدوڵڵا عالیاوایی: عێراق به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی نادیار ده‌ڕوات به تایبه‌تی پاش شه‌ڕی داعش له‌سه‌ر ئه‌رزی واقع هیچ شتێك نییه به‌ره‌و باشی بروات، به‌ڵام به قسه باش ده‌ڕوات، له واقعدا زۆر ئه‌سته‌مه چاكسازیی چونكه ململانێی زۆر درووست ده‌بێت پاش له‌ناوبردنی داعش، هه‌روه‌ها ململانێی ئیقلیمی و ده‌ولی په‌یدا ده‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه ئاسۆكه‌ی زۆر ڕوون نییه، ئه‌گه‌ر واقیعی بین له‌گه‌ڵ میلله‌ته‌كه‌ی خۆمان به‌و شێوه‌یه‌یه و ده‌بێت ڕاستییه‌كه‌یان پێ بڵێین.
ئاژانس: زۆر باس له‌وه ده‌كرێت كه كورد له حكومه‌تی ئێستای عێراقدا بێهێز بووه ئه‌وه په‌یوه‌ندی به نه‌مانی چه‌ند پۆستێك و چۆڵ بوونی پۆستی وه‌زاره‌تی داراییه‌وه هه‌یه؟
عه‌بدوڵڵا عالیاوایی: كورد پێگه‌ی له به‌غدا بێهێز بووه له پاش ئه‌وه‌ی جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقیان لادا، سه‌رۆكی ئه‌ركانیان لادا و كه‌سی كورد نه‌چووه شوێنی له‌گه‌ڵ لابردنی وه‌زیری دارایی، له كاتێكدا وه‌زیرێكی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی و یه‌كگرتوویان لادا، جگه له‌وه‌ش له هه‌رێمی كوردستان زۆر گرنگی به به‌غدا نادات له‌به‌ر ئه‌وه پێگه‌ی كورد وه‌ك پێشوو به‌هێز نییه له به‌غدا.
ئاژانس: لابردنی ئه‌و كه‌سانه په‌یوه‌ندیی به چاكسازییه‌كانه‌وه هه‌بووه؟
عه‌بدوڵڵا عالیاوایی: نه‌وه‌ڵا هیچ په‌یوه‌ندیی به چاكسازییه‌كانه‌وه نه‌بووه، ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی كه سه‌در كردی هه‌یه‌جانێكی جه‌ماوه‌ری بوو كه مه‌رجه‌عییه‌ت داوای ده‌كرد له مانگی 8ی ساڵی 2016 ئه‌وانه هه‌موو بوونه هۆی ئه‌وه‌ی كه لاببرێن، زۆر وه‌كیل وه‌زیرمان هه‌بوو ئه‌وانه‌شیان لابردووه و كوردیان له‌شوێنیان دانه‌ناوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌وانه هه‌موو به به‌رنامه كراوه و به‌رمه‌جه بووه، خۆ خۆیان ئیعلانی ناكه‌ن و وابڵێن، به‌ڵام دیاره شته‌كان چۆن بووه.
ئاژانس: پێت وانییه ده‌بوو زوو كورد پۆسته‌كانی وه‌زاره‌تی دارایی و سوپاسالاری پڕ بكردایەتەوه؟
عه‌بدوڵڵا عالیاوایی: ده‌بوایه كورد پێداگیری بكات هه‌تاوه‌كو به‌دیله‌كانیان داده‌نرێته‌وه ئه‌و پۆستانه‌یان چۆڵ نه‌كردایه.
ئاژانس: ئه‌گه‌ر هه‌یه حكومه‌ت بتوانێت بودجه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان دابین بكات؟
عه‌بدوڵڵا عالیاوایی: ئه‌وه‌ی من تێبینی ده‌كه‌م له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، عێراق تووشی دۆخێكی ئابووری زۆر زۆر سه‌خت بووه له پاش ئه‌وه‌ی كه داعش ته‌واو ده‌بێت قه‌رزێكی زۆر زۆری كردووه له ده‌ره‌وه كه زیاتره له سه‌د ملیار دۆلار، له كاتێكدا نرخی نه‌وت وه‌ك پێشتر نییه، عێراق زۆر پارێزگای تێكچووه به‌هۆی شه‌ڕه‌وه و پێویستی به چاکكردنه‌وه هه‌یه، ئێستا عێراق به كێشه‌یه‌كی ئابووری زۆر زه‌قدا ده‌ڕوات، پێ ده‌چێت هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پێكه‌وه بكرێت، ئه‌گه‌ر وه‌زعه‌كه به‌و شێوه‌یه‌ی ئێستا بێت ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق شه‌ش مانگ بۆ ساڵێك دوابخرێت.
ئاژانس: كه سه‌نگی كورد له به‌غدا بێ هێز بووه جگه له نه‌مانی چه‌ند پۆستێك چی تر هه‌یه كه هۆكار بێت؟ تا چه‌ند په‌یوه‌ندی به‌وەوە هه‌یه كه سه‌ركردایه‌تیی كورد پشتی كردووەته به‌غدا؟
عه‌بدوڵڵا عالیاوایی: له لایه‌ك لایه‌نه سیاسییه‌كانی كورد پشتیان له به‌غدا كردووه له لایه‌كی تر ئه‌ندام په‌رله‌مانه كورده‌كانی عێراق یه‌ك ڕیز نین، پێشتر هاوپه‌یمانی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان هه‌بوو هیچ ئه‌ندامێكیان نه‌یده‌توانی له بڕیارێكی ئه‌و فراكسیۆنه ده‌ربچێت و بڕیاره‌كانیان پێكه‌وه ده‌دا، به‌ڵام ئێستا هه‌ر كوتله‌یه‌كی كوردستانی تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه و كه‌سیان ئیلتیزام به ئەویتریانەوە ناكه‌ن و له‌گه‌ڵ یه‌كتر یه‌كڕیز نین.
ئاژانس: ناكۆكی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانی كورد له به‌غدا چه‌ند زیانی به پێگه‌ی كورد گه‌یاندووه له لایه‌ك و له لایه‌كی تریشه‌وه چه‌ند كاریگه‌ریی له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی هه‌رێم هه‌بووه له لای حكومه‌تی عێراقی؟
عه‌بدوڵڵا عالیاوایی: زۆر كاریگه‌ریی هه‌بووه وه‌ك باسم كرد ئه‌و ناكۆكییانه زیانی به پێگه‌ی كورد گه‌یاندووه كه كوتله كوردستانییه‌كانیش یه‌ك هه‌ڵوێست نین.
ئاژانس: هه‌ست ناكرێت كه پچڕانێك له نێوان ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار هه‌یه؟ بۆچی كۆبوونه‌وه‌كانیان نابینین؟
عه‌بدوڵڵا عالیاوایی: كۆبوونه‌وه‌ی ده‌وری هه‌یه هیی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار، خۆتان ده‌زانن بۆ ماوه‌ی ساڵێك مالكی و ئوسامه نوجێفی و عه‌للاوی لابران، به‌ڵام گه‌ڕاونه‌ته‌وه و كۆبوونه‌وه‌ی مانگانه‌یان هه‌یه، پێشتر سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار دانیشتنه‌كانی له ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه ئیعلان ده‌كرد و كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن ده‌هاتن، به‌ڵام شه‌ش مانگ زیاتره سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار وای به باش زانیوه به بێ ڕاگه‌یاندنه‌كان ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بێته موزایه‌ده‌ی سیاسیی، چونكه زۆر جار كۆبوونه‌وه‌كان ده‌كران ڕۆژنامه‌نووسه‌كان كه لێدوانیان وه‌رده‌گرت قسه‌ی عه‌رزی عهزهڵاتیان ده‌كرد، له‌به‌ر ئه‌وه سه‌رۆکكۆمار ئه‌و سیغه‌یه‌ی لابرد.
ئاژانس: پێتوایه حكومه‌تی عێراق ماده‌ی 140 جێبه‌جێ ده‌كات كه ده‌بوو له 2007 جێبه‌جێ بكرێت و ده ساڵ به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕ بووه و جێبه‌جێ نه‌كراوه؟
عه‌بدوڵڵا عالیاوایی: پێشبینی ناكه‌م له بارودۆخی ئێستادا ماده‌ی 140 جێبه‌جێ بكرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی دوژمنمان زۆر بووه و خۆمان وه‌ك كورد یهكنین له‌گه‌ڵ یه‌كدا له به‌غدا، له‌به‌رئه‌وه شتێكی زۆر زۆر گرانه جێبه‌جێكردنی.
ئاژانس: به‌م دواییه پرسی كشانه‌وه‌ی كورد له به‌غدا زۆر باس ده‌كرێت ئه‌وه ئه‌گه‌رێكی چاوه‌ڕوانكراوه و ئایا زیان به كورد ده‌گه‌یەنێت؟ به تایبه‌ت له لایه‌ن فراكسیۆنی پارتییه‌وه؟
عه‌بدوڵڵا عالیاوایی: له‌و بڕوایه‌دا نیم، ته‌نها ئه‌ندامانی لایه‌نێكی سیاسیی ئه‌و قسه ده‌كه‌ن به تایبه‌ت ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانیان، له سه‌ره‌وه جه‌نابی مه‌سعوود بارزانی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان كۆكن و كۆبوونه‌وه و له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردوودا وه‌فدێكیان هات بۆ به‌غدا، جگه له‌وه وه‌فدی تر ده‌نێرنه‌وه بۆ به‌غدا، ئیبراهیم جه‌عفه‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق چووەته هه‌رێمی كوردستان و له‌گه‌ڵیاندا كۆبووەته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه مه‌سه‌له‌ی كشانه‌وه زۆر جێگای باوەڕ نییه، چونكه بڕیاره‌كه لای سه‌ره‌وه‌یه و لای ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانیان نییه، تا ئێستاش سه‌ركردایه‌تیی كورد له‌گه‌ڵ كشانه‌وه‌دا نییه له به‌غدا.
ئاژانس: ڕای حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار له‌سه‌ر پرسی ڕیفراندۆمی هه‌رێم چییه؟
عه‌بدوڵڵا عالیاوایی: ڕای حكومه‌تی عێراق دیاره، به‌ڵام سه‌رۆككۆماری عێراق یه‌كێكه له دامه‌زرێنه‌رانی یه‌كێتیی و پێش هه‌موو شتێك كورده و هه‌ر بڕیارێك سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان بیدات ئه‌و یه‌كه‌م كه‌س ده‌بێت ئیلتزامی پێوه ده‌كات.
ئاژانس: بۆچی كه‌متر كۆبوونه‌وه‌ی نێوان سه‌رۆکكۆمار و فراكسیۆنه كوردییه‌كان ده‌بینین له به‌غدا؟ ئه‌مه كێشه نییه؟
عه‌بدوڵڵا عالیاوایی: فراكسیۆنه كوردییه‌كان یه‌ك نین، ئه‌وانه دێن له به‌غدا كه كۆبوونه‌وه ته‌واو ده‌بێت ده‌ڕۆنه‌وه، سه‌رۆکكۆمار له‌سه‌ر ئاڵای كه‌ركوك بانگهێشتی كردن و له‌گه‌ڵیاندا كۆبوونه‌وه‌ی به‌په‌له‌ی كرد، بۆ هه‌ندێ شت بانگێشتیان ده‌كات، به‌ڵام هه‌ندێ جار فراكسیۆنه كوردییه‌كان ته‌واجودیان نییه له به‌غدا ئه‌وه‌ش كێشه درووست ده‌كات بۆ كۆبوونه‌وه‌ی زیاتر.