ئاژانس – ڕاوێژ كامه‌ران
هونه‌رمه‌ند عه‌زیز وه‌یسی ماوه‌یه‌ك به‌رده‌وام له هه‌رێمی كوردستان ده‌بینرا و ئاهه‌نگی ساز ده‌كرد و ئه‌لبوومی گۆرانیی بڵاو ده‌كرده‌وه، به‌ڵام ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه زۆر به كه‌می ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌و له‌م دیمانه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ «ئاژانس» باس له هۆكاری دووركه‌وتنه‌وه‌ی ده‌كات و ئاماژه به‌وه‌ش ده‌دات كه جار هه‌بووه بۆ ئاهه‌نگێك له هه‌رێم 10 هه‌زار دۆلاریان پێ داوه.
ئاژانس: تۆ له ماوه‌ی ڕابردوودا له فیلمێكی سینه‌مایی به‌شداریت كرد، چۆن بوو كه له گۆرانیوتنه‌وه چوویت بۆ كاری نواندن؟
عه‌زیز وه‌یسی: من به‌ده‌ر له به‌شداریكردنم له فیلمی (ڕێگای به‌خته‌وه‌ری) پێشتریش له چه‌ند فیلمێكی سینه‌ماییدا به‌شداریم كردووه و ئه‌وه یه‌كه‌مین كارم نییه، من له دوو فیلمی دیكه‌دا به‌شداریم كردبوو كه به‌هرۆزی قوبادی برای هونه‌رمه‌ند به‌همه‌نی قوبادی كاری ده‌رهێنانی بۆ ئه‌نجام دابوو، جگه له‌وه‌ی له فیلمی 111ی كچی به‌همه‌نی قوبادی وه‌ك گۆرانیبێژ ڕۆڵم بینیوه، دوایین كاری نواندنیشم فیلمی «ڕێگای به‌خته‌وه‌ری» بوو كه له‌و فیلمه‌شدا هه‌ر ڕۆڵه ڕاسته‌قینه‌كه‌ی خۆم ده‌بینم كه گۆرانی ده‌ڵێم و گۆرانیبێژم، چ شتێكیش ببێته هۆی دڵخۆشكردنی جه‌ماوه‌ره‌كه‌م من په‌نای بۆ ده‌به‌م، هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه حه‌زم كرد به‌شداری له به‌رهه‌مه‌كه‌دا بكه‌م.
ئاژانس: ماوه‌یه‌كی زۆره ئه‌لبوومی نوێت نییه، له كاتێكدا پێشتر زوو زوو ئهلبوومهكانت بڵاو ده‌كرده‌وه، هۆكاری ئه‌وه چییه؟
عه‌زیز وه‌یسی: من ئێستا دوو ئه‌لبوومی ئاماده‌كراوم هه‌یه كه بڵاو نه‌كراونه‌ته‌وه، به هۆی شه‌ڕی داعش و قه‌یرانی داراییه‌وه هه‌موو شتێكمان لێ تێك چوو، به هۆی ئه‌وه‌ی گۆرانییه‌كانی منیش شاییه و ئه‌م دۆخه‌ش شاییه‌كانی كه‌م كردووه‌ته‌وه، تا ئێستا كۆمپانیایه‌ك نه‌بووه كه سپۆنسه‌ریی كارهكهبكات و سیدییهكان بڵاو بكاته‌وه، به هۆی ئه‌م دۆخه‌شه‌وه كه كڕیار نییه كۆمپانیاكان ناحه‌قیان نییه كه ده‌ست نه‌ده‌نه ئه‌و كاره، بۆیه منیش ناوه‌ناوه گۆرانییه‌كانی سیدییه‌كه‌م كلیپ ده‌كه‌م و به شێوه‌ی كلیپی تاك تاك بڵاویان ده‌كه‌مه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له جه‌ماوه‌ره‌كه‌م دانه‌بڕێم.
ئاژانس: به‌ده‌ر له كاری هونه‌ری هیچ كارێكی دیكه ده‌كه‌یت؟
عه‌زیز وه‌یسی: من هیچ كارێكی تایبه‌تم نییه و هه‌ر كاری هونه‌ری ده‌كه‌م و له ئێران‌دا گه‌ر شاییه‌كی گونجاو هه‌بێت كه ئه‌وا ده‌چم، ئیدی ئیشوكارێكی وام نییه.
ئاژانس: واته ئێستا زیاتر له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كۆنسێرت و شاییت هه‌یه نه‌ك له باشووری كوردستان؟
عه‌زیز وه‌یسی: به هۆی ئه‌م قه‌یرانه‌وه له 2 ساڵی ڕابردوودا ته‌نیا 4 جار شاییم هه‌بووه له باشووری كوردستان، له كاتێكدا جاران له مانگێكدا چوار بۆ پێنج شاییم هه‌بوو، ئێستا به هۆی ئه‌و دۆخه‌وه هه‌موو شتێك تێك چووه، بۆ سه‌ری ساڵیش له ئه‌ورووپا 5 ئاهه‌نگم هه‌بوو به‌ڵام دواتر له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیایه ڕێک نه‌كه‌وتین كه كاره‌كه‌یان ڕێك خستبوو، به‌ڵام بۆ جه‌ژنی نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ له زۆربه‌ی وڵاته‌كانی ئه‌ورووپا ئاهه‌نگم هه‌یه.
ئاژانس: واته ئێستا له باشووری كوردستان ئه‌و كاریگه‌رییه‌ی جارانت نه‌ماوه؟
عه‌زیز وه‌یسی: هه‌ناسه‌ی هونه‌رمه‌ند كلیپه‌كان و كاره‌كانیه‌تی، تا كاری نوێ و به‌رهه‌می نوێت هه‌بێت ئه‌وا تۆ بوونت هه‌یه، هه‌ركاتێكیش شتی نوێت نه‌بێت ئه‌وا ناوبانگهكهشت ده‌مرێت، بۆیه من به‌رده‌وامم له كاره‌كانم و هه‌وڵی ئه‌نجامدانی كاری باشتر و جوانتر ده‌ده‌م.
ئاژانس: له به‌رامبه‌ر به‌شداریكردنت له هه‌ر ئاهه‌نگێكدا چه‌ند پاره وه‌رده‌گریت؟
عه‌زیز وه‌یسی: له شوێنێكه‌وه بۆ شوێنێكی دیكه ده‌گۆڕێت، بۆ نموونه من له كرماشان به 3 هه‌زار دۆلار ده‌ڕۆم بۆ ئاهه‌نگ، به‌ڵام له سه‌قز و بۆكان و سنه 5 هه‌زار دۆلار وه‌رده‌گرم، له تاران 7 هه‌زار دۆلار وه‌رده‌گرم، له باشووری كوردستانیش به پێی ئاهه‌نگه‌كه له 5 هه‌زار دۆلار بۆ 7 هه‌زار دۆلاری تێدایه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه كه كێ بانگت ده‌كات بۆ ئاهه‌نگ، له باشووری كوردستان هه‌ندێك كه‌س هه‌یه هه‌ر مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ناكه‌م و كه ده‌چمه ئه‌وێ ده‌فته‌رێك دۆلارم پێ ده‌دات، بۆیه ئه‌وه گرنگه كه كێ بانگت ده‌كات.
ئاژانس: گه‌ر ئه‌مجاره‌ش له باشووری كوردستان داوای گۆرانیی سیاسیت لێ بكه‌ن به‌شداری ده‌كه‌یته‌وه؟
عه‌زیز وه‌یسی: من ئه‌و كاته حه‌زێكی خۆم بوو كه گۆرانی بۆ دوو سه‌ركرده‌ی كورد بڵێم به‌و پێیه‌ی خۆشه‌ویست بوون لام، ڕه‌نگه سبه‌ینێش دۆخێكی دیكه بێته پێشه‌وه و وا پێویست بكات گۆرانی بڵێم، ئه‌وه ده‌كه‌وێته‌وه سه‌ر ڕۆژه‌كه و ئیستا ناتوانم بڵێم به‌شداری ده‌كه‌م یان نایكه‌م، به‌ڵام ئێستا دۆخی كوردستان بۆ به‌شداریی سیاسی گونجاو نییه.
ئاژانس: وه‌ك ده‌زانین تا ئێستاش ئه‌و سمێڵه‌ت هه‌ر ماوه كه پێی ناسراوی، به‌نیاز نیت هیچ گۆڕانكاریی تێدا بكه‌یت؟
عه‌زیز وه‌یسی: ئێستا گه‌ر ڕۆژنامه‌كه‌ی ئێوه لۆگۆی (ئاژانس)ی پێوه لا بده‌یت كه‌س ده‌زانێت ڕۆژنامه‌ی ئێوه‌یه؟ ئه‌و سمێڵهش لۆگۆی منه و ناتوانم لۆگۆكهم لا بده‌م.