ئاژانس – هێمن مامەند
بڕیارە دوای پێكهێنانی كابینەی نۆیەم بزووتنەوەی گۆڕان كۆنفراسی نیشتیمانیی ببەستێت و عومەری سەید عەلی، ڕێكخەری گشتیی ئێستای بزووتنەوەكەش لە هەوڵی بەدەستهێنانەوەی پۆستەكەیدایە و بۆ ئەوەش خۆی دەپاڵێوێتەوە.
سەرچاوەیەكی بەرپرس لە بزووتنەوەی گۆڕان كە نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە بە ״ئاژانس״ی وت: ״بڕیارە دوای تەواوبوونی پێكهێنانی كابینەی نۆیەم گۆڕان كۆنفراسی نیشتیمانیی ببەستێت، بۆ ئەوەی ڕێكخەر و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن هەڵبژێرێتەوە.״
وتیشی: ״كاك عومەری سەید عەلی جارێكی تر دەیەوێت خۆی كاندید بكاتەوە و كوڕەكانی كاك نەوشیروان مستەفاش پشتگیریی دەكەن.״
هاوكات چالاكی موهەندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانیی گۆڕان بە ״ئاژانس״ی وت: ״پێنج مانگ لەمەوبەر بڕیار درا ڕۆژێك دوای نەورۆز بزووتنەوەی گۆڕان كۆنفراسی نیشتیمانیی ببەستێت، بەڵام دواتر بڕیار درا دوای پێكهێنانی حكومەت ببەسترێت.״
وتیشی: ״سەرجەم ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتی و ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەكە ماوەیان بەسەر چووە و بە پێی پەیڕەو و پڕۆگرامی بزووتنەوەی گۆڕان پۆستی ڕێكخەر بۆ ماوەی دوو ساڵە و هەر كەسێكیش لەو پۆستە بۆی هەیە دوو جار خۆی كاندید بكاتەوە و بەو پێیەش كاك عومەر مافی خۆكاندیدكردنەوەی هەیە.״