عومهر عهلی محهمهد
بەردەوامیی خۆپیشاندانەکانی عێراق بە هەموو چین و توێژەکانییەوە کاردانەوەیە بەرامبەر ئەو دۆخە ناهەموارەی کە لە عێراقدا دەگوزەرێت، هەر لەو کاتەوە کە بەعسییەکان لە عێراقدا دەسەڵاتی سیاسییان گرتووهتە دەست گەلانی عێراق بە دەست ستەمکاری و تاكڕەوی و خوێنڕێژییەوە ناڵاندوویانە. هەموو گەلانی عێراق لە چاوەڕوانیی ڕۆژێکدا بوون کە لە دەست ئەو ڕژێمە فاشییە تووندڕەوە ڕزگاریان بێت، کاتێک ساڵی ٢٠٠٣ بە دەستی هاوپەیمانان ڕژێمی بەعس کۆتایی هات خەڵک بە هیوایەکی گەورەوە سەیری ئاییندەی عێراقیان دەکرد، چونکە عێراق وەک دەوڵەت پێگەیەکی گەورەی هەبوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لە ڕووی مێژووییشەوە، عێراق لانکەی شارستانییەتە گەورەکان بووە، لە ڕووی دەرامەت و سەرچاوەی ئابووریشەوە یەکێکە لە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەو کاتە عێراقییەکانی چاویان بڕیبووە عێراقی نوێ، عێراقێک کە دەیویست لە عەسکەرتاریی تووندڕەوی و تووندوتیژی و هەژاری و دواکەوتوویی و نەفامی، عێراقێک کە سیستمێکی سیاسیی دیموکراسی حوکمی بکات و بە پلانێکی پەرەپێدانی هەمەلایەنەوە بتوانێت خزمەت بە هەموو چین و توێژەکان بکات، بەم هۆیەشەوە وەک ئەزموونێکی تازە بتوانێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆی نماییش بکات و سەرەتایەک بێت بۆ گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا، بەڵام مەخابن ئەو هێزانەی کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس حوکمیان گرتە دەست هەموو ئەو هیوا و ئاواتانەی خەڵکیان لە گۆڕ ناو دۆخێکیان درووست کرد لە نائومێدی کە سەدان هەزار هاووڵاتی وڵاتیان بەجێ هێشت و ڕوویان لە هەندەران کرد. زیاد لە٥٠٠ هەزار کەس بوونە قوربانیی ململانێ و تووندوتیژیی گرووپە مەزهەبی و تووندڕەوەکان. هەزاران کەسیان کەوتنە بەر شاڵاوی لێدان و دەرکردن و ئاوارەبوون و سوتاندنی ماڵ و سامانیان، بە نموونە خەڵکی ناوچە جێناکۆکەکانیان بە هۆی هاتنی داعشەوە کەوتنە بەردەم ئازاری تووندڕەوی و تیرۆریستی، یان سەروەتوسامانی نیشتیمانی لە ڕێگەی پارتە دەسەڵاتدارەکانەوە کەوتە بەردەم شاڵاوێکی مافیائاسا و لەو کاتەوە تا ئێستا به پێی ههندێ ئاماری ناڕهسمی ٤٥٠ ملیار دۆلار دیار نەماوە و بە هەدەر دراوە.
لە بەردەم ئەم کارەساتە تراژیدیا و ناهەموارەدا هەموو گەلانی عێراق کەوتنە دەربڕینی ناڕەزایی و پێشکەشکردنی پڕۆژەی چاکسازی و بەرزکردنەوەی داواکانی خزمەتگوزاری و چارەسەری بێکاری، زۆر جاریش پەنایان دەبردە بەردەم خۆپیشاندان و ناڕەزایی، بەڵام هەموو ئەمانە هێشتا نهیانتوانیوه دۆخی وڵات بگۆڕن، دواجار عێراقییەکان بڕیاریان دا خۆپیشاندانێکی گشتی و یەکلاکەرەوە ئەنجام بدەن و جارێکی تر خەڵک ئامادەیە بە قوربانیدان و پێشکەشکردنی گیانی خۆیان عێراق بگەڕێننەوە سەر تەوەری سەرەکیی بە دەوڵەتبوون، چونکە سەرەڕای گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری و بێکاری و تووندوتیژی، عێراق وەک دەوڵەت کەوتووهتە بەردەم مەترسی و ئەگەری لەناوچوون، چونکە لە ئێستادا دەوڵەتێکی خاوەن سیادە و شووناس بە ناوی عێراقەوە زۆر لاواز بووە و دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا ئەوەی لە دەست داوە کە بە ناوی عێراقێکی یەکگرتووی خاوەن سیادەوە قسە بکات، بەڵکوو ئەو پارتە سیاسییانەی لە دەسەڵاتدان ئەوەندەی لە خەمی مەحسوبییەت و تائیفییهت و مەزهەبگەراین ئەوەندە لە خەمی سیادەی نیشتیمانیی عێراقییەکاندا نین، ئەمەش بووهتە هۆی ئەوەی دەستتێوەردانی دەرەکیی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاد بکات و هەریەکەیان لە هەوڵی ئەوەدان بۆ پاراستن و مانەوەی خۆیان تەسلیم بە ئەجێندای دەرەکیی هێزێکی دەرەوە ببن، جا ئەو هێزە ئیقلیمی بێت یان نێودەوڵەتی.
بەم هۆیەشەوە لە ئێستادا ڕێگە چارەیەکی ئەوتۆ لەبەر دەستدا نییە بۆ وەڵامدانەوە بە داواکاریی خۆپیشاندەران و ڕێگرتن لە خوێنڕێژی و چارەسەری قەیرانەکانی ناوخۆی عێراق، چونکە ئەوەی لە داواکاریی خۆپیشاندەر تێدەگات و ڕای هاووڵاتی بە هەند وەردەگرێت، هێزێکی دیموکراسیخوازە لە سیستمێکی دیموکراسیدا، لەبەر ئەوە لەم دۆخەدا مەترسیی ئەوە دەکرێت کە لە جیاتی بەدەمەوەچوونی داواکانی خۆپیشاندەران پەنا بۆ چارسەری ئەمنی ببرێت و دۆخەکە بە تەواوی ئاڵۆز بکرێت و وەک وڵاتانی تری سوریا و لیبیا و یەمەن که ئەمە سەرەتا بێت بۆ شەڕی ناوخۆ بە سپۆنسەریی هێزەکانی دەرەوە.