عەدنان موفتی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی بۆ ئاژانس: ئەگەری ڕێككەوتنی یەكێتیی لەگەڵ پارتی هەیە
سازدانی: نەوزاد چارلس
عەدنان موفتی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە هەر شوێنێك پێویست بكات یەكێتیی هەنگاوی خۆی دەنێت، سەبارەت بە ڕێككەوتنیشیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا، دەڵێت، ״ئەگەری ڕێككەوتنی یەكێتیی لەگەڵ پارتی هەیە.״
عەدنان موفتی، که یهکێک بووه لهوانهی سهرۆکایهتیی خولێکی پهرلهمانی کوردستانی کردووه، لە چاوپێكەوتنێكی ״ئاژانس״دا ئاماژە بەوەش دەکات، پێویستە پەرلەمان كارا بكرێتەوە و پێشی وایە كاراكردنەوەی پەرلەمان بە گۆڕینی دەستەی سەرۆكایەتییەكەی دەكرێت.
ئاژانس: پێشبینیت بۆ كێشە سیاسییەكانی هەرێم چۆنە، ئەگەر لایەنەكان پێش هەڵبژاردن ڕێك نەكەون، كێشەكان بەرەو چ ئاقارێك دەڕۆن؟
عەدنان موفتی: هەر دەبێت ڕێك بكەون، دەبێت هەڵەكان چاك بكەینەوە و لە كوێ سەركەوتوو بووین و لە كوێ شكستمان هێنا، هەڵەكان چاك بكەینەوە. ئاسانكاریی بكەین و بەرژەوەندیی گەلمان لەبەر چاو بێت.
ئاژانس: لە ئێستادا متمانەی نێوان لایەنە سیاسییەكان و سەركردەكانیان لە چ ئاستێكدایە؟
عەدنان موفتی: متمانە لە نێوان هێزە سیاسییەكان و سەركردەكانیشیاندا لاواز بووە، فەرهەنگێكی خراپ هەیە لەناو كوردستاندا، فەرهەنگی شەڕی ناوخۆیە. ئەو فەرهەنگی شەڕی ناوخۆیەش وای كرد لایەنەكان و كەسایەتییەكان یەكتری ناشرین بكەن، بۆیە پێویستە ئیرادەیەكی پتەو هەبێت بۆ ئەوەی پەیوەندییەكان ئاسایی بكرێنەوە و ناكۆكی نەهێڵدرێت. ئەزموونی كەممان لەگەڵ دیموكراسی و پێكەوەژیان و هەموو ئەو بابەتانەدا هەیە.
ئاژانس: ئەگەر هەیە یەكێتیی لەگەڵ پارتی ڕێككەوتن بكات بەر لە كۆبوونەوەی پارتی لەگەڵ لایەنەكاندا؟
عەدنان موفتی: لە كوێ پێویست بێت یەكێتیی هەنگاو بنێت، دەبێت یەكێتیی هەنگاو بنێت. ئەگەری ئەوەش هەیە، بەڵام یەكێتیی ئەركی قورسە و دەبێت لە ناوخۆدا یەكگرتوو بێت و دەبێت ڕاشكاوانە بێت لەگەڵ لایەنەكانی تردا.
ئاژانس: بەڕێزتان پێشتر سەرۆكی پەرلەمان بوون، دەتوانرێت جارێكی تر پەرلەمان كارا بكرێتەوە، ئەو كاراكردنەوەیە بە گۆڕینی سەرۆكایەتییەكەی دەكرێت یان هەنگاوی تر هەیە؟
عەدنان موفتی: دەبێت پەرلەمان كارا بكرێتەوە، چونكە هیچ ڕێگایەكی تر نییە بۆ دەركردنی یاساكان. كاراكردنەوەكەش بە گۆڕینی سەرۆكایەتییەكەی دەبێت، بەڵام دەبێت لێكتێگەیشتنی زیاتر هەبێت و ڕوونكردنەوەی زیاتر بدرێت لەسەر ئەو گۆڕانکارییە. پەرلەمانیش سەرەتای چاككردنی دۆخەكەیە.
ئاژانس: بۆ یەكێتیی كۆنگرە نابەستێت، هیوا ماوە كە كۆنگرە ببەستێت؟
عەدنان موفتی: هیوا ماوە، بەڵام كاتەكەی دیار نییە، سەركردایەتی دەبێت كۆ ببێتەوە و بڕیاری لەسەر بدات.