پڕۆژەیاسایەکی حکوومەت چارەنووسی کەرکوک دەخاتە پێش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکەی
ئاژانس – عیماد جەباری
سەرەڕای ڕێککەوتنی پێشتریان لەگەڵ کورد، لایەنە عەرەبیی و تورکمانییەکانی کەرکوک سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک لە ڕێککەوتنەکەیان پاشگەز بوونەتەوە و کوردیش هەوڵ دەدات جارێکی تر لەوبارەیەوە ڕێککەوتنیان لەگەڵ بکاتەوە.
پڕۆژەیاسای هەمواركردنی هەڵبژاردنی پارێزگاكان لە لایەن حكوومەتەوە نێردراوەتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوەكو دەنگ لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنەكان بدرێت كە بڕیارە مانگی ئابی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، و هەر بە یاسایش ماوەی ئەنجوومەنەكانی ئێستای پارێزگەكانی عێراق درێژ بكرێتەوە.
یەكێك لە بڕگەكانی یاساكە، ماددەی (37)ی تایبەتە بە كەركوك، كە باس لە جێبەجێكردنی سێ قۆناغ دەكات لە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكە، ئەوانیش پێداچوونەوەیە بە تۆماری دەنگدەران و دانانی میكانیزمێك بۆ دابەشكردنی پۆستە باڵاكانی پارێزگاكە بەسەر پێكهاتەكاندا، هەروەك دیاریكردنی چارەنووسی پارێزگاكەشی خستووەتە دەستی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە.
لە ماوەی ڕابردوودا توركمان و عەرەب داوایان دەكرد یاسایەكی تایبەت دابنرێت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك، كە ئەوە لە لای كورد جێگەی قبووڵ نەبوو، سەرئەنجام لایەنی توركمانی لە سەپاندنی داواكارییەكەی شكستی هێنا.
شوان داودی، ئەندمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی بە هەمان شێوە بەرپرسیارێتیی ئەو كارەی خستە ئەستۆی سەرۆكی لیژنەی یاسایی، كە ئەو پڕۆژەیاسایەکی خستبووە ڕوو جیاوازبوو لەو پڕۆژەیەی گفتوگۆی لەسەر كرابوو.
دوای چەند كۆبونەوەیەك بە سەرپەرشتیی سەلیم جبووری، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لایەنەكانی كورد، عەرەب و توركمان گەیشتن بە ڕێككەوتن بۆ هەمواركردنەوەی ماددەی 37ی دەستوور، لە ئێستاشدا تاوتوێی داواكارییەكانی یەكتر دەكەن بۆ ئەوەی پێش 1ی ئاب بگەن بە ڕێككەوتن.
شوان داودی، کە هاوکات وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتییشە وتی: ״كورد نەرمییەكی زۆری نواندووە لە بەرامبەر داواكارییەكانی توركمان و عەرەب لە پێناو سەرخستنی گفتوگۆكان بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی هاوبەش.״
بەرەی توركمانییش كە نوێنەرایەتیی توركمانی كەركوك دەكات لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایدەگەیەنێت، دیاریكردنی چارەنووسی پارێزگاكە دیارترین خاڵی ناكۆكیی نێوانیانە لەگەڵ كورددا.
عەلی مەهدی، وتەبێژی بەرەی توركمانی عێراق بە ״ئاژانس״ی وت: ״لەسەر چەند خاڵیك گەیشتووین بە ڕێككەوتن بەڵام هێشتا چەند خاڵێكی جێگەی ناكۆكی لەنێوانماندا هەیە.״
ئەو بەرپرسەی بەرەی توركمانی، بێ متمانەیی خۆی خستە ڕوو لە بەرامبەر بەڵێن و ڕێككەوتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كورددا لە كەركوك، وتیشی: ״لە ساڵی 2007وە چەند ڕێككەوتنێكمان ئەنجام داوە و دواتر بەرپرسانی كورد ڕێزیان لە ئیمزاكانی خۆیان نەگرتووە و جێبەجێیان نەكردووە״.
دوایین جار هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك لە ساڵی 2005 كراوە، بە هۆی بێبەشكردنی پارێزگاكەش لە دوو خولی هەڵبژاردنی ڕابردوو، ئەنجوومەنەكەی ئێستا بێبەش بووە لەو دەسەڵاتانەی ئەنجوومەنەكانی دیكەی عێراق پەیڕەوی دەكەن.
خالید موفەرجی، پەرلەمانتاری كەركوك لە پێكهاتەی عەرەبی سوننە بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند: ״پێكهاتەی عەرەب داوای وردبینیكردنی تۆماری دەنگدەران و دابەشكردنی پۆستەكانی لەنێوان هەموواندا کردووە تاوەكو هەمووان دڵنیا بینەوە كە لە ئیدارەدانی پارێزگاكەدا بەشدارین.״
باسی لەوەش کرد، لە ئێستادا عەرەب لە دۆخێكی خراپدایە، بەشێك لە خاكەكەی لە لایەن داعشەوە داگیر كراوە، بەدەیان دەستگیركراویشیان هەیە و خەڵكەكەشیان لە كەمپدایە و دەشڵێت: ״ئەگەر یەكێتیی و پارتی بیانەوێت متمانەی عەرەب بەدەست بهێنن ئەوە كار بۆ نەهێشتنی ئەو شوێنەوارانە دەكەن.״