خالد سلێمان
I
لە ڕۆژانی پێشوودا، هەڵوێستی هەندێ لە ناوەندی سیاسیی ڕۆژئاوای کوردستان وەک (ئەنەکەسە) کە بەشێکە لە ئیئیتلافی ئۆپۆزسیۆنی سوریای ملکەچی سیاسەتی تورکیا، سیاسەتی بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان دەربارەی عەفرین و هێرشەکانی تورکیا لە هەندێ کەناڵی میدیادا، بێدەنگیی ناوەندی ئایینی و کەسایەتیی مێزەری نزیک ئەردۆگان و هەندێ بەیاننامەی شەرمنی بێبایەخ،- بەیاننامەکەی یەکگرتوو بۆ نموونە- (حەرکییەکانی) جەزائیری دەمی کۆڵۆنیالیزمیان وەبیر هێنامەوە. (حەرکی) کە دیوە هەرەڕەشەکەی سیاسەتی کۆڵۆنیالیزم بوو، لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە کۆتایی بە هەزاران کەس و خێزان هێنا و لە ژینگەی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی خۆیان، ڕیشەکێش کران، ئەویش بە هۆی جاشایەتییەوە بۆ کۆڵۆنیالیزم. بەڵام کێ چیرۆکی ״حەرکییەکانی״ جەزائیری دوای قۆناغی ڕزگاریی بیستووە؟ کێ ئەو دۆخە دەهێنێتەوە بەرچاوی خۆی کە تیایدا ״حەرکییەکان״، یان وەک خۆڵەمێش لە جەزائیری پۆست-کۆڵۆنیالیزمی فەڕەنسیدا بەجێمان، یان وەک مرۆڤی بێماف و بێناسنامە دوای سوپای داگیرکەر بەرەو فەرەنسا بەڕێکەوتن، بێ ئەوەی هیچ بەهاییەکی مرۆییان لە وڵاتەکەی ڤۆڵتێر و دێکارت و ڕۆسۆدا هەبێت؟ ئەی پەیوەندیی ئەم چیرۆکەی حەرکییەکان بە کوردەوە چییە؟
II
زۆر بە کورتی، حەرکییەکان، ئەو جەزائیرییانە بوون لە دەمی دوورودرێژی داگیرکردنی وڵاتەکەیان لە لایەن فەرەنساوە، چوونە ڕیزی سوپای کۆڵۆنیکەرەوە دژی وڵاتەکەی خۆیان، کاتێکیش ساڵی ١٩٦٢ جەزائیر ڕزگار کرا، سوپای فەرەنسا کشایەوە و نزیکەی ملیۆنێک فەرەنسی جەزائیریان بەجێ هێشت، زۆربەی حەرکییەکان، ئەگەر نەڵێین هەموویان، جەزائیریان بەجێ هێشت و دوای سوپای فەرەنسا کەوتن، چونکە لە قۆناغی دوای ڕزگاریی وڵاتەکەیان دا، ״ڕووی مەجلیس״یان نەبوو.
III
پێش چەند ساڵێک لە شاری مۆنتریال لە کەنەدا، لە پاسدا، لەگەڵ خانمێکدا کەوتینە گفتوگۆ و لە کاتی بیروڕاگۆڕینەوەدا پێی وتم کە ئەو جەزائیرییە، بەڵام عەرەبی نازانێت و جەزائیر تەنها وەک ناو دەناسێت. کە لێم پرسی بۆچی بەم شێوەیە لە وڵاتی دایک دابڕاوە، پێی وتم ئەو لە نەوەی ״حەرکییەکانە״ و تا ئێستا باجی جاشایەتی باوباپیرانی لەگەڵ داگیرکەردا دەدات، بە مەرجێک ئەو لە فەرەنسا لە دایک بووە و ئێستا کۆچی کردووە بۆ کەنەدا. حەرکییەکان لە فەرەنسا حیسابی هاووڵاتیی پلەدووشیان بۆ نەدەکرا و لە هەژاریدا دەژیان و (پێڕەشەکان)، واتە ئەو فەرەنسییانەی لە کۆڵۆنییەکاندا لە دایک بوون، لەوان زیاتر خاوەن ماف بوون.
IV
ئێستا، جارێکی تر ئەپرسم، ئایا پەیوەندیی حەرکییەکان بە هەندێ لە کوردەکانی ناو سیستمی کۆڵۆنیاڵیزمەوە چییە و ئایا دەکرێ ناوی ״حەرکی״ بۆ کوردەکانی ئەردۆگان نوێ بکەینەوە و جارێکی تر دیبەیتی پۆست-کۆڵۆنیالیزم بگەڕێنینەوە ناو دیمەنی کولتووری و میدیای کوردی، ئایا گرووپەکانی ناو (ئەنەکەسە) و ئەو سیاسی و کاراکتەرە ئایینی و ڕۆژنامەنووس و کەناڵانەی میدیا کە بێشەرمانەی بەرگریی لە سیاسەتی تورکیا دەکەن، هەمان ئەو ڕۆڵە نابینن کە کاتی خۆی حەرکییەکان دەیانبینی؟ بە دڵنیاییەوە، خزمەتی کوردە ״حەرکییەکان״ بۆ داگیرکەر ئەگەر لە خزمەتی حەرکییەکانی دەمی داگیرکردنی جەزائیر بۆ کۆڵۆنیکەران زیاتر نەبێت، ئەوا کەمتر نییە، بەتایبەتی ئەمڕۆ لە ڕوی ئایدیۆلۆژی و میدییایەوە هەوڵ دەدرێت شەڕانگێزیی ئەردۆگان و سیاسەتەکەی بەرامبەر کورد وا پێشان بدرێت لە دژی ڕەوتێکی سیاسییە نەک دژی کۆمەڵگە و خاکی کوردستان. ئەوەتا هەندێ کەناڵی میدیا ئەو ئەرکە بە باشی ڕادەپەڕێنێنن و بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان ئەو ژەهرە دەرخواردی خەڵک بدەن کە تورکیا لە عەفرین و شوێنەکانی تری ڕۆژئاوای کوردستان، بۆردومانی (یەپەگە) دەکات و پەیوەندیی بە دانیشتووان و کۆمەڵگەی کوردەوە نییە، لە کاتێکدا سوڵتان ئەردۆگان خۆی دەڵێت: ماڵەکانیان بەسەردا دەڕووخێنین. میدیای ״حەرکیی״ کوردیزمان لێرەدا، ئاسنی کۆڵۆنیاڵ دەکوتێ!
V
ئەمڕۆ، ئەو ڕاستییە دەرکەوتووە کە چۆن ״حەرکییەکان״ی کوردستان، تیایاندا سیاسی و ڕۆژنامەنووسان و بزنس-مان و مێزەر لەسەرەکانی ئەردۆگان، دەبنە قوربانیی مێژوویەکی دڵڕەقی کۆڵۆنیالیزم، چونکە نە لە کوردستاندا ڕووی ״مەجلیسیان״ دەمێنێت و نە لە جیهانەکەی ئەردۆگاندا قبووڵ دەکرێن. لەوەش گرانتر ئەوە دەبێت کە نەوەکانی دوای خۆیان، بێ ئەوەی هیچ گوناهێکیان هەبێت، باجی ״حەرکێتی״ ئەمان دەدەن.
عەفرین، ڕووی مەجلیسی بۆ ئێوە نەهێشتەوە
