خالد سلێمان
نموونەی بەرگریی نیشتیمانی لە دنیادا زۆرن، زۆربەشیان لە سەدەی بیستەمدا تۆمار کراون، بەتایبەتی لە نیوەی دووەمیدا کە هەتاوی کۆڵۆنیالیزم بەرەو ئاوابوون ڕۆیشت. کۆتایی سەدەی بیست و سەرەتای بیستویەک، لە ئەفگانستان و عێراق بزووتنەوە ئیسلامییە سەلەفییەکان پاڵتۆیەکی دڵڕەقی نامرۆڤانە بەبەر بەرگریی نیشتیمانیدا دەکەن، تەنانەت هێزە نیشتیمانی و عەلمانییەکانیش، ئەوانەی دژی داگیرکاری وەستانەوە، لە زۆر باردا ئەچنە ژێر سێبەری هەمان پاڵتۆوە، کە ناسنامەی هەڵگرانی لە تێرۆردا جێگر ئەبێت.
بەرگریی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان لە کۆبانێ ساڵی ٢٠١٤، جارێکی تر وێنەی بەرگری ئەگەڕێنێتەوە باوەشی وێنە مرۆییە مۆراڵییەکەی خۆی و کۆبانێ ئەبێتە فیگەرێکی گەورە لە دنیادا. هەر لەوێشدا گۆڕانکارییەکی ڕادیکاڵ بەسەر چەمکی بەرگریدا هات، چونکە ئەو هێزە ئیسلامییە سەلەفییانەی ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕوسیا لە ئەفگانستان و ئەوانەی ئەمهریکا لە عێراق بوونەوە، لە ڕۆژئاوای کوردستان لەبەر دوو هۆکار ڕووبەڕووی کورد بوونەوە: یەکەمیان ئەوە بوو کە تورکیا جێگەی پاکستانی هەشتاکانی سەدەی ڕابوردووی گرتەوە و بووە خانەخوێی هێز و بزووتنەوە سەلەفییەکان و دەرگاکانی بەسەر سوریادا بە تەواوەتی کرانەوە. دوەمیان لە ئایدیۆلۆژیادا خۆی بینییەوە، ئەو مۆدێلەی ڕۆژئاوای کوردستان پێچەوانەی دنیابینیی هێزە سەلەفییەکان بوو. تەنانەت ئەمەش پەیوەندیی بە سیاسەتی تورکیاوە هەبوو کە ویستی ڕاستەقینەی لە سوریادا کۆکردنەوەی هەموان بو لە ژێڕ چەتری (ئیخوانی موسلمین). تا ئێستا هێزە کوردییەکانی (ئەنەکەسە) ئەو ڕۆڵە ئەبینن کە لە تورکیاوە بۆیان داڕێژراوە.
ئەم ساڵی ٢٠١٨، دیمەنەکە بەتەواوەتی ئەگۆڕێت. تورکیا لە خانەخوێی هێزە ئەنتی-کوردەکانەوە، لە ڕێگەی هێڕشێکی بەرفراوانەوە بەرگری هێزی کورد دەباتە قۆناغێکی ترەوە. لە کۆبانێدا ڕۆڵی تورکیا چاودێریکردن و یارمەتیدانی داعش بوو، بەڵام لە عەفریندا، هەوڵی داگیرکردن سیستماتیزەکراوە، دەوڵەت، سوپا و هێزی ئاسمانی و هەمو ئامرازەکانی داگیرکاریی دابین دەکات، دامەزراوەی ئایینیی لە تورکیادا بانگەشەی بۆ دەکات و لەسەر ئاستی ناوخۆ هێزێکی سەرکوتکەر ئامادە دەکرێت بۆ لێدانی هەر جووڵانەوەیەک دژی شەڕەکەی ئەردۆگان بوەستێتەوە. لێرەدا تێبینییەک هەیە؛ پێش دەسپێکردنی جەنگی جیهانیی دووەم و لەکاتی جەنگەکەشدا، نازییەکان لە ئەڵمانیا هەمان سیاسەتیان هەبو، لێدانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەنگە ناڕازییەکان لەسیاسەتی هیتلەر، بەشێک بوو لەشەڕە گەورەکە. ئەردۆگانیش لێدانی دەنگە ناڕازییەکانی ناو تورکیا لە شەڕی داگیرکردنی کوردستانی بن-خەت بەکەمتر نازانێت.
لە شەڕی عەفریندا، لەگەڵ ئەوەی کپکردن و تاساندنی دەنگە ناخۆییەکان بەردەوامن، بەرەیەکی دژە-داگیرکاریی لەسەر ئاستی ناوخۆیی تورکیا، هەروەها نێودەڵەتیش درووست نەبووە، بەرگریی لە ڕۆژی یەکەمەوە قورسایی شاڵاوەکەی ئەردۆگانی ئیستیعاب کرد. وێنە و زانیارییەکانی بەرەکانی بەرگری دوشتی سەرەکیمان پێ ئەڵێن: یەکەم هێزە داگیرکارەکان زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و دەرکەوت کە خەونی داگیرکردنی هەرێمی زەیتون پیاسەیەکی ئاسان نابێت بۆ تورکیا. بەشێوازێکی تر، عەفرین ڤێتنامێکی بچووکە لەبەردەم یەکێک لە هێزە ناودارەکانی هاوپەیمانی ناتۆ، ڕۆژانی داهاتوو کەفیلی ئەوەن تورکیا شکستە گەورەکە ببینێت. دوور نییە هێزی داگیرکەر، هەندێ گیرفانی بچوک داگیربکات، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان تا ئەمڕۆ، کە گەورەترین خۆپیشاندان لە شاری عەفرین-دا دەکرێت، لە بەردەم بەرگری و بەجێهێشتنی خاکەکەیاندا، بژاردەی یەکەمیان هەڵبژارد. ئەمە ڕونترین نامەی عەفرینییەکان بۆ ئەردۆگان کە داگیرکردنی خاکەکەیان، پیاسەیەکی تری حەلەب و ئیدلب نابێت کە هەر ئەمڕۆ بەجێیان ئەهێڵێت.
بە کورتییەکەی، ئەگەر ئەردۆگان لەسەر پەیمانی خۆی بێت بۆ تورکەکان و لەسەر تەرمی هەر سەربازێکی داگیرکەر نوێژ بکات، ئەوا ئەبێت لە ڕۆژێکدا چەندان جار لەبەردەم ڕای گشتیدا نوێژی سەر تەرمی سەربازەکانی دوبارە بکاتەوە، چونکە هەرێمی زەیتون لە ڕۆژی یەکەمەوە، شۆکی هێڕشی داگیرکاری بەجێهێشت و پێی نایە قۆناغێکی ترەوە، قۆناغی بەرگرییەکی بەردەوام.