تورکیا شکستهکانی له ئامەدهوه دهگوازێتهوه
ئاژانس
حكومەتی توركیا شەڕی دژ بە كورد لە باكووری كوردستانەوە بۆ عەفرین درێژ دەكاتەوە و دەیەوێت ڕێگە لە درووستبوونی کیانێکی تری بەهێز بگرێت لە تەنیشتییەوە، بەڵام ئاژانسە جیهانییەکان ڕایدەگەیەنن، ئەم هەوڵەی تورکیا تەنها گواستنەوەی شکستیەتی لە ئامادەوە بۆ عەفرین.
ڕۆژی ٢٠/١/٢٠١٨ حكومەتی توركیا هێرشكردنی بۆ سەر كانتۆنی عەفرین لە ڕۆژئاوای كوردستان بە شێوەیەكی فەرمی و ئاشكرا دەست پێ كرد، لە ماوەی 35 ساڵی ڕابردوودا لە شەڕی دژ بە كورد لە باكووری كوردستان نەك هەر نەیتوانیوە ناڕەزایەتییەكانی كورد بێدەنگ بكات، بەڵكو ڕۆژ دوای ڕۆژ كورد لە توركیادا بەهێزتر دەبێت، ئەوەش بۆ تورکیا بووەتە جێی مەترسی کە کورد بە کیانێکی تری بەهێز لە تەنیشتییەوە کە عەفرینە درووست ببێت و دەیەوێت تووڕەیی خۆی لە عەفرین خاڵی بکاتەوە.
ئیبراهیم ئایهان، پەرلەمانتاری هەدەپە لە پەرلەمانی توركیا باس لەوە دەكات، كە توركیا بە هۆی شكستەكانی لە ناوخۆی وڵاتەكەی پەنای بۆ شەڕی عەفرین بردووە و بە بڕوای ئەو ئەردۆگان ناتوانێت بێ شەڕ دژی كورد بژیت.
ئیبراهیم ئایهان بە ״ئاژانس״ی وت: ״چەندین ساڵە دەوڵەتی توركیا دژایەتیی گەلی كورد دەكات و سەركەوتووش نەبووە، ئەمڕۆش كە لە ناوخۆی توركیا ئەكەپە تووشی چەندین شكستی گەورەی سیاسی و سەربازی و ئابووری بووە دەیەوێت بە هێرشی عەفرین پەردەپۆشی بكات.״
تورکیا لە زیندانیکردن، هەڕەشەکردن و تیرۆر و هەوڵی داخستنی پارتە کوردییەکان درێغی نەکردووە، بەڵام پێگەی کورد لە باکوور هەر بەرەو زیادبوون دەچێت و ئێستا کورد پێگەیەکی گەورەی لە سیاسەت و پەرلەمانی تورکیادا هەیە.
عەفرین كە بە چیای كوردان ناسراوە لە ڕووی جیۆسیاسییەوە بایەخێكی زۆر گەورەی هەیە بۆ كورد، چونكە لە باكوور و ڕۆژئاواوە هاوسنووری باكووری كوردستانە، ئەوەش ترسێكی ترە كە توركیا لەو پەیوەندییە قووڵەی عەفرین لەگەڵ باكووری كوردستان هەیەتی بۆ ئەوەی كوردی هەردوو بەشەكەی كوردستان لە یەكتر دوور بخاتەوە.
كانتۆنی عەفرین ئێستا كە گەمارۆ دراوە ئەگەر لەگەڵ هەردوو كانتۆنی كۆبانی و جەزیرە بە یەكەوە ببەسترێنەوە دەبێتە تەواوكەری سیستمی ئیدارەی فیدراڵیی ڕۆژئاوای كوردستان و بەوەش بە تەواوەتی ڕۆژئاوا دەبێتە هەرێمێكی سەربەخۆی كورد لە سوریا، بۆیە توركیا هەموو هەوڵێك دەدات عەفرین داببڕێت لە ڕۆژئاوای كوردستان و كورد نەتوانێت پڕۆژەی هەرێمەكەی تەواو بكات.
ئاژانسی فرانسپرێسی فەڕەنسی ڕۆژی ٢٥ی ئەم مانگە ڕاپۆرتێكی وردی سەبارەت بە هێرشی توركیا بۆ سەر عەفرین بڵاو كردووەتەوە و تیایدا نووسیویەتی كە حكومەتەكەی ئەردۆگان هەر ڕۆژە و شكستێك بۆ خۆی دەنووسێتەوە، ئەوەش بە هۆی بەهێزیی كوردەوەیە كە لە ناوخۆ و دەرەوەی توركیا بوونەتە بەربەست لە بەردەم خەونەكانیدا، هاوكات ئەوەش هاتووە كە شەڕی عەفرین تەنیا گواستنەوەی شكستەكانی ئەردۆگانە لە ئامەدەوە بۆ عەفرین.
سینەم محمەد، ئەندامی تەڤگەری جڤاكی دیموكراتیك ״تەڤدەم״ ئاماژە بەوە دەكات، توركیا چۆن لە باكووری كوردستان شكستی هێناوە لە لەناوبردنی كورد، دەیەوێت شەڕ بۆ عەفرین بگوازێتەوە، كە لە عەفرینیش شكستی هێنا شەڕ دەباتە شوێنێكی تر.
توركیا لە ڕووی هێزەوە بە پێنجەم وڵاتی كاریگەر لە هاوپەیمانیەتیی ناتۆ دادەنرێت كە خاوەنی زیاتر لە 700 هەزار سەربازە و زیاتر لە ملیۆنێك تانك و زرێپۆشی هەیە، هاوكات خاوەنی 2 هەزار فڕۆكەی جەنگییە.
سینەم وتیشی: ״کورد وانەی مانەوە و سەربەرزی و ئیرادە پیشانی ئەردۆگان دەدات، لە باکوور ئەوەی بینیوە و لە عەفرینیش وەری دەگرێت.״
توركیا لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوە بووە ڕێگری بكات لە درووستبوونی هەرێمی كوردی لە سوریا كە ببێتە دراوسێی داهاتووی توركیا، بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە دژی ڕۆژئاوای كوردستان وەستاوەتەوە.
ڕامین چیچەك، ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسیی توركیا كە لە میدیا بەناوبانگەكانی جیهاندا وتار دەنووسێت دەربارەی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر عەفرین بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئەردۆگان چەند ساڵێكە شەڕی دژی كوردی ڕاگەیاندووە و خۆشی سەرۆكایەتیی دەكات، بەڵام لەو شەڕانەدا شكستی هێناوە، هۆكارەكەشی ئەوەیە كورد چەند ناكۆك بن لەناو خۆیاندا بەرامبەر دوژمنەكانیان بەهێزن״.
ئەو چاودێرە سیاسییە باس لەوەش دەكات كە توركیا لە چیاكان شكستی بەرانبەر كورد هێناوە، ئێستا شەڕی بردووەتە شارەكانەوە، جەختیش دەكاتەوە توركیا ناتوانێت دۆڕانی شەڕ بەرامبەر بە کورد لە باکوور؛ لە عەفرین قەرەبوو بكاتەوە.