ئەگەر سەیری زۆرینەی پارتە سەرەكییەكانی كوردستان بكەین و بپرسین ئایا دیدوبۆچوون و پلانیان چییە بۆ ئاییندە و ڕێكخستنەكانیان چۆن پەروەردە دەكەن و چۆن دەیانەوێت پلانەكانیان بگەیەننە هاووڵاتیان؟ هەتا بە شێوەیەكی زانستی سیاسەت ئاڕاستەی خۆی وەربگرێت و پارتە سیاسییەكانیش ببنە پێشەنگی جەماوەر بۆ بنیاتنانی ئاییندەیەكی باشتر، لەوانەیە نەتوانین وەڵامێكی ئیجابی بۆ ئەم پرسیارە وەربگرین، چونكە واقیعی پراكتیكیی سیاسیی ڕۆژانەی پارتەكان ئەوەمان بۆ دەردەخات كە هەتا ئێستاش پارتە سیاسییەكان زۆر بە شێوازێكی تەقلیدی كاری سیاسی دەكەن و هەندێك لەم پارتانە دەیان ساڵ تەمەنیان هەیە، بەڵام هەموو ئەو ساڵانە نەبووەتە ئەزموون لە كاری سیاسیدا بەڵكو دەتوانین بڵێین هەر ساڵێكە و بە بەردەوامی دووبارەی دەكەنەوە، كاری سیاسی لە ئێستای جیهاندا یەكێكە لە بوارە زیندووەكان و بەشێكی گرنگی زانستی سیاسییە و بەردەوام لە ڕێگەی ئەكادیمیا و پسپۆڕانی بوارەكە و سەنتەرەكانی لێكۆڵینەوەی ستراتجییەوە گەشەی پێ دەدرێت، پارتی سیاسییش كە ڕێكخراوێكی هەڵقوڵاوی كۆمەڵگەیە، دەبێت ئەو حاڵەتە تیۆرییە بكاتە واقیع و ڕۆژانە بیچەسپێت و بە ئاڕاستەی ئیجابی و گەشەپێدان ڕۆڵی هەبێت لە باشتركردنی گوزەران و باری كارگێڕیی دەوڵەت و ئابووری و ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتیدا.
بەڵام بەداخەوە ئەوەی ئێمە لە پارتە سیاسییە كوردییەكانی كوردستان لە هەر چوارپارچەكە و بەتایبەتییش لە هەرێمی كوردستان دەیبینین و تەواو پێچەوانەی ئەمەیە، چونكە ئەم پارتانە نەیانتوانیوە لە لایەك سوود لە زانكۆ و ناوەندە ئەكادیمی و فیكری و سەنتەرەكان وەربگرن و عەقڵیان بكەنەوە بە ڕووی زانست و پێشكەوتنی نوێدا، بەتایبەتییش لە ڕووە سیاسییەكەیەوە، كە بەشێكی زۆری پەیوەستە بە پابەندبوونی پارتەكان بە بنەماكانی دیموكراسی و بەتایبەتییش لەناو خودی ڕێكخستنی حزبەكەدا، ئینجا گواستنەوەی ئەو فەلسەفەیە بۆ دەرەوەی حزبەكە، لەبەر نەبوونی ئەو كرانەوەیە، پارتەكان لە جیاتی ئەوەی پێشەنگی گۆڕانكاری و نوێبوونەوە و بەرنامەی گەشەپێدان بن بۆ خەڵك، بەردەوام سەرچاوەی تەنگژە و ململانێ و شەڕ و ئاڵۆزی و قەیران بوون بۆ كۆمەڵگەی كوردی و زیاتر لە 23 ساڵ لە حوكمڕانیی كوردی و بوونی دەیان پارتی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا، ئێستا فەزای سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا لە هەموو كاتێك خراپترە، هەر بە هۆی قەیرانی عەقڵی سیاسیی سەركردەكان، كە لەو قەیرانەی كە ئێستا تێی كەوتوون ناتوانن دەربازیان بێت و زۆرینەشیان لە جیاتی ئەوەی بیر بكەنەوە بە ئاڕاستەی چارەسەر و دانانی پلانی زانستی و بەشداریپێكردنی عەقڵی ئەكادیمی لە چارەسەری قەیرانەكاندا، زیاتر بە كەرەستەیەكی تەقلیدی ململانێ دەكەن و ئاڵۆزییەكان زیاتر دەكەن و قەیرانەكان قووڵتر دەكەنەوە، بەم هۆیەشەوە كوردستان و گەلی كوردستانیش بەرەو ئاقارێكی مەترسیدار دەبەن و دواجار هەموان لە قەیراندا دەژین و ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی قەیرانەکان زیاد دەكات. ئەگەر پارتە سیاسییەكان دەیانەوێت شێلگیرانە كار بكەن لەسەر چاكسازی و چارەسەری قەیرانەكان، سەرەتا دەبێت چاو بگێڕنەوە بە مێژووی ئەو ململانێ تەقلیدییەی كە لە دەیان ساڵی ڕابردوودا ئەنجامیان داوە و بزانن چ زیانێكی گەورەیان بە بزاڤی سیاسیی كورد و ناوبانگی كورد گەیاندووە، ئەو كاتەش ستراتیجییەتێكی نوێ بۆ خەباتی سیاسی لە ئێستادا دابڕێژن، كە ئایا دەبێت پارتی سیاسی لەسەر چ بنەمایەكی ستراتیجی خەبات بكات؟ ئایا دەبێت لە ئەم سەردەمەدا خەباتی نیشتیمانی و نەتەوەیی چۆن بكرێت؟ ئایە چۆن سیاسەت دەبێت بۆ خزمەتی خەڵك و گەشەپێدانی وڵات بێت، نەك بكرێتە خزمەتكاری دەستەبژێرێكی سیاسی و وڵاتیش ببێتە بیابان و وێرانە.