ئەندامی سەركردایەتیی پارتی له دیمانهیهكی ئاژانسدا
سازدانی: ئاژانس
عەلی عەونی، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاشكرای دەكات، گۆڕان لە وەهمدایە ئەگەر پێی وا بێت پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی بە پۆستێكی تر بۆ دەگۆڕدرێت و پێی وایە: ״گۆڕان دەزانن چییان ناوێ، بەڵام نازانن چییان دەوێت.״
عەلی عەونی، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ״ئاژانس״، سەبارەت بە دیاریکردنی کەسێک بۆ سەرۆکی هەرێم، ڕایدەگەیەنێت، ئەوە چوارەم جارە مەسعود بارزانی ڕایدەگەیەنێت کورسییەکەم چۆڵ دەکەم، دەشڵێت: ״ئەگەر نەوشیروان مستەفا یان عەلی باپیر دەستنیشان دەكەن با ببنە سەرۆكی هەرێم.״
ئاژانس: وەك پارتی دیموكراتی كوردستان، پێتان وایە پێشنیارەكانی مەسعود بارزانی چارەسەری كێشەكانی هەرێم دەكات؟
عەلی عەونی: بەڵێ، پێمان وایە جێبەجێكردنی پێشنیارەكانی سەرۆكی هەرێم چارەسەری قەیرانی سیاسیی كوردستان دەكات، وەك پێشتر دەیانگوت سەرۆكی هەرێم خۆی بە كورسییەكەیەوە قاییم كردووە و لا ناچێت، بەڵام ئەمە چوارەم جارە سەرۆك بارزانی دەڵێت وەرن و من كورسییەكە چۆڵ دەكەم، ئێ بۆ نایەن، هەركەس دەتانەوێ، نەوشیروان مستەفا دەڵێن، عەلی باپیر دەڵێن، هەركەسێكی تر دەڵێن دەستنیشانی بكەن و با ببنە سەرۆكی هەرێم، بەڵام ناكرێت لە دوورەوە پارتی تۆمەتبار بكەیت و كاتێكیش بانگهێشت دەكرێیت بۆ ڕێككەوتن نەیەیت بە دەنگییەوە.
ئاژانس: ئەگەر ئەم پێشنیارانە جێبەجێ نەكران، پارتی بە نیازی چی ترە، پڕۆژەی تری دەبێت؟
عەلی عەونی: بە خۆشحاڵییەوە جگە لە گۆڕان، وەڵامی لایەنەكانی تر بۆ ئەو بانگەوازە ئیجابی بووە، گۆڕان ئێستا وای لێ هاتووە دەزانن چییان ناوێ، بەڵام نازانن چییان دەوێت. بێگومان ناكرێت پارتی هەر پڕۆژە پێشكەش بكات و جێبەجێ نەكرێت، پارتییش شتی وا ناكات، بەڵام ئەم پڕۆژەیە تەحەدایەكی پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ ئەوانەی دەڵێن پارتی دەستی بەسەر دەسەڵات و كورسیی سەرۆكایەتیی هەرێمدا گرتووە.
ئاژانس: دەوترێت پارتی تا مانگی سێ چاوەڕوانی جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیەی مەسعود بارزانی دەكات؟
عەلی عەونی: وەكو وتم پارتی هەر پڕۆژە پێشكەش ناكات و جێبەجێ نەكرێت، بەڵام پارتی بەرپرسیارێتیی خۆی دەزانێت و لەو پێناوەشدا دەیەوێت دانووستان و گفتوگۆ هەبێت و كێشەكان چارەسەر بكەن، چەند پێویست بێت پارتی كێشەی نییە لە پێشكەشكردنی پڕۆژە بۆ چارەسەركردنی بارودۆخی كوردستان، بە دیاریكراوی بۆ ئەو پڕۆژەیەی سەرۆكی هەرێم كاتێك دیاری نەكراوە كە پارتی تا ئەوكاتە بوەستێت و ئەگەر جێبەجێ نەكرا دواتر هەنگاوی تر بنێت، بەڵام وەك سەرەتا لایەنەكان جگە لە گۆڕان باش هاتوونەتە پێشەوە و هیوادارین پڕۆسەكە بگاتە ئەنجام.
ئاژانس: گۆڕان دەڵێت ئێمە سەرۆكی پەرلەمان دەگۆڕینەوە بە سەرۆكی حكوومەت، ئێوە لە جیاتی سەرۆكی پەرلەمان پۆستی تر دەدەن بە گۆڕان؟
عەلی عەونی: گۆڕان هەتا دەتوانێت خەریكی چەواشەكردنی خەڵكە بە بوختانكردن بە سەرۆكی هەرێم و حكوومەت، جارێ پۆستی سەرۆكی هەرێم و حكوومەت مەكرەمەی گۆڕان نین بۆ پارتی تا بێت و بڵێت ئەو پۆستە دەدەم بەو پۆستە، گۆڕان خۆی نەدەبوو سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت پارتی پێی دا، سەرۆكی هەرێم دەنگی لە خەڵكەوە هێناوە و سەرۆكی حكوومەتیش هیی پارتییە، چونكە زۆرترین دەنگی هەڵبژاردنی هەیە.
ئاژانس: بۆ نموونە ئەگەر گۆڕان داوای پۆستێك بكات لە بەرانبەر گۆڕینی سەرۆكی پەرلەمان، پارتی هەڵوێستی چی دەبێت؟
عەلی عەونی: ئەو قسانە وەهمی گۆڕانن بۆ خۆیانی درووست دەكەن، كاتێك پارتی سەرۆكی پەرلەمانی دا بە گۆڕان كە حەقی خۆیان نەبوو، ئەوانیش هاتن پۆستەكەیان دا بە خراپترین كەسی خۆیان، بەڵام ئەو ڕێككەوتنە هەڵوەشاوەتەوە و ئێستا ئەگەر دانووستان بكرێت سەرلەنوێ قسە دەكرێتەوە، ئەم پۆست و ئەو پۆست بەراورد ناكرێن و ناگۆڕدرێنەوە. گۆڕان لە وەهمدایە ئەگەر پێی وا بێت پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی بە پۆستێكی تر بۆ دەگۆڕدرێت.
ئاژانس: وەك پارتی ئامادەن دانووستان لەگەڵ گۆڕان بكەن بۆ درووستكردنەوەی حكوومەتێكی تر و بەشداریی گۆڕان؟
عەلی عەونی: ئەگەر گۆڕان عاقڵ بن بەڵێ، بەڵام ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بن كە تاوەكو ئێستا كردوویانە، نەخێر پارتی نایەڵێت گۆڕان بێتە حكوومەتی تازەوە.
ئاژانس: لەو هەوڵەی تازەی پارتیدا بۆ سەردانی لایەنەكان، دەچنە لای گۆڕانیش؟
عەلی عەونی: بەڵێ، پارتی هێڵی سووری لەسەر هیچ لایەنێك نییە بە گۆڕانیشەوە، هەر لایەنێك بیەوێت، پارتی لەگەڵی دادەنیشێت و دانووستانی لەگەڵ دەكات، بەڵام بە پێی قسە و بەیاننامەكانی گۆڕان بێت، وا پێدەچێت گۆڕان نەیەوێت دانووستان بكات و لەگەڵ پارتی دابنیشێت. بەڵام پارتی چی بكات ئەگەر لایەنێك بیەوێت خۆی فڕێ بداتە دەریاوە، ئێستا گۆڕان ئەو هێزەیە دەیەوێت خۆی فڕێ بداتە دەریاوە و پارتییش نایەوێت بچێتە دەریاوە.\