ئەولەوییەتی ئێمە ئامادەكارییە بۆ ڕیفراندۆم نەك یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم
سازدانی: سەرچین ساڵح
فازڵ بەشارەتی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئهو خاڵانهی پارتی و گۆڕان له دوایین دانیشتندا ڕادهستی یهکتریان کردووه قابیلی گفتوگۆن و دهڵێت: ״خاڵەكانی ئێمە و گۆڕان ئایەتی ئاسمانییان لەگەڵ دانەبەزیون قابیلی گۆڕانكاری نەبن.״
دووشەممەی ڕابردوو ٢١ی مانگ، بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی کۆ بوونەوە و هەردوولا پڕۆپۆزەڵی خۆیان لەسەر کێشەکانی هەرێم دا بە یەکتری و چاوەڕوانی وەڵامی یەکتری دەکەن.
فازڵ بەشارەتی، لە چاوپێکەوتنێکی ״ئاژانس״دا ڕوونی دەکاتەوە، ئەولەوییەتی ئەوان لە ئێستادا بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان ئاسانکارییە بۆ پڕۆسەی ڕیفراندۆم نەک یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم و دەڵێت: ״بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم ئیلغا بووەتەوە.״
ئاژانس: سەرەتا لەوەوە دەست پێ دەكەین، وەكو پارتی تەنازول لە هیچ كام لەو شەش خاڵە دەكەن كە داوتانە بە گۆڕان؟
فازڵ بەشارەتی: خاڵەكانی ئێمە و گۆڕان قابیلی گفتوگۆكردنن، هیچیان ئایەتی ئاسمانیی لەگەڵدا دانەبەزیوە كە قابیلی گۆڕانكاری نەبێت، كام خاڵیان لە بەرژەوەندیی پڕۆسەی سیاسی كۆتایی پێ بێت پارتی موتەفیق دەبێت لەسەری.
ئاژانس: بزووتنەوەی گۆڕان پێنج خاڵی خستە بەردەم وەفدی پارتی و وەفدەكەی پارتییش شەش خاڵی داوە بە گۆڕان كە زۆر جیاوازن لە یەكەوە، چۆن دەتوانن لە سەریان ڕێك بكەون؟
فازڵ بەشارەتی: هەموو خاڵەكان تەبیعین و قابیلی گفتوگۆكردنن و دەتوانین لە سەریان ڕێك بكەوین.
ئاژانس: ئەگەر وەڵامی گۆڕان نەرێنی بوو بۆ ئەو شەش خاڵە، چی دەكەن؟
فازڵ بەشارەتی: شت زۆرە بیكەین، ڕێگای تر هەیە، مادام مەسەلەكان لەو هەموو تەنگوچەڵەمەی پێشترەوە هاتووەتە سەر گفتوگۆكردن، بۆیە نەرمیی زیاتر دەنوێنرێت بۆ گەیشتن بە ئەنجامی یەكلاكەرەوە.
ئاژانس: وەك پارتی ئەمە دوادەرفەتە دەدرێت بە گۆڕان یان هەوڵی تر دەدەن؟
فازڵ بەشارەتی: هەموو وتووێژەكان بۆ زیاتر ئاسانكاری و ڕێگەخۆشكردنە بۆ ڕیفراندۆم، هەر كاتێك وتووێژەكان توانی زیاتر ئاسانكاری بۆ ڕیفراندۆمەكە بكات ئەوا ئێمە دەستخۆشیمان هەیە بۆ هەموو لایەك، ئەگەر وتووێژیش نەیتوانی ئاسانكاری بۆ ڕیفراندۆم بكات زۆر تەبیعییە با بكەوێتە دوای ڕیفراندۆمەوە.
ئاژانس: تا كەی چاوەڕێی گۆڕان دەكەن وەڵامتان بدەنەوە؟
فازڵ بەشارەتی: كات كەمی ماوە بۆ ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، هەر لایەكیش درەنگ وەڵام بداتەوە ئەوە موماتەڵەكردنە بە كات و هیوادارین هیچ لایەك وا نەبێت.
ئاژانس: وەكو پارتی بۆچی ئەوەندە لەسەر دوانەخستنی ڕیفراندۆم موسیرن، واتا ئەگەر دوو مانگ دوا بخرێت چی دەبێت؟
فازڵ بەشارەتی: ئێمە بڕیارمان لە ڕیفراندۆم نەداوە، 17 حزب ئەو بڕیارەی داوە و بەرپرس نین لە دواخستنی، پارتی قسەی جیاوازی لەسەر دواخستنی ڕیفراندۆم نییە.
ئاژانس: ئێوە دەتوانن بەڵێن بە گۆڕان بدەن پاشەكەوتی مووچە نەهێڵن؟
فازڵ بەشارەتی: گۆڕان مەسئوول نییە لە خەڵكی كوردستان تاوەكو بەڵێنی نەهێشتنی مووچەی پێ بدرێت، حكوومەت لە هەوڵی تەواودایە بۆ ئەو مەسەلەیە، ڕاستە پارتی دەوری زیاتری هەیە لە حكوومەتدا، بەڵام حزبەكانی تریشی تێدایە، بۆیە حكوومەت لەو بڕیارە بەرپرسە نەك پارتی.
ئاژانس: گۆڕان جەخت لەوە دەكاتەوە پەرلەمان لە كوێدا پەك خراوە لەوێوە دەست پێ بكاتەوە، بەتایبەت هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم؟
فازڵ بەشارەتی: پارتی هیچ مەرجێكی لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمان نەهێشتووە، هیوادارین هیچ لایەنێكی تریش مەرجی نەبێت، ئەولەوییەتی ئێمە لە ئێستادا ئامادەكارییە بۆ ڕیفراندۆم نەك یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم، بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم ئیلغا بووەتەوە و نەماوە، لەگەڵ ئەوەشدا پەرلەمان ئەگەر ئاسایی بكرێتەوە تەنیا فریای دەركردنی یاسای ڕیفراندۆم دەكەوێت.
ئاژانس: ئەگەر گۆڕان لەگەڵ پارتی ڕێك نەكەوێت بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان، بژاردەی ترتان دەبێت بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان؟
فازڵ بەشارەتی: گۆڕان خۆیان وتوویانە ئەو خاڵانەمان مەرج نین، بنەمای گفتوگۆن، بۆیە قابیلی گۆڕانكارین، ئەو خاڵەیشی باسی دواخستنی ڕیفراندۆم دەكات قابیلی قبووڵ نییە لە لای ئێمە، ئومێدمان بە ڕێككەوتن هەیە نەك ڕێكنەكەوتن، لەگەڵ ئەوەشدا ناكرێت ژیانی سیاسی بۆ هیچ حزبێك پەك بخرێت، بۆیە بژاردەكان كۆتاییان نەهاتووە و بژاردەی ترمان دەبێت.