قاتێك شاڵی شین بە 4000 دۆلارە
ئاژانس – زاخۆ
بەرگیز، (شاڵی شین) جلوبەرگێكی كوردیی گرانبەهایە كە لە مووی بزنی مەرەزە درووست دەكرێت، سەرچاوەی چنینی بەرگیزە شاری زاخۆیە، كە ڕەنگی شین بەناوبانگترینیانە و تەواوی كارەكانی بە دەست و جۆڵایی دەكرێت، زۆرجار نرخی یەك دەستە جلوبەرگی بەرگیزە دەگاتە 3000 -4000 دۆلار، هەژارەكان بە ماندوبوونی زۆر درووستی دەكەن و خواپێداو و دەوڵەمەندەكان دەیپۆشن.
كەرەستەی سەرەكیی بەرگیزە كە وەك جلوبەرگی شاڵی هەورامییە، پشت بە مووی جۆرە بزنێك دەبەستێت كە بزنی مەرەزەیە و تایبەتە، چونكە مووی هەموو بزنێك بۆ (بەرگیزە و شەل و شەپك) بە كار نایەت کە زاخۆییەكان وای پێ دەڵێن، دوایی قۆناغەكانی دیكە دەست پێ دەكات كە ڕستنی خورییەكەیە كە ئیشی ژنانی دەستڕەنگینە و دواتریش چنینی كاری جۆڵاییە بە ئامێری كلاسیكی، ئەوجا قۆناغی كوڵاندن و ڕەنگكردن و لە قاڵبدانە تا دەكرێتە پارچەیەك و كاری دوورینی دەوێت كە ئەویش بە دەستە، بۆیە ئەم كارە تاقەتپڕووكێنە، خێزانێك سەرقاڵ دەكات تا یەك مانگ بۆ درووستكردنی بەرگیزە.
عیسمەت جەركیز، تەمەنی سەروو 50 ساڵە و ماوەی 33 ساڵە ئیشی درووستكردنی جلوبەرگی مەرەزی كوردییە و پیشەكەی لە باو و باپیرانییەوە بۆ ماوەتەوە بە ״ئاژانس״ دەڵێت: ״بەرگیزە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان تەنیا لە زاخۆ درووست دەكرێت و بۆ دەستێك بەرگیزە پێویستی بە مووی سێ سەر بزنی مەرەزە هەیە كە لە یەك ڕەنگ بن״.
״٣٣ ساڵە لە ماڵەوە ئەم كارە دەكەم لەگەڵ هاوسەر و كچەكەم و هەر لە بڕینەوەی بزنەكەوە تا گەیشتن بە دوورینی قاتێكی بەرگیزە پێویستیی بە 83 قۆناغە و ماوەی یەك مانگ كاركردنی تیمێكی سێ كەسیشی پێویستە تا بە شارەزایی و وردی كاری تێدا بكرێت״، عیسمەت جەركیز وا دەڵێت.
لە كۆمەڵگەی بەرسیفی سەر بە قەزای زاخۆ لە دێرزەمانەوە زیاتر لە 40 ماڵ كاری درووستكردن و ئامادەكردنی جلوبەرگی كوردیی بەرگیزە و شەل و شەپك دەكەن.
״بزنی مەرەزە لە هەرێمی كوردستان كەمە، ئەوەش كێشەی خاوەن پیشەی ئەم كارەیە״، جەرکیز وای وت.
دژوار كرێمەری، خاوەن دوكانێكی تایبەتە بە ناوی كولتووری بادینان، جلوبەرگی كوردی دەفرۆشێت و بە كرێشی دەدات و بە ״ئاژانس״ دەڵێت: ״لەبەر گرانیی نرخەكان خەڵك بۆ بۆنە تایبەتەكان بەرگیزە و شاڵ و شەپك بە كرێ دەبەن، كە بۆ 24 سەعات 40 هەزار دینار وەردەگرین״.
بەرگیزەی ڕەنگشین، گرانبەهاترینیانە لە ناو ئەو 30 جۆر و ڕەنگەی هەیە، هەروەها ڕەنگی خەتخەت و ڕەشوسپی و قاوەیی و شینی خەتخەت هەن، كە جۆری دوورینەكەشیان جۆراوجۆرن، بۆیە نرخەكانیشیان جیاوازن.
״بەرگیز لە زاخۆ دەكڕم و نرخیشیان جیاوازە لە 500 دۆلار دەست پێ دەكات تا دەگاتە 3 هەزار دۆلار و بەرەوسەر خواستی لەسەرە، لەبەر گرانییەكەی خەڵك تەنیا بۆ بۆنەكان دەیپۆشن نەك بە بەردەوامی״، دژوار كرێمەری وا دەڵێت.
وردەكاری و ڕستنەكەی نرخەكەی دیاری دەكات، ئەم كارەش لە ئەستۆی ئەو ژنانەیە كە مووی بزنەكە بە تەشی دەڕێسێت و تاڵە دەزووەكان هەتا باریك بێت قاتەكە تەنك دەردەچێت و خواستی كڕیاری لەسەر دەبێت، بۆیە ڕەنجی ماندووبوون و كاركردنی درووستكردنی قاتێك لەسەر ڕستنەكەیەتی و ئەویش زۆرێكیان بە تەشییە و بەشێكیشی بە ماتۆڕێكی تایبەت دەبێت كە بۆ ئاسانكاری و خێرایی بە كار دەهێندرێت.
״تاوەكو ڕستنەكە ورد و وەك یەك بێت قاتەكە جوانتر دەبێت و نرخەكەیشی زیاتر دەبێت، ئێمە قاتێك بە 3000 هەزار دۆلار دەفرۆشین، بەڵام لە بازاڕ بە 4000 دۆلار فرۆشراوەتەوە״، عیسمەت جەركیز وای وت.
بە وتەی ئەو خێزانەی جەركیز كە ״ئاژانس״ قسەی لەگەڵ كردن، باو و باپیرانیان ئەم پیشەیە لە ئەرمەنەكانی زاخۆوە فێربوون.
سعود گۆران، شارەزا لە كولتوور و جلوبەرگی كوردی بۆ ״ئاژانس״ دەڵێت: ״پەشمە و بەرگیز یا شەل و شەپك، لە دێرزەمانەوە لە ناو كورد هەبووە، وەك كولتوور و كاری دەستڕەنگینی، كە بە مووی بزنی مەرەزە درووست دەكرێت و چەند ڕەنگێگی هەیە كە زیاتر سپی، شین، خورمایی، سپی و خەتخەتی ڕەش و مەرەزی و خەتخەتی خورمایی، زەردیی خۆری، مەرەزی، بەناوبانگترینیشیان زاخولینز، و شەرنخینە״.
״ئەم جۆرە جلوبەرگە كوردییە بۆ خواپێداو و كەسانی تایبەتن بە كۆمەڵگە، چونكە گرانبەهان و بە هەموو كەسێك ناكڕدرێن״.
شیوازی دوورینیشیان بە گوێرەی داوا و خواستی كڕیارە و بە پێی ناوچەكانیش دەگۆڕێت، بەڵام زۆرترین شیوازیان لە جۆری زاخولی، دهۆكی، ئاكرەیی، گۆرانەتی، سورچی و زێبارییە، زاخولی دەلینگیان گەورەیە، هەرچی سورچی و گۆرانەتی و ئاكرەیی و زێبارییە دەلینگی مامناوەندە.