ئاژانس – تایبه‌ت
له ساڵیادى ڕووداوه‌كانى 16ى ئه‌كتۆبه‌ر و له‌ده‌ستدانى 50%ى خاكى هه‌رێمى كوردستان به هۆى ده‌ره‌نجامى ڕیفراندۆمه‌وه، قاسم سولەیمانى فه‌رمانده‌ى سوپاى قودسی ئێران سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانى كردووه و له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان كۆ بووه‌ته‌وه و پرسی دانانى پارێزگارى كه‌ركوك و پێدانى پۆستیان له به‌غدا به پارتى تاوتوێ كردووه.
به پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى كه ״ئاژانس״ له چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى تایبه‌ته‌وه ده‌ستى كه‌وتووه، دوێنێ سێشه‌ممه 16ى تشرینى یه‌كه‌م قاسم سوله‌یمانى گه‌یشتووەته هه‌ولێرى پایته‌خت و له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له مه‌سعود بارزانی و مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشی هه‌رێمدا كۆ بووه‌ته‌وه.
ئه‌نجامدانى ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه له ساڵیادى ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ره كه پێشتر پارتى ئێرانى تۆمه‌تبار ده‌كرد به‌وه‌ى له پشت هێرشی سوپاى عێراقه‌وه بووه بۆ كه‌ركوك و ناوچه جێناكۆكه‌كان له دواى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم.
به پێى زانیارییه‌كان له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا سوله‌یمانى و بارزانى باسیان له چه‌ند پرسێكى په‌یوه‌ست به دابه‌شكردنى پۆسته‌وه كردووه، له‌وانه پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك و پێدانى چه‌ند پۆستێك به پارتى له به‌غدا له به‌رانبه‌ر شكستى پاڵێوراوى ئه‌و حزبه له‌نێو په‌رله‌ماندا بۆ به‌ده‌ستهێنانى پۆستى سه‌رۆکكۆمار.