له شه‌ڕى موسڵ گرنگتر شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاته له به‌غدا
یه‌زید سایغ
وەرگێڕانی: ئاژانس
ئازادكردنه‌وه‌ى ڕاوه، دوایین شارۆچكه‌ى گرنگى ژێر چنگى ڕێكخراوى داعش، له 17ـى ئه‌م مانگه‌دا، گفتى كۆتاییهاتنى قۆناغێكى ئێجگار مه‌ترسیدار ده‌دات له وڵاتێكدا كه له ساڵى 1980وه سێ جه‌نگى كاولكهرى گه‌وره و ململانێى چهكداریى بێوچانى به خۆیه‌وه بینیوه. به‌ڵام له برى ده‌ستپێكردنى قۆناغێكى نوێ له ئاشتى و سه‌قامگیرى، عێراق ڕووبه‌ڕووى ململانێیه‌كى ئاڵۆزتر و بگره چاره‌نووسساز بووه‌ته‌وه، به‌و پێیه‌ى له ماوه‌ى سێ ساڵدا، واتا له سه‌رهه‌ڵدانه سه‌رنجڕاكێشه‌كه‌ى ڕێكخراوى داعش و كۆنتڕۆڵكردنى شارى موسڵه‌وه، هه‌ڵمه‌ته سه‌ربازییه‌كه‌ى دژ به‌و ڕێكخراوه ئه‌و سێ ئاڵنگارییه گه‌وره‌یه‌ى شاردبووه‌وە كه له ڕاستیدا هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر یه‌كگرتوویى و ئاسایشى ناوخۆیى ده‌وڵه‌تى عێراقى درووست ده‌كه‌ن.
یه‌كه‌م ئاڵنگارییش بریتییه له واقیعى پڕ له كێشه‌ى دامه‌زراوه سه‌ره‌كییه‌كانى ده‌وڵه‌ت، كه به ده‌ست ڕێژه‌ى به‌رزیى گه‌نده‌ڵى و حزبایه‌تییه‌وه ده‌ناڵێنن و به‌رده‌وام شكستى كرداره‌كى خۆیان ده‌سه‌لمێنن. ئه‌وه‌ش به ڕوونى له هه‌ره‌سهێنانه كتوپڕه‌كه‌ى هێزه چه‌كداره‌كاندا ده‌ركه‌وت كاتێك ڕێگا به ژماره‌یه‌كى كه‌م له شه‌ڕكه‌رانى داعش درا له مانگى حوزه‌یرانى 2014دا ده‌ست به‌سه‌ر موسڵدا بگرن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌مان نه‌نگى تووشى دامه‌زراوه‌كانى كه‌رتى ئاسایشى سه‌ر به وه‌زاره‌تى ناوخۆش بووه‌ته‌وه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ى كه به‌كارهێنانى هێزه چه‌كداره‌كان و یه‌كه‌كانى دژهتێرۆریش وه‌ك سه‌ره‌ڕم له لایه‌ن سه‌رۆكوه‌زیرانى پێشوو نوورى مالیكییه‌وه بۆ ده‌ستوه‌ردان له ده‌سه‌ڵاته ناوخۆییه‌كان و ڕووخاندنى چه‌ندین ئه‌نجوومه‌نی ئیداریى پارێزگاكان، هێنده‌ى تر كارى دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌تى پووكاندهوه. بۆیه ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى به سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مەریكا له ساڵى 2014وه هه‌ڵنراون بۆ بونیادنانه‌وه و ڕاهێنانى سوپاى عێراقى، ته‌نها له چه‌ند یه‌كه‌یه‌كى ده‌سته‌بژێرى سوپادا خۆیان بینیوه‌ته‌وه و نه كاریگه‌ریى له‌سه‌ر هێنانه‌كایه‌ى وه‌رچه‌رخانێكى ڕیشه‌یى له كه‌رتى به‌رگرى و ئاسایشى ناوخۆدا هه‌بووه و نه له‌سه‌ر چاككردنى په‌یوه‌ندییه سه‌ربازییه – مه‌ده‌نییه‌كانیش، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ى له سه‌رده‌مى مالیكی‌دا زیانه‌كانى به ئاشكرا ده‌ركه‌وتن.
هه‌رچى ئاڵنگاریى دووه‌میشه له به‌رده‌م عێراقدا، شكستى به‌رده‌وامى دامه‌زراوه په‌یوه‌ندیداره‌كانى ده‌وڵه‌ت و توێژى سیاسیى به‌رپرسیار له ده‌سه‌ڵاته باڵاكانى جێبه‌جێكردن و یاسادانانه له فهراههمكردنى خزمه‌تگوزارییه گشتییه بنه‌ڕه‌تییه‌كاندا، كه ته‌واوى كۆمه‌ڵگاى عێراقى ده‌گرێته‌وه. به جۆرێك كه سه‌ربارى ئه‌و بۆچوونه باوه‌ى پێى وایه عێراق له لایه‌ن حكومه‌تێكى شیعى مه‌زهه‌به‌وه فه‌رمانڕه‌وایى ده‌كرێت، كه‌چى خراپترین ڕێژه‌ى هه‌ژارى و بێكارى له‌و سێ پارێزگایه‌ى باشوورى به‌غدادان كه زۆرینه‌ى شیعه‌نشینن.
به پێى ژماره‌یه‌ك ئابووریناس و په‌رله‌مانتاریش بێت، سه‌ربارى خه‌رجكردنى 500 ملیۆن دۆلار له سامانى گشتى، به‌ڵام له نێوان ساڵانى 2003 بۆ 2013 نه یه‌ك نه‌خۆشخانه و نه یه‌ك وێستگه‌ى كاره‌باش درووست نه‌كراون، هاوكات باڵاترین به‌رپرسانى دارایى و نه‌وتیى وڵاتیش جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه بڕى 300 ملیۆن دۆلار بۆ به‌ڵێنده‌ران خه‌رج كراوه به‌بێ ئه‌وه‌ى یه‌كێك له‌و پڕۆژانه‌ش جێبه‌جێ بكرێت. له پاڵ ئه‌وانه‌شدا حكومه‌ت به ڕاده‌یه‌كى كه‌م نه‌بێت شكستى هێناوه له‌وه‌ى پاڵپشتى كه‌رتى تایبه‌ت بكات و په‌ره‌ى پێ بدات و ئابووریى وڵات بكاته ئابوورییه‌كى هه‌مه‌چه‌شن، بگره پاشه‌كشه‌ى كردووه له كه‌مكردنه‌وه‌ى پشتبه‌ستنى خه‌زێنه‌ى ده‌وڵه‌ت به داهاتى نه‌وت.
دواهه‌مین ئاڵنگارییش ئه‌وه‌یه كه عێراق ڕووبه‌ڕووى گرفتى به‌دیهێنانى ئاشته‌وایى سیاسیى ڕاسته‌قینه له نێوان لایه‌نه‌كانى كۆمه‌ڵگادا بووه‌ته‌وه، سه‌ربارى ئه‌وه‌شى كه سه‌رنجى باو له‌سه‌ر ئاشتكردنه‌وه‌ى عه‌ره‌بى سوننى مه‌زهه‌ب و تێكهڵكردنهوهیانه له لایه‌ن حكومه‌تێكى متمانه‌پێنه‌كراو له چوارچێوه‌ى ده‌وڵه‌تێكى ناوه‌ندیدا، به‌ڵام لێكترازانهكانى دیكه‌ى نێو كۆمه‌ڵگاش له‌وه كه‌متر نین و به هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌تێكى نه‌ته‌وه‌یى داده‌نرێن، به‌و پێیه‌ى ناكۆكییه سیاسییه‌كانى نێوان عه‌ره‌بى سوننه یاخود عه‌ره‌بى شیعه‌ش به هه‌مان ڕاده‌ى ئه‌و ناكۆكییه قووڵن كه سه‌باره‌ت به ناسنامه‌ى ده‌وڵه‌ت له نێوان هه‌ردوولادا هه‌یه به‌وه‌ى ئاخۆ ده‌وڵه‌ته‌كه ئیسلامى بێت یاخود عه‌لمانى، خاوه‌ن سیستمێكى یه‌كگرتوو یان فیدراڵى بێت، له ئێرانه‌وه نزیكتر بێت یاخود له ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كانى دیكه یان بێلایه‌ن بێت. لێره‌شدا ده‌كرێت بڵێین كه عێراق له هاوپه‌یمانێتییه هه‌رێمایه‌تى و سیاسه‌ته ناوخۆییه‌كانیدا گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ ئه‌و جۆره په‌یوه‌ندییه‌ى كه سه‌قامگیرییه‌كه‌ى ده‌له‌قێنێت، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ى تا ساڵى 1970 ژیانى سیاسیى پڕ له پشێویى وڵاتى پێ ده‌ناسرایه‌وه. ئه‌گه‌رى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى ناكۆكیى ئاشكراى نێوان حكومه‌تى به‌غدا و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش هێنده‌ى تر مه‌ترسییه‌كان زیاد ده‌كات و ده‌رگا بۆ ده‌ستوه‌ردانى ده‌ره‌كى زیاتر ده‌خاته سه‌ر پشت.
دواجار ته‌واوى ئه‌م كێشانه ڕۆڵیان له سه‌رهه‌ڵدان و هه‌ڵكشانى ڕێكخراوى داعشدا بینى، سه‌ربارى ئه‌وه‌شى حكومه‌ت و په‌رله‌مان به فه‌رمى جێبه‌جێكردنى ئه‌و پلانى چاكسازییه‌یان گرته ئه‌ستۆ كه حه‌یده‌ر عەبادى له ساڵى 2015دا ڕایگه‌یاند، به‌ڵام هه‌ر له سه‌ره‌تاوه سه‌رجه‌م هه‌وڵه‌كان بۆ خستنه‌به‌رباس و چاره‌سه‌ركردنى كرداریى ئه‌و ئاڵنگارییانه‌ى سه‌ره‌وه له ئاست به‌ربه‌ره‌كانێى ڕهگداكوتاوى نێو حكومه‌تى ناوه‌ندى و په‌رله‌مان و پارته سیاسییه كاریگه‌ر و میلیشیا ده‌ستڕۆیشتووه‌كان و گروپه بهرژهوهندیخوازهكانى نێو دامه‌زراوه سه‌ره‌كییه‌كانى ده‌وڵه‌تدا شكستیان هێنا و سه‌ره‌نجام درووشمى «هیچ ده‌نگێك بڵندتر نییه له ده‌نگى شه‌ڕ» ئه‌و درووشمه‌ى كه جه‌مال عه‌بدولناسڕ له سه‌روبه‌ندى جه‌نگى نێوان ساڵانى 1968 بۆ 1970 دژى ئیسرائیل به‌رزى كردبووه‌وە بۆ به‌ده‌ستهێنانى پشتیوانیى عه‌ره‌بى، وه‌ك پاساوێك دواى كه‌وتنى موسڵ له ساڵى 2014 بۆ ژێر چنگى داعش په‌ناى بۆ برا تاوه‌كو چاو له‌سه‌ر ئاڵنگارییه‌كانى به‌رده‌م ده‌وڵه‌تى عێراقى لا ببه‌ن.
كه‌واته له شه‌ڕى موسڵ گرنگتر بریتییه له‌و شه‌ڕه‌ى كه له داهاتوودا بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى پرسى ده‌سه‌ڵات له به‌غدا به‌رپا ده‌كرێت، به‌و پێیه‌ى هێشتا مه‌ترسیى ڕێكخراوى داعش یاخود گرووپه عه‌ره‌به سوننى مه‌زهه‌به‌كانى دیكه له ئارادان و ته‌نها له ماوه‌ى نێوان ئازادكردنى موسڵ و مانگى نیسانى ڕابردوودا به نزیكه‌یى 1500 هێرشى چه‌كدارى له شانزه شارى عێراق و سوریادا ڕوویان داوه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پاشهاته مهترسیدارترهكان له دوورمه‌ودادا بریتییه له ده‌رئه‌نجامى ململانێى نێوان ئه‌و گرووپه سیاسییانه‌ى مۆركى شیعه به‌سه‌ریاندا زاڵه، به‌تایبه‌ت له كاتێكدا كه له‌ناو دامه‌زراوه سیادییهكانى ده‌وڵه‌تدان و جێپێى خۆیان قایم ده‌كه‌ن بۆ كۆنتڕۆڵكردنیان، ده‌ركردنى یاسایه‌كیش له مانگى تشرینى دووه‌مى 2016دا له لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه بۆ حه‌شدى شه‌عبى، كه به پێى یاساكه كرا به به‌شێك له هێزه چه‌كداره‌كان، له پێشه‌نگى ئه‌و نموونانه‌یه كه له‌و باره‌یه‌وه له‌به‌ر ده‌ستن.
ڕه‌نگه ئه‌و ململانێیه نه‌گوێزرێته‌وه بۆ توندوتیژى، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناكرێت نكۆڵى له مه‌ترسییه‌كانى ئه‌و ئه‌گه‌ره بكه‌ین، چونكه هه‌روه‌ك زۆرێك له وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان، توندوتیژى بووه‌ته ڕێگایه‌ك بۆ سیاسه‌تكردن له عێراقدا، بگره لانیكه‌م گرتنه‌ده‌ستى ئامرازه‌كانى توندوتیژى و هێزى ڕێكخراو بووه‌ته مه‌رجى پێویستى چوونه نێو گۆڕه‌پانى سیاسه‌ته‌وه، كه ئه‌وه‌ش ڕێگا بۆ گرووپه چه‌كدارییه بچووكتره‌كان خۆش ده‌كات كێبڕكێ له‌گه‌ڵ پارته سیاسییه گه‌وره‌كان و ئه‌و لیستانه‌دا بكه‌ن كه ده‌نگێكى زۆریان له هه‌ڵبژاردنه‌كانى پێشوودا به ده‌ست هێناوه و ته‌نانه‌ت په‌راوێزیشیان بخه‌ن. له‌گه‌ڵ نوێنه‌رایه‌تیكردنى چه‌ندین میلیشیاش له په‌رله‌مانى ئێستادا، ڕه‌نگه بهسهربازیكردنى سیاسه‌ت، كه به هۆى هاتنه‌وه كایه‌ى مه‌ترسیى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى كێشمه‌كێشم له‌سه‌ر سنوورى داهاتووى هه‌رێمى كوردستان و سنوورى ناوخۆیى ناوچه‌ى ئۆتۆنۆمى ئه‌و گریمانه‌یه به‌هێزتر ده‌بێت، ڕه‌نگدانه‌وه‌ى له‌سه‌ر ده‌رئه‌نجامى ئه‌و هه‌ڵبژاردنه گشتییه ده‌بێت كه بڕیار وایه له مانگى ئایارى 2018دا به‌ڕێوه بچێت.
مێژوو خۆى دووباره ناكاته‌وه، به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌و سیاسه‌ته حزبییهى كه سوپاى عێراقى ئیفلیج كرد و بووه هۆى ئه‌نجامدانى چه‌ندین كوده‌تاى سه‌ربازى له ساڵانى په‌نجا و شه‌سته‌كانى سه‌ده‌ى ڕابردوودا، ئێستا به‌نێو دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌تدا بڵاو بووه‌ته‌وه و بووه‌ته خه‌سڵه‌تێكى گشتى.
له كۆتاییدا، ده‌كرێت كێبڕكێى سیاسیى جۆراوجۆر و گۆڕینى هاوپه‌یمانێتییه‌كان له مه‌ترسیى سه‌رهه‌ڵدانى ململانێى چه‌كدارى له عێراق كه‌م بكه‌نه‌وه و ڕۆڵ له‌و هه‌وڵانه‌دا بگێڕن كه ده‌وڵه‌تانى ده‌ره‌كى و به تایبه‌ت ئه‌مەریكا و ده‌وڵه‌ته سه‌ره‌كییه‌كانى ئه‌نجوومه‌نى هاریكاریى كه‌نداو و توركیا و ته‌نانه‌ت ئێرانیش له كپكردنه‌وه‌ى قه‌یرانه‌كه‌دا ده‌یگێڕن، به‌ڵام گه‌ر خۆ له توندوتیژییه‌كى گشتگیریش به‌دوور بگیرێت، ئه‌وا كێشمه‌كێشمى سیاسیى توند وا له چاكسازییه پێویستهكانى كه‌رتى كارگێڕى و ئابوورى و سیاسى ده‌كات به ئه‌سته‌م بێنه دى، گه‌ر مه‌حاڵ نه‌بن، نه‌بوونى ئه‌و چاكسازییه‌ش ده‌بێته هۆى ئه‌وه‌ى عێراق به شه‌كه‌تى له ده‌ستى خلۆربوونهوهدا بمێنێته‌وه و تواناى ئه‌وه‌ى نه‌بێت حوكمڕانییه‌كى كارا ده‌سته‌به‌ر بكات و به‌رده‌وام ناسه‌قامگیر و نائارام بێت.
سه‌رچاوه: ناوه‌ندى كارنیگى بۆ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست