عێراق پلانی ڕاكێشانی بەبێ بودجە بۆ داناوە
ئاژانس – محەمەد سەردار
لە كۆمەڵگەی كوردەواریدا هەر كارێك دوا بكەوێت یاخود نەكرێت، دەوترێت بوو بە (قیتارەكەی سلێمانی، هەر نەگەیشت)، چونكە دەبوایە 56 ساڵ بەر لە ئێستا هێڵی ئاسنین لە كەركوكەوە بۆ سلێمانی و شارەكانی دیكەش ڕابكێشرێت، دوای ئەوەش چەندین بەڵێن دراوە و كێشەی بۆ درووست كراوە تەنیا بۆ ئەوەی (نەكرێت).
قیتارەكەی سلێمانی، بووەتە وتەزایەكی كوردەواری بۆ هەر كارێكی بەڵێندراوی بێئەنجام و ئەویش چیرۆكێكی تەمەن نیوسەدەیی لە پشتە.
بەریتانیا لە ساڵی ١٩١٤ عێراقی داگیر كرد و حكومەتی ئەو وڵاتە بۆ گواستنەوەی سەرباز و چەك و پێداویستییە سەربازییەكانی دیكە، بۆ یەكەمین جار هێڵی ئاسنینی هێنایە عێراق و هێڵی بەغدا- سامەڕای درووست كرد، دوای چەند ساڵێك ئەو هێڵە چەند پارێزگایەكی دیكەی عێراقی گرتەوە لە ناویشیاندا پارێزگای كەركوك، لە ساڵی ١٩٦٣ حكومەتی عێراق پلانی ڕاكێشانی هێڵی ئاسنی كەركوك-سلێمانیی داڕشت، بەڵام بە هۆكاری سیاسی پلانەكە جێبەجێ نەكرا.
بە پێی توێژینەوە مێژووییەكان هێڵی ئاسنی بەغدا-كەركوك لە ساڵی ١٩٢٥ لە لایەن بەریتانییەكانەوە درووست كرا، لە دوای دۆزینەوەی نەوتیش لە كەركوك لە ساڵی ١٩٢٧ هێڵەكە گرنگییەكی زۆری لای بەریتانییەكان پەیدا كرد و لە ڕێگەیەوە نەوتیان هەناردەی دەرەوەی وڵات دەكرد، لە ساڵی ١٩٨٢ش هێڵی بەغدا-كەركوك هەڵوەشێندرایەوە و هێڵكی دیكە بە ناوی هێڵی كەركوك-بێجی-حەدیسە درووست كرا و بە وێستگەی بەغداوە لكێندرا، كە شەمەندۆفێرەكانی لە توانایاندایە ١٨٠ كم لە سەعاتێكدا ببڕن.
بەختیار ڕەشید، هاووڵاتییەكی كەركوكە و تەمەنی ٦٩ ساڵە، ساڵانێكی زۆر بە شەمەندۆفێر لە كەركوكەوە بەرەو بەغدا گەشتی كردووە، ئەو بە ״ئاژانس״ی وت: ״گەشتكردن بە شەمەندۆفێر ئەو كات زۆر خۆش بوو، چونكە شەمەندۆفێرەكان نرخی گواستنەوەیان كەمبوو، خزمەتگوزاریی تەواویشی لە خۆ گرتبوو، وەك خواردن و خواردنەوە و تەنانەت شوێنی تایبەتیش هەبوو، كە شوێنی نووستن و خواردنگەشی تێدا بوو، بەڵام نرخەكەی زیاتر بوو״.
״بۆ ئەوەی بتوانیت بە شەمەندۆفێر گەشت بكەی دەبوو پێشتر پسووڵە بكڕیت، بیرمە ئەو كات نرخی بلیت بە گوێرەی شوێنی دانیشتن و جۆری خزمەتگوزارییەكان بوو، لە ١٨٥ فلسەوە دەستی پێ دەكرد تا ٣٨٠ فلس״، بەختیار ڕەشید وای وت.
بە پێی توێژینەوە مێژووییەكان لە ساڵی ١٩٦٣ حكومەتی عێراق پلانی درووستكرنی هێڵی ئاسنی كەركوك سلێمانیی داڕشت، بەڵام بە هۆكاری سیاسی پلانەكە جێبەجێ نەكرا، هێڵی ئاسنی كەركوك – هەولێریش كە لە ساڵی ١٩٥٠ درووست كرا، كە درێژی ١٠٥ كیلۆمەتر دەبوو، بەو هۆیەوە جوڵەیەكی ئابووری و بازرگانی ڕووی لە باشووری كوردستان كرد، ڕژێمی بەعس لە ساڵی ١٩٨٤ ئەو هێڵەی هەڵوەشاندەوە.
د. دڵشاد عومەر، سەرۆكی بەشی مێژوو لە زانكۆی كەركوك، خاوەنی توێژینەوەی تایبەتە بە هێڵەكانی ئاسنینی شەمەندۆفێر لە عێراق، بە ״ئاژانس״ی وت: ״سەرهەڵدانی شۆڕشی چەكداری كوردی دژ بە دەسەڵات لە ساڵانی شەست و حەفتاكانی سەدەی ڕابردوو دواتریش سەرهەڵدانی جەنگی عێراق و ئێران لە ساڵی ١٩٨٠ لەو هۆكارە سەرەكییانەن كە بەغدای لە هێڵی قیتارەكەی سلێمانی پاشەگەز كردەوە.״
وتیشی: ״هێڵی ئاسنی كەركوك جگە لەوەی ڕێگەیەكی بازرگانی بووە، هاوكات ڕێگەیەكی نێودەوڵەتیی گرنگیش بوو، چونكە ئەو هێڵە دەچێتە ناو خاكی سوریا و دواتر بە توركیا و وڵاتانی ئەورووپا تێپەڕ دەبێت تا دەگاتە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا״.
لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق و تەقاندنەوەی پردی فەتحە لە لایەن سوپای ئەمەریكا لە ساڵی ٢٠٠٣، هێڵی ئاسنی كەركوك -بیجی – بەغدایش لە كار كەوت، بەشێكی زۆری وێستگەكانی دیكەی شەمەندۆفێر لە عێراق لە دوای سەرهەڵدانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە كار كەوتن، لە ئێستادا تەنها هێڵەكانی بەغدا -بەسڕە، بەغدا -فەلوجە، بەغدا – سامەڕا كار دەكەن.
دلێر خدر، بەڕێوەبەری هۆبەی كەركوكی هێڵی ئاسنینی ناوچەی ڕۆژهەڵات بە ״ئاژانس״ی وت: ״وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لە پلانیدایە لە دوو ساڵی ئاییندەدا هێڵی كەركوك -بێجی – بەغدا كارا بكاتەوە، وێستگەی كەركوكیش دەتوانێت بە دوو هەفتە كارەكانی تەواو بكات و تاكە گرفت ڕووخانی پردی فەتحە و نوێكردنەوەی هەندێك شوێن لە هێڵەكەدا״.
״لە ساڵی ٢٠٠٥ پڕۆژەیەك بۆ زیندووكردنەوەی ئەو هێڵە بە سەرۆك مام جەلال، سەرۆككۆماری پێشووتری عێراق درا و ڕازی بوو، كە هێڵی ئاسنینی كەركوك -سلێمانی – پێنجوین، كەركوك – هەولێر – زاخۆ ڕابكێشرێت و لە ڕێگەیانەوە دەچووە خاكی توركیا و ئێرانیشەوە، لە ساڵی ٢٠٠٩دا پلان و تەندەری بۆ دانرا، بەڵام تا ئێستا پڕۆژەكە نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە״، دلێر خدر وای وت.
هەرچەند هێڵی ئاسنین بە یەكێك لە پێشكەوتووترین ئامرازەكانی گەیاندن دادەنرێت، بەڵام بەشێكی زۆری هێڵە ئاسنینەكانی عێراق بە هۆی بەردەوامیی جەنگەوە لە كار كەوتوون و زۆر كۆنیشن، عێراقیش لە پلانیدایە كارایان بكاتەوە و لە ڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە بە وڵاتانی دەرەوە بلكێنێت، بە تایبەتیش هێڵی ئاسنینی كەركوك- سلێمانی- پێنجوێن، كە درێژییەكەی ٢٥٦ كیلۆمەترە.
تاڵب جەواد، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای هێڵی ئاسنینی عێراق بە ״ئاژانس״ی وت: ״بە هۆی خراپیی كەرتەكانی ڕێگەوبان و تەندروستی و خوێندن، حكومەت ناچار بوو بودجە بۆ هێڵی دیكەی شەمەندۆفێر تەرخان نەكات، بەڵام لە پلانیدایە پڕۆژەكانی هێڵی كەركوك- سلێمانی- پێنجوێن، كەركوك- هەولێر- زاخۆ درووست بكات و ئەو پڕۆژانەش پێشنیاز كروان بۆ وەبەرهێنان لە ساڵانی داهاتوودا و دیزاینیشی بۆ كراوە، بەڵام تاكو ئێستا بودجەی بۆ دیاری نەكراوە״.
״هێڵی كەركوك- بێجی هێڵێكی پێشكەوتووە، بەڵام ساڵی ٢٠٠٣ پردی فەتحەی نێوان كەركوك و بێجی داڕووخا و هێڵەكە لە كار كەوت، لە ئێستاشدا وەزارەتی كانزا و پێشەسازییەكانی عێراق بۆ چاككردنەوەی ئەو پردە ڕاسپێردراوە״، تاڵب جەواد وا دەڵێت.
درێژیی هێڵی شەمەندۆفێری عێراقی ٢٦٧٦ كم، لە بەسڕەوە دەست پێ دەكات و كۆتا وێستگەی لە ناو خاكی عێراق وێستگەی ڕەبیعەیە لە پارێزگای نەینەوا.