ڕفاندنیان لە عێراق ململانێی سوننە و شیعەی تێ كەوت و بەغدای ڕووگیر كرد
ئاژانس
ئازادكردنی هاووڵاتییە ڕفێنراوە قەتەرییەكان لە عێراق پڕۆسەیەكی دوولایەنی نەبوو و وڵاتانی تر تیایدا بەشدار بوون، ئەو پڕۆسەیە لە لایەك توندیی ململانێی سوننە و شیعەی لە ناوچەكە دەرخست و لە لایەكی تریشەوە ناچاری كردن گفتوگۆی نهێنی لە سەریان بكەن.
لە دوای دانوستانێكی دووساڵەی قوورس، حكوومەتی قەتەر توانی ئەو 25 هاووڵاتییەی وڵاتەكەی لە خێزانی فەرمانڕەوایی ئازاد بكات كە لە ساڵی 2015 لە شاری سەماوەی زۆرینە شیعەی ناوەڕاستی عێراق ڕفێنران.
ئەوان بۆ ڕاوكردن هاتبوونە بیابانی ئەو شارە زۆرینە شیعەیەی عێراق، بەڵام گروپە چەكدارەكان ڕفاندیانن.
ڕفاندنیان پاڵنەری دارایی نەبوو ئەوەندەی پەیوەندی بەو ململانێیەوە هەبوو كە لە نێوان دوو بەرەی سوننە و شیعەی ناوچەكەدا هەبوو.
قەتەر بە یەكێك لە پاڵپشتە سەرەكییەكانی بەرەی سوننەی عێراق و ناوچەكە هەژمار دەكرێت لە بەرامبەر بەرەی شیعەدا كە لە عێراقدا زۆرینەن.
هەینیی ڕابردوو 21-4 حكوومەتی عێراقی بە ڕەسمی ئازادكردنی ئەو 25 هاووڵاتییە قەتەرییەی ڕاگەیاند.
بە پێی زانیارییەكانی ״ئاژانس״ كە لە چەند سەرچاوەیەكی حكوومەتی عێراقییەوە دەستی كەوتووە، زۆربەی دانوستانەكانی وەفدی قەتەری بۆ ئازادكردنی ئەو هاووڵاتیانەی لە دەرەوەی عێراق بووە بەو پێیەی حكوومەتی بەغدا زانیاریی پێویستی لەسەر ئەو پڕۆسەیە نەبووە و لایەنی دەرەكیش ڕۆڵیان تیایدا هەبووە.
ئەو پرسە ناڕەزایی لە نێو سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیرانی عێراقدا لێ كەوتەوە كە ڕەخنەیان لە بێهێزی ڕۆڵی حكوومەت گرت لەو دۆسییەیەدا.
هوشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و وەزیری پێشووی دەرەوە و دارایی عێراق لە تویتێكیدا لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیوێتی: ״ئازادكردنی ڕاوچییە قەرەتەییەكان لە پاش ڕفاندنیان لە لایەن گروپە چەكدارە شیعەكانەوە شكستە بۆ سەروەری عێراق״.
حسام حاج، ڕۆژنامەنووسی عێراقیش لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك نووسیوێتی: ״لە دۆسیەی ڕفاندنی ڕاوچییە قەتەرییەكان و ئازادكردنیاندا هەر یەك لە ئێران و لوبنان و كوێت و قەتەر و ئەمەریكا بەشدار بوون، ئەوەش بازنەی تایفەگەریی ناوچەكە و ئازادكردنیان لە بەرامبەر ئازادكردنی نۆ چەكداری حزبوڵای لوبنانی بووە لە سوریا كە داعش ڕفاندبوونی״.
ڕەخنەی سەرەكی چالاكوانە عێراقییەكەن لەسەر ئەو دۆسیەیە ئەوەیە كە چەندین وڵات بەشدارییان لەو ئاڵوگۆڕەدا كردووە و تەنها حكوومەتی عێراقی نەبێت ئاگادار نەبووە هەر چەندە ڕفاندنەكە لەسەر خاكی ئەو ڕووی داوە.
هەفتەی ڕابردوو بەر لە ئازادكردنی ڕاوچییە قەتەرەییەكان حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە وتاری هەفتانەی خۆیدا وتی: ״ڕفاندنی هاووڵاتییە قەتەرییەكان تاوانێكی بێ پاساوە و زیانگەیاندنە بە عێراق״.
ئەوەی لەسەر عێراق بوو لەو دۆسییەیەدا بەڕێكردنی ڕاوچییە قەتەرییەكان بوو بۆ فڕۆكەخانەی بەغدا لە پاش ئازادكردنیان بێ ئەوەی وەزارەتی ناوبراو ئاماژە بەو گروپە بكات كە بە بارمتە گیراوەكانی لێ وەرگرتوون.
حامید موتڵەگ، ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەگریی پەرلەمانی عێراق بە ״ئاژانس״ی وت: ״بە پێی زانیارییەكان ئێران و سوریا ڕۆڵیان لە پڕۆسەی دانوستانی ئازادكردنی ئەو 25 هاووڵاتییە قەتەرییەدا هەبووە كە ئەگەر هەیە گواستنەوەی بەشێك لە خێزانە سوورییەكانی ژێر دەستی داعش بەشێك بووبێت لە پڕۆسەكە״.
حامد موتڵەگ وتیشی: ״ئێستا بەرپرسیارێتی ئاشكراكردنی ئەو گروپە كەوتۆتە سەر حكوومەتی عێراقی كە پڕۆسەی ڕفاندنەكەی ئەنجام داوە كە خاكی عێراقی بەكار هێناوە و پرسیار لەسەر ئەوەش درووست دەبێت كە بۆچی ڕفێنەرەكانی دەستگیر نەكردووە، ئەوەش هەڵوێستی بەغدا بێهێز دەكات״.
تا ئێستا بەرپرسانی حكوومەتی قەتەری وردەكاریی ڕفاندن و ئازادكردنی ئەو 25 كەسەی خێزانی پادشایی ئاشكرا نەكردووە، هەرچەندە ساڵی 2015 بە ڕەزامەندیی حكوومەتی عێراقی هاتبوونە خاكەكەیەوە.
جاسم بەیاتی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانیی نیشتیمانیی شیعە بە ״ئاژانس״ی وت: ״گروپی چەكداری عێراقی ڕۆڵیان لە ڕفاندنی ئەو ڕاوچییە قەتەریانەدا هەبووە و پاڵنەری سیاسیشی لە پشتەوە بووە بۆ شەرمەزاركردنی حكوومەتی عێراقی و ئەوەش پیلانگێڕییەك بووە״.
زۆربەی ناوەندە سوننەكان گرووپەكانی حەشدی شەعبییان تۆمەتبار كرد بە ڕفاندنی ئەو قەتەرییانە.
بەڵام ئەحمەد ئەسەدی، وتەبێژی دەستەی حەشدی شەعبی ڕەتی دەكاتەوە ڕۆڵیان هەبووبێت لەو پرسەداو بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״حەشدی شەعبی بەشێكە لە سیستەمی بەرگریی ڕەسمی حكوومەتی عێراقی و تۆمەتباركردنی لەو دۆسییەیەدا بۆ شێواندنی ناوبانگێتی״.