عەتا کەریم
حکومەتی ھەرێمی کوردستان قەرزدارە، باسکردنی ئەم پرسە، نوێ نییە، چونکە سەرۆکوەزیرانی ئێستا لە کابینەی نۆیەم و ھەروەھا ئەوەی کابینەی ھەشتەمیش درکاندوویەتی، ھەردووکیشیان کاراکتەری سەرەکین ھەم لە حکومڕانی لە ھەرێم و ھەم لەنێو پارتەکەی خۆشیاندا کە پارتی دیموکراتی کوردستانە، بە پێی بەرکەوتەی ھەڵبژاردنی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ٢٠١٨، پۆستی سەرۆکی ھەرێم و وەزیرانی بەرکەوتووە، کە دوو جومگەی گرنگن.
قەرزداربوونی حکومەتی ھەرێم، لە ڕووی بڕ و قەبارە و خاوەنی قەرزەکان و چۆن و چۆنێتییەوە (تەڵخ و ناڕوونە)، وردەکارییەکانی شاردراوەن، بۆیە فراکسۆنەکانی پەرلەمان و ھەروەھا خودی دامەزراوەی باڵای وەک پەرلەمانی کوردستان، داتا و زانیاریی لەسەر ئەم بابەتە وەک پێویست لەبەردەستدا نییە، لە کاتێکدا وەک ھەرەمی دەسەڵات دەبوایە دەسەڵاتی تەشریعی چاودێر بوایە بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە و فایلی پڕ زانیاری و داتا ئەو قەرزەی بخستایەتە بەردەستی پەرلەمان، تاوەکو قەرزەکە یاسایی بوایە و پێدانەوەشی ئاشکرا بوایە، بەڵام نە حکومەت ئەوەی کردووە، نە پەرلەمانیش خۆی لە قەرەی داوە، وەک ئەرکی چاودێریکردن و بەدواداچوون، بۆیە ھەردوولا کەمتەرخەمن، دواجاریش زیانەکە لە سەری میللەت و کیسەی دارایی ئەم ھەرێمەدا شکاوەتەوە، ھەر ئەوانیش دەبێت باجی ھەڵە و کەمتەرخەمییەکەیان بدەنەوە! بۆیە ئێستا دەنگی ناڕەزایی مووچەخۆرانی ھەرێم بڵندە و دەبیسترێت و بە حەوت مانگیش یەک بۆ دوو مووچەی پێ دراوە!
ھەر دەنگی ناڕەزاییش وای لە مەسرور بارزانیی سەرۆکوەزیران کرد کە لە کۆتایی مانگی مایسی ئەمساڵ، کلیک لەسەر مەلەفی قەرزداریی حکومەت بکات، ئەو بە ٢٧ ملیار دۆلار قەبڵاندی، کە میراتی ئامۆزاکەیەتی و لە کابینەی ھەشتەم بۆی ماتەوە، بەڵام خۆی لە وردەکاری و خاوەنی قەرزەکان و شێوازی دانەوەی بە دوور گرت، ئۆباڵەکەشی خستە سەر کابینەی پێش خۆی و ڕێگەچارەسەریشی لە ئەستۆ نەگرت، بەڵام دیسانەوە لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران بە ڕێژەی ٢٢% و ٥٠% نییەتی چارەسەرە لەسەر گیرفان و قووتی مووچەخۆران!
ھەرچەند پرسی قەررزی ٢٧ ملیارییەکەی حکومەت، کاردانەوەی بە دوادا ھات و سەرۆکی پەرلەمان ڕەتی کردەوە کە حکومەت قەرزدار بێت، ھەروەھا فراکسیۆنەکانی پەرلەمانیش بڕ و قەبارەی جیاوازیان خستە ڕوو، بە جۆرێک کە گوایە ٤ ملیار دۆلار قەرزدارە نەک ٢٧ ملیار دۆلار، بۆیە ئەوەش لێدانی قورسە لە متمانە و ھەروەھا لێڵترکردنی گومانەکان لەسەر قەرزداریی حکومەتی ھەرێم.
ئەوەی ڕوون و جێی گومان نییە، قەرزداریی حکومەتی ھەرێم و بەتاڵیی خوزێنەی دارایی حکومەتە، ھەروەھا ناڕوونیی وەرگرتن و پێدانەوەیە، نەبوونی پلانی دوورمەودایە بۆ دەربازبوون و چارەسەری قەیرانی دارایی ھەرێم، کە نزیکەی ٧ ساڵە بەرۆکی گرتووە و بە درێژایی ئەو ماوەیە بنەمایەکی ئابووری و دارایی زانستیی نەبووە، کە شاڕێی دەربازبوونی بێت، ئەوەش جێگەی گومان و بێبەرنامەییە، کە ناکرێت حکومەت بۆ گرفتێکی لەو جۆرە بەو زەمەنە زۆرە “چارەسەری پێ نەبووبێت”، بۆیە ئێستا لێکەوتە خراپەکانی لە چارەسەرکردنی خێرا دوور کەوتووەتەوە، بەو پێیەی سەرچاوەی دارایی دیکە بوونی نییە، بەڵکوو ئەوەی کە ھەبووە گەندەڵی و لێچوونی دارایی ھێندە زۆرە، ئابووری و دارایی یەکسانی سفر کردووەتەوە، بۆیە ھەڵکشانی تووڕەیی مووچەخۆری ھەرێم و داکشانی دارایی حکومەت، عاقیبەتی خێر نابێت.
تاکە دەروازەی دەربازبوونی ھەرێم لەم گرفتە داراییە، گێڕانەوەی ئەو پارانەیە کە لە بانکەکانی دەرەوەن و براونەتە دەرەوە، بەتایبەتی کەیسی (٦ ملیار ئیرۆکەی بەریتانیا و ١ ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دۆلارەکەی لوبنان)، کە جارێ ئەمانە دوو کەیسی ئاشکراکراون، ڕەنگە ھی دیکەیش ھەبن و چاوەڕوانی ئاشکراکردنیان بین، بەو پێیەی قەرزوەرگرتنی حکومەت لە کۆمپانیا ناوخۆییەکان و چاوەڕانیکردنی بەغدا ئومێدە و ئومێدیشیان چاند ھیچی لێ سەوز نەبوو!