قەرزار لە شوێنێك و قەرهبوو لە شوێنێكی ترە
ئاژانس -شیروان محەمەدئەمین
دووەم كۆمپانیای وەبەرهێنی نەوت لە سنووری ئیدارەی سلێمانی سكاڵای یاسایی لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمار كردووە و داوای یەك ملیار و 500 ملیۆن دۆلار قەرەبوو دەكاتەوە، ئەگەرەكان بەرەو ئەوەن لە باری پڕكردنەوەی ئەو سكاڵایەدا بە هەمان شێوەی سكاڵایەكی پێشووی كۆمپانیای دانەغاز قەرەبووەكەی لە داهاتی سروشتیی سنوورەكە بدرێت.
هەفتەی ڕابردوو كۆمپانیای دیناستی پتڕۆڵیۆمی خۆماڵیی نەوت لە دادگایەكی بهریتانیا سكاڵایەكی دژ بە ئاشتی هەورامی، وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكان و حكومەتی هەرێم تۆمار كردووە و داوای قەرەبووی یەك ملیار و 500 ملیۆن دۆلار دەكات لە بەرانبەر ڕێگری لە وەبەرهێنانی نەوت لە سنووری ئیدارەی سلێمانی، كە پێشتر لەگەڵ كۆمپانیایەكی تری بیانی ڕێككەوتنی كردووە.
ئەوەش لە كاتێكدایە پێشتر لە ساڵی 2017دا، كۆمپانیای دانهغاز و هاوبەشەكانی لە دادگایەكی بهریتانیا دوو ملیار و 200 ملیۆن دۆلاریان لە حكومەتی هەرێم بردەوە و حكومەتی هەرێمیش قەرەبووی ئەو پارەیەی لە وەبەرهێنانی گازی سروشتیی كێڵگەی كۆرمۆر دایەوە كۆمپانیاكە.
لە ئێستادا مەترسیی ئەوە ههیە بۆ جارێكی تر قەرەبووی دۆڕاندنی سكاڵا نوێكە لە سامانی سروشتیی سلێمانی بكرێتەوە.
فایەق مستەفا، ئەندامی لیژنەی وزە لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״پێشبینیی ئەوە دەكەین جارێكی تر بە نەوتی سلێمانی قەرەبووی ئەو كۆمپانیایە بكرێتەوە كە سكاڵای دژ بە حكومەتی هەرێم تۆمار كردووە، چونكە دۆسیەی دارایی لە هەرێم بە هیچ شێوەیەك شەفاف نییە و لە تاریكیدایە، نازانرێت كۆمپانیاكە بۆچی زیانی لێ كەوتووە، لەبەر ئەوە داهاتی وزە گومانی لەسەرەو دەكرێت مەبەستەكە بۆ ئەوە بێت پارەكە بۆ شوێنێكی تر ببرێت.״
ئەوەش لە كاتێكدایە بەرپرسانی سنووری ئیداریی سلێمانی ئاگاداری وردەكاریی ئەو كێشەیە نین.
كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״تا ئێستا بە شێوەیەكی فەرمی لەو كێشەیە ئاگادار نەكراوین و ئەگەر قەرەبووی كۆمپانیاكانی نەوت لەسەر داهات و وزەی پارێزگای سلێمانی بدرێتەوە و بزانین كارێكی نایاساییە و زیان بە داهاتی هاووڵاتییان دەگەیەنێت، بە هیچ شێوەیەك قبووڵی ناكەین״.
نەبوونی دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەسەر پرسی لێكۆڵێنەوە لە گرێبەستەكانی نەوت لە سنوورەكەیدا یەكێكە لە هۆكارەكانی دووربوونیان لەو كێشەیە.
وشیار ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەی وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״بە پێی یاسا، پارێزگار و ئەندامانی ئەنجوومەن ناتوانین لە كۆمپانیاكانی نەوت نزیك ببینەوە و پێویستە پەرلەمان بڕیارێكی نوێ دەربكات و حكومەت ناچار بكات بۆ ئاشكراكردن و شەفافییەتی وزە.״
لە ئێستادا كێشەی ئەو پرسە لە گۆڕەپانی حكومەتی هەرێم و ئەنجوومەنی باڵای نەوت و گازدایە.
شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزەی پەرلەمانی كوردستان، بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״حكومەت مەلەفی نەوتی داخستووە و زانیاری بە پەرلەمانتاران نادات و ئەگەر بە وزەی نەوتی سلێمانی قەرەبووی كۆمپانیاكانی نەوت بكرێتەوە كارێكی نەشیاوە و نادرووستە״.