نیلس هاو
(شاعیری دانمارکی)
وەرگێڕان و پەراوێز:
شەماڵ وەلی
دەنگەدەنگێکی چۆنی ناوەتەوە
لە حەوشەی پشتەوە،
بە نەفرەت بی
قەلەباچکە قژەقژکەرە جیقنە
بۆشی گرنگ نییە
شاعیرێک لە بارەیەوە بنووسێت
تەیرێکی چەند دەبەنگە
فەک یوو! فەک یوو!
ئەمە یەکێکە لەو شیعرانەی زۆرم خۆش دەوێت. شیعرەکە چرکەساتێکی تێپەڕ، پڕژاوەژاو و ئەدەبییە. هەوڵی شتێکی گەورەتر- ״جەنگ و ئازادی
بۆ نموونە، کوشتار، یان تاوان״، کێشەیەکی فیکری ״بوون لە جیهاندا״ و بارێکی قووڵی دەروونی یان ئینسانی ״بەو جۆرەی لە دێڕ بە دێڕی شیعرەکەیدا وردی بکاتەوە״ نادات، تەنیا وێنەگرتنێکی ئەو چرکەساتەیە کە دەیبینین.
با قسەکەم وردتر بکەمەوە؛
یەک: چرکەساتێکی تێپەڕە
تەنیا لە ئێستای شیعرەکەدا- چونکە دەکرێت ئەم ڕووداوە دووبارە ببێتەوە- تێپەڕە. قەلەباچکەیەکمان هەیە قژەقژی ناوەتەوە. هەر ئەوەندە. تا نیوەی کۆپلەی یەکەم بە ئەدای شیعرەکەدا زۆر ڕوون نییە کە دەنگەدەنگەکە بۆ شیعرەکە (وردتر: بگۆی شیعرەکە) دڵخۆشکەرە یان نا؟! ״دەنگەدەنگێکی چۆنی ناوەتەوە/ لە حەوشەی پشتەوە״ لەسەر خۆمانە بە هەردوو بارەکەدا (ئەرێنی و نەرێنی) بیخوێنینەوە، هەڵبەت بە پێودانگێکی گشتی دەکرێت تەنیا لایەنە ناحەزەکەی قەلەباچکە وەربگرین، کە ئەوەیش لە هایکۆدا دەکرێت پێچەوانە ببێتەوە و بە دەرکەوتنی شاعیرێکی هایکۆنووسئاسای وەک سوهراب سپێرییش، تەواو پێچەوانەکەی دەبینین. [بیرمە ڕۆژێک لە ڕۆژان لەگەڵ هاوڕێیەکانی قوتابخانەمدا چووین بە سەیران، کەناروێ وا بزانم. شەو لەوێ ماینەوە. لە تەنیشت ئاوەکەوە چادرمان هەڵدا. بەیانی یەکەم کەس بووم کە خەبەرم بووەوە، یان وا بزانم هەر نەخەوتبووم. دەترسام تیمساحمان بۆ بێت. وەلحاڵ. هاوڕێیەکانم هەموویان نووستبوون. کە دنیا ڕووناک بووەوە، گوتم ئێستاش ئیتر کاتی خەوتنی منە. چونکە هیچ مەترسییەک نەما. تەنیشتیشمان گشتی دارودرەخت بوو. کە ویستم بخەوم تەیرێک دەستی کرد بە دەنگەدەنگ. دارکونکەرە بوو. تەح. جا بەو بەیانییە. هەستام بەردێکم تێ گرت و فڕی. پاشان کە خەوتم و دوایی کە خەبەرم بووەوە، یەکێک لە هاوڕێیەکانم- کاک عوسمان وا بزانم- گوتی: ״شاڵاو! ئەوە ئەو تەیرەت بۆ هەڵفڕاند، دەنگی زۆر خۆش بوو، خۆ ئێمە هەموو ڕۆژێ دەرفەتی ئەوەمان نابێ گوێمان لێی بێ.״ ڕاستی دەکرد. ئێستا کە بیری لێ دەکەمەوە حەزم لە دەنگی دارکونکردنەکەیەتی. لەو ساڵەیشەوە تا بە ئێستایش گوێم لێی نەبووەوە. هەڵبەت ئەم شتانە هەندێک جار لە ئەدەبیاتیشدا وەکوو خۆیانن و هەندێک جاریش پێچەوانەکەی دەبینین. هەردوو لایەنیش بەبێ ڕەتکردنەوە یان قبووڵکردن شایەن بە تێڕامانن.] لەم شیعرەدا لە نیوەبەدوای کۆپلەی یەکەمدا دەبینین کە بەڵێ، دەنگەکە بۆ بگۆی شیعرەکە لەبەردڵان و دڵخۆشکەر، یان گوێخۆشکەر، نییە. ئەمە دەنگی قەلەباچکەیەکی قژەقژکەری جیقنە، کە بە نەفرەت دەکرێت. (ئەم نەفرەتە پێویستە تەماشا بکرێت کە لە زمانی یەکەمی شیعرەکەدا چییە؟ بە هۆی خۆسانسۆریی ناچاریی زمانی فارسییەوە، دەکرێت لە دانمارکیدا جنێوێک یان شتێکی دیکە بێت. هەڵبەت دەشکرێت هەر نەفرەت بێت. وەرگێڕان لە زمانی دووەم و چەندەمەوە ئەم مەتەڵانەیش دروست دەکات.) کەواتە، کۆی شیعرەکە لە چرکەساتی قژەقژکردنی ئەم قەلەباچکەیەدا ڕوو دەدات. هێندەی دەنگی بێت و هێندەی بگۆی شیعرەکە گوێی لێ بێت و جنێوێک بدات. هەر ئەوەندە.
دوو: شیعرێکی پڕژاوەژاوە
بەشێک لەم ژاوەژاوەم لە بەشی یەکەمی قسەکانمدا ئاماژە پێ دا. بەشی دووەمی ژاوەژاوەکە دەگوازرێتەوە بۆ ناو زەینی بگۆی شیعرەکە، کە لە کۆتاییی کۆپلەی یەکەمدا تێدەگەین تووڕە و بێزارە لەم دۆخە. لە کۆپلەی دووەمدا دەبینین بگۆی شیعرەکە، شاعیرێکە. جا لێرەدایە کە شیعرەکە دروست دەبێت. هەم شیعرەکە دروست دەبێت و هەم گرفتی شیعرەکەیش دەخرێتە ڕوو. ڕاستییەکەی لە کۆپلەی یەکەمدا ئەدەبیات دروست نەبووە. دوور نییە بڵێین شتێکی نابوونەوەرانە(وەک نامرۆڤانە) لە کۆپلەی یەکەمدا هەیە. ڕەنگە ئاسایی بێت لە ژیاندا (گەرچی شتێکی باش نییە) بەردێک لە دارکونکەرەیەک بگرین- هەڵبەت نەیکوژین- بەڵام ئەدەبیاتنووسین بە هەمان تێڕوانینەوە کارێکی دڵخۆشکەر یان دروست نییە. لە کۆپلەی یەکەمدا ئەم هەستە دەبینین، بەڵام خۆ ئەوەیش کەسانێک هەر پەیدا دەبن کە بڵێن بەهەرحاڵ لێرەدا کەسێکمان هەیە کە بێزارە لە دەنگی ئەم قەلەباچکە جیقنە. ئەدەبیاتیش خۆ هیی مرۆڤە باشەکان نییە و ئەدەبیاتی ڕەنگە زیاتر مرۆڤە خراپەکان بێت. بەس بە کورتی وەک دەزانین و دەبێت بزانین ئەدەبیات بۆ ئەوە نییە ڕەوایی بە کارێکی خراپ بدات. لێرە لە کۆپلەی دووەمدا لایەنی حەنەکئامێز و تەنزکارانەی شیعرەکە دەردەکەوێت. دیارە شاعیرەکە دەیەوێت یان خەریکە شیعرێک لە بارەی ئەو قەلەباچکەیەوە بنووسێت کە هەمان ئەم شیعرەیە وا وەک خوێنەرێک تێیداین. کەواتە دەکرێت ڕەوایی بدەین بەم شاعیرەی کە دەیەوێت شیعرێک بنووسێت لە بارەی قەلەباچکەیەکەوە، بەڵام قەلەباچکەکە بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە شاعیران حەزیان لە کەشێکی بێدەنگ و ئارامە، کردوویەتی بە ڕۆژی خۆی، نەک هەر ئەوە، هەرگیز بۆیشی گرنگ نییە شیعرێکی لە بارەوە بنووسرێت یان نا. بۆیە بە مافی شاعیرەکەی دەزانم پێی بڵێ دەبەنگ و دەریشی بکات؛ ״فەک یوو، فەک یوو!״. ئەمەی من دەیڵێم و لێرەدا نەختێک لایەنداریم کرد، کێشمەکێشێکی هەمیشەیییە لە نێوان شاعیران و قەلەڕەشاندا. بەهەرحاڵ منیش شاعیرێکم.
سێ: ڕووداوێکی ئەدەبییە
ڕووداوێکی ئەدەبییە لە چەند ڕوویەکەوە؛ یەک، قەلەباچکەیەکمان هەیە و ئاگەداری زەینییەتی ئینسانەکان و خودی ئەدەبیاتیشە لە بارەی ئەم باڵندەیەوە. دوو، شیعرێکی لە بارەوە نووسراوە، بە ناونیشانەکەوە یەکسەر دەزانین و حەز دەکەین سەرەڕای ئەو باکگراوندەی لە بارەی ئەم باڵندەیە و ئەدەبیاتەکەیەوە هەمانە، بزانین ئەم جارە چۆنی لە بارەوە نووسراوە و یەکسەریش گوێمان لە قژەقژەکەی دەبێت، وەک باوە. سێ، شاعیرێک بگۆی شیعرەکەیە کە ئەمە ڕووداوەکە ئەدەبیتر دەکات، چونکە هەر شاعیرانن کە زووزوو ئەم باڵندەیە دەهێننەوە ناو شیعرەکانیان و بۆ مەبەستەکانیان بەکار دەهێنین. ئایا ئەم قەلەباچکەیە وەک سەرکۆنەیەک دەرکەوتووە؟ سەرکۆنەی ئەو شیعرانەی لە بارەیانەوە لە لایەن هەر ئەم شاعیرانەوە نووسراوە؟ ئایا قەلەباچکەکان چاودێریی ئێمەیان کردووە کە شیعرمان لە بارەیانەوە نووسیوە؟ جا ئێستا دانەیەک لەوانە هاتووە و لە حەوشەی پشتەوەی ماڵی شاعیرێکدا- ڕەنگیشە شاعیرێکی بەڕێز- دەستی کردووە بە قژەقژ. بۆیە من ئەم قژەقژە بە ڕەخنە و سەرکۆنەیەک دەبینم دژ بە کۆمەڵگەی شاعیران. ئەم شاعیرەش کە لەنێو شیعرەکەدا دەیبینین نوێنەری ئێمەیە و بە هەمان زەینییەتی پێشووەوەیە، چونکە هەر زوو دژ بە قژەقژەکە دەنگ هەڵدەبڕێت و قەلەباچکەکەیش بۆی گرنگ نییە شاعیرێک لە بارەیەوە بنووسێت یان نا. ئەو لە حەوشەی پشتەوەیە و ئەمە ئاماژەیەکی تێدایە بۆ ڕابردوو، کەواتە ئاگەداری پاشەرۆکی ئێمەی شاعیرانە لەو بارەیەوە و بۆیە وەک دەڵێن: ״فشەی تەواویشی پێ نایەت.״
شیعرەکە پێکەنین لە بیر ناکات
ئەم شیعرە جیهانی بۆ پنتێکی زۆر بچووک کورت کردووەتەوە. کامێرایەکمان هەیە لە دەرەوەی گۆی زەوییەوە نزیک و نزیکتر دەبێتەوە و لە ماڵی شاعیرێکدا دەگیرسێتەوە. هەڵبەت ئێمە خودی قەلەباچکەی ناو شیعرەکە نابینین، تەنیا گوێمان لە قژەقژەکەی دەبێت. ئەم ڕووداوە کە شاعیرێک دەیەوێت شیعرێک لە بارەی قەلەباچکەیەوە بنووسێت و قەلەباچکەکەیش حسابی توورێکی قوڕاویی بۆ ناکات، بۆ ئێمە- یان لانیکەم بۆ من- مایەی پێکەنینە. هەر ئەمەیش ڕەنگ بەس بێت بۆ ئەوەی ببێتە شیعرێکی باش. هەڵبەت شاعیری ناو شیعرەکە دڵسارد نابێتەوە و سەرئەنجام شیعرەکەی خۆی هەر دەنووسێت، بەڵام کۆی گشتیی شیعرە کورتەکە، بەوەی کە بۆ یەکەم جار لە شیعردا ڕێگە بە قەلەباچکەیش درا قسەی خۆی بکات، ئەویش لەسەر شاعیران- شیعرێکی جیاواز و شایەن بە تێڕامانی زیاترە.
ئەم شیعرە هاوکات ڕەنگە ڕاستکردنەوەیەکیش بێت بۆ زۆربەی- نەک هەموو- شیعرەکانی ڕابردوو، کە دەربارەی قەلەڕەشەکان نووسراون، یاخود هەر ئاماژەدانێک بە قەلەڕەش کە بە دڵی کۆمەڵگەی قەلەڕەشان نەبێت.