دەوڵەت لە پشتییەوەیەتی
ئاژانس
سەربارى هەموو قەیرانەکانى دیکەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان، قەیرانى نەبوونى دەرمان و پێداویستییەکانى چارەسەر ڕوو لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان دەکات و بەشێک لە پزیشکانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە وەزارەتى تەندروستیی ئێران بە مەبەست ئەو قەیرانەی درووست کردووە.
هاوکات لەگەڵ قەیرانی دارایی و گرانبوونى بەهاى سوتەمەنى و خزمەتگوزارییەکانى تر، ئێستا قەیرانى نەبوونى دەرمان و پێداویستییەکانى چارەسەرکردن لە دەرمانخانە و نەخۆشخانەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستانیشى هاتووەتە سەر، بە جۆرێک لە هەندێک لە شارەکان و زۆرێک لە گوندەکان دەرمان نەماوە و پەنا بۆ شارەکانى دیکە دەبەن.
لەیلا کەریم حسێنى، کە خاوەنی دەرمانخانەیە لە شاری سنە و ئاماژە بەوە دەکات، نرخی دەرمان جێگیر نییە و لە دەرمانخانەکان جیاوازە و نرخی دەرمانی بەرهەمی ناوخۆی ئێرانیش زۆر گرانە و دەوڵەتیش بۆ شارەکانى ڕۆژهەڵاتى نانێرێت.
لەیلا حسێنى بە ״ئاژانس״ى وت: ״دەوڵەت بەو ئەندازەیەش کێشەى دەرمانى نییە، بەڵام بە مەبەست قەیرانى دەرمان لە شارەکانى ڕۆژهەڵات درووست دەکات، بۆ نموونە حەبى شەکرە ئێران ئەوەندەى هەیە ڕەوانەى دەرەوەشی دەکات، بەڵام بەبێ هۆ ئەو حەبە بۆ شارەکانى ڕۆژهەڵات نانێرێت.״
لەسەر ئەو قەیرانى دەرمان و بەرزوبوونەوەى نرخەکەى بەرپرسانی حکومەتى ئێران دەڵێن کێشەی کەمیی دەرمان نییە و بازرگانانى دەرمان ئەو نرخەیان بەرز کردووەتەوە و بەشێکی بە قاچاخ دەبەنە دەرەوە، بۆیە ڕەتی دەکەنەوە هیچ قەیرانێکى دەرمان لە هیچ بەشێکى ئیران هەبێت.
لەو بارەیەوە ئیحسان مورتەزا جەعفەریان، بەرپرسى دەرمان لە وەزارەتى تەندروستیی ئێران بە ئاژانسی ئێرنای ڕاگەیاندووە، نە لە ناوچەى کوردستان و نە لە هیچ کوێیەکى ئێران قەیرانى دەرمان نییە، ئەوەى کە هەیە زیادبوونى نرخى هەندێک دەرمانە کە لە ناوخۆی ئێراندا دەست ناکەوێت.
ئەو بەرپرسەى وەزارەتى تەندروستیى ئێران باس لەوەش دەکات، کێشەی کەمیی دەرمان هەر لە ناوچەى کوردستان نییە، بەڵکوو لە هەموو ئێرانە و دەرمانە بیانییەکان لە دەرمانخانەکاندا بە کەمی دەست دەکەون.
بە هۆی گەمارۆکانی ئەمەریکا، ئاڵوگۆڕی دراو بۆ کڕینی دەرمان سنووردار بووە و وڵاتانیش ڕێژەى ناردنى دەرمانیان بۆ ئێران بە ڕێژەی لە ٦٠% بۆ ئێران کەم کردووەتەوە، ئەوەش بە هۆى فشارەکانى ئەمەریکا بۆ سەر ئەو وڵاتانە کە مامەڵەى بازرگانیی دەرمان لەگەڵ تاران کەم بکەنەوە یان لە داهاتوودا ڕایبگرن.
ئێران ماددەی خاوی بەرهەمهێنانی دەرمان هاوردە دەکات و خۆى دەرمان درووست دەکات، بەڵام بە پێى ئامارێکى حکومەتی ئێران لە ٤٠%ى دەرمان لە وڵاتانى ئەڵمانیا و بەریتانیا و هیندستانەوە هاوردە دەکات، هاوکات باس لەوەش کراوە تێچووی تاک لە کەرتی تەندروستی هەزار و ٧١٠ دۆلارە.
عەلیار عەزیز پوور، بازرگانى دەرمانە لە شارى سنە و ئاماژە بەوە دەکات، نرخى دەرمان زۆر گران بووە بە هۆى ئەوەى وڵاتان ئاڵوگۆڕی دەرمان لەگەڵ ئێران کەم کردووەتەوە، ئەوەش قەیرانى درووست کردووە، ئەوەش پشتڕاست دەکاتەوە لە ڕێژەى دەرمان جیاوازى لەگەڵ بەشى کوردستانەکەى دەکرێت.
ئەو بازرگانە بە ״ئاژانس״ى وت: ״ڕاستە نرخى دەرمان لە هەموو ئێران بەرز بووەتەوە، بەڵام ڕێژەیەکى زۆر کەم بۆ کوردستانەکەی دێت، چونکە کە ئێمە دەچینە کۆگاکانى دەرمان لە تاران ڕێژەیەکى کەمترمان دەدەنێ بەراورد بە شارەکانى دیکەى ئێران، دیارە ئەوەش سزایەکە بۆ شارە کوردییەکان.״
بە پێى ئامارێکی سەنتەرى پزیشکیى شیفا لە تاران کە سەنتەرێکى سەربەخۆیە و تایبەت بە بوارى دەرمان لە ئێراندا ساڵانە دەوڵەت بە بەهاى زیاتر لە دوو ملیار دۆلار قازانج تەنیا لەو دەرمانە دەکات کە بە بریکار و بازرگانەکانى ناوخۆ دەیفرۆشێت و ژمارەیەک بەرپرسى دەوڵەت لە پشتییەوە وەستاون.
سەنتەرەکە لە ڕاپۆرتى ساڵى ٢٠١٩دا ئەوەى پشتڕاست کردووەتەوە کە دەوڵەت لە پێدانى دەرمان و پێدداویستییە پزیشکییەکان جیاوازى لە نێوان ناوچەکانى ئەو وڵاتە دەکات و گوند و شارۆچکە دوورەدەستەکانى بە نموونە هێناوەتەوە کە کەم دەرمانیان پێ دەگات و بە نرخێکیش دەگاتە دەست خەڵک کە توانایان نییە بیکڕن.