حزب و حكومه‌ت نه‌یانهێشت ڕۆڵی له كێشه‌كاندا هه‌بێت
ئاژانس – ئارا ئیبراهیم
په‌رله‌مانتارانی پێنج لایه‌نه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كوردستان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن حزبه‌كانیان ڕۆڵیان نه‌داوه به په‌رله‌مان بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان و گۆڕانكارییه‌كانی حكومه‌ت، بۆیه چاوه‌ڕێی لایهنهكانیانن بۆ ڕێكکه‌وتن له‌سه‌ر كێشه‌كان و پێشیان وایه بڕیار له ده‌ستی كه‌سی یه‌كه‌م و دووه‌می حزبه‌كانه نه‌ك ئه‌وان.
كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ی یوسف محه‌مه‌دی سه‌رۆك نه‌یتوانی ئه‌و ڕۆڵه بۆ په‌رله‌مان بگێڕێته‌وه كه لێی چاوه‌ڕوان ده‌كرا.
ئاڵۆزبوونی كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا و چه‌قبه‌ستوویی كێشه سیاسییه ناوخۆییه‌كان نه‌یتوانی ده‌ستپێشخه‌ریی له ده‌ست حزبه‌كان وه‌ربگرێته‌وه بۆ په‌رله‌مان، ئه‌گه‌رچی ئه‌و لایه‌نانه جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه په‌رله‌مان جێگه‌ی بڕیاردانی ڕاسته‌قینه‌یه.
دلێر ماوه‌تی، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتیی له په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״حزبه‌كان هیچیان باوه‌ڕیان به په‌رله‌مان نییه و ئه‌گه‌ر باوه‌ڕیان پێی بوایه بۆ گفتوگۆكانی گۆڕانكاریی حكومه‌ت پڕۆژه‌كانیان ده‌دایه ده‌ست فراكسیۆنه‌كانیان و كادره یه‌كه‌مه‌كانیان ده‌نارد بۆ په‌رله‌مان، بۆیه دائیم خۆیان ده‌كه‌ونه گفتوگۆ له ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان و فراكسیۆنه‌كان و له ده‌ره‌وه‌ی كه‌شی موئه‌سه‌ساتی، ده‌یانتوانی له ڕێگه‌ی وه‌زیر و فراكسیۆنه‌كانیانه‌وه كه جوانترین شت درووست بكه‌ن بۆ پڕۆسه‌ی دیموكراسی بۆ گفتوگۆی گۆڕانكاری لە حكومه‌تدا״.
وتیشی: ״په‌رله‌مان هیچ كات ئه‌و ڕۆڵه‌ی بۆ ناگێڕدرێته‌وه تا حزبه‌كان به‌م فۆرمه‌ی ئێستا ئیش بكه‌ن و حزبه‌كان ده‌سه‌ڵاتی ته‌واو نه‌ده‌نه‌وه به ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵك كه په‌رله‌مانه، ئه‌وه‌تا گفتوگۆ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ڕێك بكه‌ون و كۆبوونه‌وه‌ی پێنجقۆڵی بكه‌ن؛ هه‌ر له باره‌گه حزبییه‌كاندا ده‌كرێت״.
ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه كه له پاش ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی مه‌سعود بارزانی به‌شێك له ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم دراوه‌ته سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان.
دلێر ماوه‌تی ده‌ڵێت: ״سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان به‌شێك له ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی وه‌رگرتووه، به‌ڵام تا ئێستا به‌كاری نه‌هێناوه״.
له ئێستادا نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌رۆكایەتیی گه‌شتێكی سیاسی ده‌كات بۆ لای لایه‌نه سیاسییه‌كان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه سیاسییه‌كان بێ ئه‌وه‌ی ڕۆڵی كاریگه‌ر به په‌رله‌مان بدرێت له‌و پرسه‌دا كه نوێنه‌ری سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌كانی تێدایه.
مه‌روان گه‌ڵاڵی، سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״په‌رله‌مان بۆ خۆی قورسایی نییه و تا ئێستا لایه‌نه سیاسییه‌كان پێیان نه‌داوه، له‌م خوله‌ش شكۆی په‌رله‌مانیان شكاند و په‌رله‌مان سووك كراوه و ئه‌و ڕۆڵه‌ی نه‌ماوه״.
وتیشی: ״په‌رله‌مان وه‌كو خانوویه‌ك وایه كه‌سی تێدا نه‌بێت و هیچ ڕۆڵێكی نه‌بێت له گفتوگۆ و گۆڕانكارییه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پرسه‌كان و گۆڕانكارییه‌كانی حكومه‌ت و تا ئێستا ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم له لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه به‌كار نه‌هێنراوه و هیچ یاسایه‌ك ده‌رنه‌چووه تا واژۆی بكه‌ن״.
به‌هزاد عه‌بدولقادر، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامی‌یش جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه پێویسته ڕۆڵی ڕاسته‌قینه بۆ په‌رله‌مان بگه‌ڕێنرێته‌وه و ئه‌وه‌ش به وته‌ی ناوبراو ده‌كه‌وێتە ئه‌ستۆی په‌رله‌مانتاران و حزبه‌كانیان و ده‌ڵێت: ״بڕیاره ئه‌و وه‌فده‌ی پێك دێت بۆ به‌غدا شاندی په‌رله‌مانی تێدا ده‌بێت و كه‌سانی پیشه‌یی و پسپۆڕ بن، ئه‌مه بۆ خۆی ئه‌وه‌یه كه ده‌مانه‌وێت ڕۆڵمان هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان״.
به‌هزاد عه‌بدولقادر بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״ئه‌و گۆڕانكارییه‌ی كه بڕیاره له‌ناو حكومه‌ت بکرێت، په‌رله‌مان چاوه‌ڕێی كۆبوونه‌وه‌ی حزبه‌كانه، به‌ڵام ده‌بێت په‌رله‌مان ڕۆڵی هه‌بێت له‌و گۆڕانكارییانه‌دا״.
باڵادهسیی حزبه‌كان وای كردووه كه په‌رله‌مان ڕۆڵی لاوه‌كی هه‌بێت له بڕیاره چاره‌نووسسازه‌كاندا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به یه‌كێك له باڵاترین ده‌سه‌ڵاته‌كان داده‌نرێت و به نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی جه‌ماوه‌ریش هه‌ژمار ده‌كرێت.
فه‌رحان جه‌وهه‌ر، ئه‌ندامی فراكسیۆنی پارتی له په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״هه‌میشه حزبه‌كان بڕیاریان داوه و هیچ كاتێك په‌رله‌مان بڕیاری نه‌داوه و ڕۆڵی نه‌بووه له گۆڕانكاریی حكومه‌ت و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كاندا و له ئایینده‌شدا هه‌ر وا ده‌بێت، ئه‌مه خراپ نییه، چونكه حزبه‌كان په‌رله‌مانتاران داده‌نێن؛ كێ ئه‌مرت پێ بكا ده‌بێت به قسه‌ی ئه‌وان بكه‌یت.״
په‌ككه‌وتنی دوو ساڵی په‌رله‌مان نه‌یتوانی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه به شێوه‌یه‌ك كارا بكاته‌وه كه جێگه‌ی متمانه‌ی حزبه‌كان و هاووڵاتییان بێت پێكه‌وه و له‌وێوه بڕیاره چاره‌نووسسازه‌كان ده‌ربچێت.
عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی، بڕیارده‌ری فراكسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״كاتێك حكومه‌ت له په‌رله‌مان ده‌سه‌ڵاتی زیاتر بێت، له كاتێكدا حكومه‌ت له هه‌ناوی په‌رله‌ماندا له دایك بووه، حزبیش له حكومه‌ت گه‌وره‌تر بێت، نابێت هه‌رگیز چاوه‌ڕێی ئه‌وه بكه‌ین ڕۆڵی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی هه‌بێت، هه‌موو حزبه‌كان بێ جیاوازی ده‌یانه‌وێت وه‌ك شتێكی ڕه‌مزی سه‌یری په‌رله‌مان بكه‌ن״.
عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی وتیشی: ״ئه‌سڵ وایه هه‌موو حزبه‌كان كه پڕۆژه‌یان هه‌یه له په‌رله‌مانی كوردستان له ڕێگه‌ی فراكسیۆنه‌كانیانه‌وه كاری له‌سه‌ر بكه‌ن، حزبه‌كان نوێنه‌ریان هه‌یه، به‌ڵام په‌رله‌مان دۆخێكی بۆ درووست كراوه متمانه‌ی خۆی له ده‌ست داوه به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی ماوه‌كه‌ی درێژ كرایه‌وه و هیوای بۆ خه‌ڵك نه‌هێشته‌وه״.