ئاژانس
بڕیارە مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق گۆڕنكاری لە شەش هەزار پۆستی باڵا و مامناوەندی عێراقدا ئەنجام دات، كە لە بریكاری وەزارەتەوە تاوەكو بەڕێوبەری گشتی و ئاسایی دەگرێتەوە.
سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراق كە نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە بە “ئاژانس”ی وت: “مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی نوێ بڕیاری داوە گۆڕانكاری لە شەش هەزار پۆستی باڵا و مامناوەندی حكومەتدا بكات و بەم نزیكانەش ناوەكان دەخاتە بەردەم پەرلەمان بە مەبەستی دەنگدان لەسەریان.”
ئەو سەرچاوەیە وتیشی: “ئەو ڕێوشوێنانەی كازمی بڕیاری داوە بیانگرێتە بەر بۆ دژایەتیكردنی گەندەڵی و كۆنتڕۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكان و وەرگرتنەوەی چەك لە گرووپەكانی دەرەوەی دەوڵەت، وای كردووە هەندێك لە هێزە سیاسییەكان كە پێشتر لەگەڵ ئەوە نەبوون ببێت بە سەرۆكوەزیران، هەست بە مەترسی بكەن و لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە هێرش دەكەنە سەری”.