یه‌كگرتوو پلانی وردیان بۆ هاوپه‌یمانێتیی نێوانمان دانه‌نابوو
سازدانى: شیروان محه‌مه‌د
كامیل مه‌حمود ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسیى بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى، ئۆباڵى به‌شێك له شكستى حزبه‌كه‌یان له هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستاندا ده‌خاته ئه‌ستۆى بارودۆخى ناوخۆى بزووتنه‌وه و ده‌ڵێت: “له‌ناو حزب كۆمه‌ڵێك كێشه‌ى ڕێكخراوه‌ییمان هه‌یه، كه بێسه‌روبه‌ره‌یى له‌ناو بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامی‌دا هه‌یه و به میزاجى كه‌سێك یان چه‌ند كه‌سێك كارى سیاسیى بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى ده‌كرێت.”
كامیل مەحمود له چاوپێكه‌وتنێكى “ئاژانس”دا باس له هاوپه‌یمانێتییان ده‌كات له‌گه‌ڵ یه‌كگرتووى ئیسلامى له لیستى به‌ره‌و ئیسڵاحدا و ئاشكرای ده‌كات، كه یه‌كگرتوو به وردى پلانیان بۆ هاوپه‌یمانێتیى نێوانمان دانه‌نابوو كه 24 كاتژمێر پێش داخستنى ده‌رگاى هاوپه‌یمانێتى؛ یه‌كگرتوو بڕیاری داوه ببێته هاوپه‌یمانیان و ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات كه ده‌نگه‌كانى حزبه‌كه‌یان چووه بۆ كاندیده‌كانى یه‌كگرتوو.
ئاژانس: سه‌ره‌تا له‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌ین كه هۆكارى ڕاسته‌قینه‌ى كه‌مبوونه‌وه‌ى ده‌نگه‌كانتان چى بوو؟
كامیل مه‌حمود: هۆكارى ناوخۆیى هه‌یه، كه هه‌ردوو حزبى ده‌سه‌ڵات له هه‌موو كایه سیاسییه‌كاندا، به‌بێ ساخته‌كاریى هه‌ڵبژاردن ناتوانن به‌رده‌وامى به ژیانى سیاسیى خۆیان بده‌ن، هاوكات له‌ناو حزبیش كۆمه‌ڵێك كێشه‌ى ڕێكخراوه‌ییمان هه‌یه، كه بێسه‌روبه‌ره‌یى له‌ناو بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامی‌دا هه‌یه، له كۆبوونه‌وه‌كانى ڕابردووى سه‌ركردایه‌تى ئاماژه‌مان بۆ ئه‌وه كردووه، كه به میزاجى كه‌سێك یان چه‌ند كه‌سێك كارى سیاسیى بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى به‌ڕێوه ده‌چێت، سیاسه‌تى ناڕوونى هه‌یه، شه‌فافیه‌ت له‌ناو داموده‌زگاكانیدا نییه، ئه‌مانه‌ش په‌تاى كوشنده‌ن بۆ هه‌ر پارتێكى سیاسى، به تایبه‌تى پارتێك كه ڕه‌خنه‌ى شه‌فافیه‌ت له ئه‌داى ده‌سه‌ڵات بگرێت و خۆشى ئه‌وه‌ى تێدا نه‌بێت، ئه‌وانه‌ش فهكتهرى سه‌ره‌كى بوون بۆ ئه‌وه‌ى ده‌نگده‌ره‌كانى خۆمان سزامان بده‌ن، چاوه‌ڕوانى ئه‌وه نه‌بووین ده‌نگده‌رمان له شه‌ش هه‌زار كه‌س تێپه‌ڕ نه‌كات كه سێ هه‌زار كه‌سیان كه‌سوكارى كاندیدهكانمانن كه ده‌نگیان پێ داوین، ئه‌وانه‌ى مووچه‌خۆرى حزبن له پاسه‌وان و خانه‌نشینى پێشمه‌رگه دێرینه‌كان، به‌شى زۆرینه‌یان ده‌نگیان به بزووتنه‌وه نه‌داوه.
ئاژانس: ده‌مه‌وێت ڕوونتر باسى كێشه ناوخۆییه‌كانى بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى بكه‌یت؟
كامیل مه‌حمود: تاكو ئێستا ئۆرگانه‌كانمان سهڵاحییهتى كاركردنیان نییه، بودجه‌ى كاركردن نه‌خراوه‌ته به‌رده‌ستیان، سه‌ركردایه‌تییه‌كى سزادراو و هه‌ژارمان هه‌یه، بوار نه‌دراوه وه‌ك ئۆرگانێكى سه‌ره‌وه‌ى حزب به كارى خۆیان هه‌ڵبستن، تاكو ئێستا نازانین له‌ناو فه‌زاى سیاسیى ناوخۆ و ده‌وروبه‌رمان مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ كێیه؟ به‌شێكى زۆرى ئه‌مانه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى كه كارى بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى قۆرغ كراوه، له چه‌ند ده‌ستێكى زۆر كه‌مدا، كه به‌شى هه‌ره زۆرى سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ى بێئاگایه لە كاره‌كانى.
ئاژانس: ئه‌و ده‌ستانه‌ى كارى قۆرغكارى له‌ناو بزووتنه‌وه ده‌كه‌ن كێن؟
كامیل مه‌حمود: له ئێستادا ته‌نها ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم، له داهاتووشدا ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه به‌خۆداچوونه‌وه بۆ باشكردنى كاره‌كانى نه‌كات، په‌نجه ده‌خه‌مه سه‌ر هه‌موو برینه‌كان.
ئاژانس: هه‌ست ناكه‌ن ئه‌و ده‌نگانه‌ى كه پێشتر توانیتان كورسییه‌كى پێ به ده‌ست بهێنن چووه بۆ كاندیده‌كانى یه‌كگرتوو؟
كامیل مه‌حمود: به دڵنیاییه‌وه سروشتى هاوپه‌یمانێتى به‌و شێوه‌یه هێزى گه‌وره ده‌نگى هێزى بچووك بۆ خۆى ده‌بات، به‌ڵام یه‌كگرتووش پاشه‌كشه‌ى كردووه، له 10 كورسییه‌وه هاتووەته سه‌ر 5 كورسى، بزووتنه‌وه‌ش یه‌ك كورسى هه‌بوو ئه‌ویشى له ده‌ست دا.
ئاژانس: ده‌وترێت ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ى نێوانتان ئه‌وه‌نده‌ى پرسێكى زه‌رووریى ئایینى بووه ئه‌وه‌نده سیاسى نه‌بووه و له لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامییه‌وه وردبینى بۆ نه‌كراوه، بۆیه كاریگه‌ریى له‌سه‌ر ده‌نگه‌كانتان هه‌بووه، ئه‌وه وایه؟
كامیل مه‌حمود: بزووتنه‌وه هه‌میشه هه‌وڵی داوه ئیسلامییه‌كان پێكه‌وه به‌شداریى هه‌ڵبژاردن بكه‌ن، دیاره بزووتنه‌وه و یه‌كگرتووش به وردى پلانیان بۆ هاوپه‌یمانێتیى نێوانیان دانه‌ناوه، چونكه 24 كاتژمێر پێش ڕاگرتنى هاوپه‌یمانێتى له لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه، یه‌كگرتوو بڕیاری دا هاوپه‌یمانێتى نێوانمان بكه‌ین.
ئاژانس: له‌سه‌ر ئاستى سه‌ركردایه‌تیى بزووتنه‌وه كه‌س هه‌بووه له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه نه‌بێت؟
كامیل مه‌حمود: نه‌خێر، به‌ڵام قسه‌وباس و پێشبینى ئه‌و ئه‌نجامه هه‌بوو، سه‌ره‌نج و ڕه‌خنه له‌سه‌ر سیاسه‌تى ڕابردووى یه‌كگرتوو له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات هه‌بوو.
ئاژانس: ئه‌ى پێت وایه كۆمه‌ڵى ئیسلامى ڕێگا ڕاسته‌كه‌ى هه‌ڵبژارد كه به‌شدار نه‌بوو له هاوپه‌یمانێتى به‌ره‌و ئیسڵاح؟
كامیل مه‌حمود: هه‌ندێك كارى كۆمه‌ڵى ئیسلامى ئه‌زموونێكى سه‌ركه‌وتووى به ده‌ست هێنا، به تایبه‌ت ململانێ به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵات، ئه‌مه‌ش تا ئه‌ندازه‌یه‌ك بووه مایه‌ى ڕه‌زامه‌ندیى جه‌ماوه‌رى ناڕازیى شه‌قام.
ئاژانس: به‌رپرسى هه‌ڵبژاردنى كۆمه‌ڵ ده‌ڵێت ئه‌م هه‌ڵبژاردنه له هه‌ڵبژاردنى 12ی ئایار باشتر بوو، ده‌نگى كۆمه‌ڵ زیادى كردووه و بووین به ڕیزبه‌ندى یه‌كه‌م له‌نێو لیستى ئیسلامییه‌كانى كوردستان ئه‌مه وایه؟
كامیل مه‌حمود: كۆمه‌ڵ له ڕووى ڕێژه‌ى كورسییه‌وه یه‌كه‌م لیستى ئیسلامییه، نابێت جه‌ماوه‌ر له‌سه‌ر لایه‌نێك تاپۆ بكه‌ین، چونكه سبه‌ى كۆمه‌ڵ هه‌ڵوێسته‌كانى بگۆڕێت جه‌ماوه‌ر ده‌نگ به لایه‌نێكى تر ده‌دات .
ئاژانس: شكستى هه‌ڵبژاردن ده‌بێته هۆى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى هه‌وڵه‌كان بۆ به‌ره‌ى ئیسلامى كه پێشتر له‌سه‌رى ڕێک كه‌وتبوون؟
كامیل مه‌حمود: به‌ره‌ى ئیسلامى له‌م قۆناغه‌دا به بنبه‌ست گه‌یشتووه و هێزه سیاسییه‌كان به یه‌ك ناگه‌ن و درووست نابێت.
ئاژانس: بزووتنه‌وه به هۆى كه‌مبوونه‌وه‌ى ده‌نگه‌كانى به‌خۆداچوونه‌وه ده‌كات، به گۆڕینى ڕابه‌ر یان ته‌نها ده‌ست بۆ ئه‌ندامانى خواره‌وه ده‌به‌ن؟
كامیل مه‌حمود: له شكستێكى وه‌ك ئێستاى بزووتنه‌وه، ئه‌گه‌ر گۆڕانكارى نه‌كات، ئایینده‌ى ڕووناك نابێت، گۆڕینى ڕابه‌ر ده‌مێنێته‌وه بۆ سه‌ر بڕیارى سه‌ركردایه‌تى، كه ئایا له كوێوه چاكسازى ده‌كه‌ن؟ به‌رپرسیارێتیى شكست ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆى كێ؟ دواى هه‌ڵبژاردن تاكو ئێستا یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تیمان كردووه، كه نه‌گه‌یشتین به هیچ ئه‌نجامێك.
ئاژانس: له دواهه‌مین كۆبوونه‌وه‌ى شوراى بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى ئه‌و ته‌وه‌ره باس كرا؟
كامیل مه‌حمود: ئه‌وه درێژترین كۆبوونه‌وه بوو، به‌ڵام خراپترین كۆبوونه‌وه بوو له مێژووى بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامی‌دا، جگه له به‌لاغێك هیچ بڕیارێكان ده‌رنه‌كرد.
ئاژانس: كۆتای پێكهاته ئاینى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان زیانى به لیستى ئیسڵاح گه‌یاند؟
كامیل مه‌حمود: ئه‌وه به سوودى پارتى كه‌وتۆته‌وه و زیانیشى بۆ هه‌موو لیسته‌كان هه‌یه.
ئاژانس: ئێوه ده‌بن به ئۆپۆزسیۆن؟
كامیل مه‌حمود: له‌م قۆناغه‌دا ده‌بێت ئۆپۆزسیۆنى خۆمان بین، ده‌بێت دڵسۆزانى بزووتنه‌وه فشار بخه‌نه كار و له پاشاگه‌ردانى ڕزگار بكرێت، دواتر به ته‌بیعه‌تى حاڵ له ده‌ره‌وه‌ى حكومه‌ت و په‌رله‌مان ده‌بین.
ئاژانس: پارتى له پێش و پاشى هه‌ڵبژاردن دانوساندنى له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه كردووه بۆ ئه‌وه‌ى بچنه ناو حكومه‌ته‌وه؟
كامیل مه‌حمود: ئاگادار نیم، چونكه یه‌كێك له گرفته‌كانمان ئه‌وه‌یه كه كار و كۆبوونه‌وه‌كانمان له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ى وڵات مه‌كته‌بى سیاسى لێى بێئاگایه.
ئاژانس: له حاڵه‌تێكدا بزووتنه‌وه گۆڕانگاریی نه‌كرد، تۆ و هاوڕاكانت كاردانه‌وه و هه‌ڵوێستان چۆن ده‌بێت؟
كامیل مه‌حمود: من لانیكه‌م پۆستى سه‌ركردایه‌تى و مه‌كته‌بى سیاسیم ده‌گه‌ڕێنمه‌وه بۆ حزب و ده‌ست له‌كار ده‌كێشمه‌وه.
ئاژانس: ئه‌مه ته‌نها بۆچوونى تۆیه یان خه‌ڵكى تریش هاوڕای تۆیە له بزووتنه‌وه؟
كامیل مه‌حمود: له‌ناو به‌شێكى زۆر له سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بى سیاسى هه‌مان بۆچوون هه‌یه، به‌ڵام تاكو ئێستا له‌م بارەیەوه ڕاپرسى و ڕاوێژم به هاوڕێكانم نه‌كردووه.
ئاژانس: ئه‌ى كوڕانى مامۆستا عه‌لى عه‌بدولعه‌زیز وه‌ك ئێوه ڕه‌خنه‌یان له بزووتنه‌وه هه‌یه؟
كامیل مه‌حمود: نه‌خێر لاى ئه‌وان حزب هیچ كێشه و گرفتێكى نییه.