نووسینى،
Ambika Vishwanath
وه‌رگێڕانى،
هاوڕێ حه‌سه‌ن حه‌مه
كوردستانى عێراق یه‌ك هه‌نگاوێكى زیاتر له خه‌ونه مێژووییه‌كه‌ى كه سه‌ربه‌خۆییه نزیكتر بووەته‌وه. له هه‌نگاوێكى مێژوویی‌دا (ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین به‌ته‌واوه‌تى هه‌نگاوێكى كه‌موێنه بوو)، زۆرینه‌یه‌كى زۆرى ده‌نگده‌رانى هه‌رێمى كوردستان ده‌نگیان بۆ ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆی كوردستان دا. له ڕاپرسیی 25ى سێپته‌مبه‌ره‌وه، هه‌ستى ناسیۆنالیستى هه‌ولێرى پایته‌ختى هه‌رێمى كوردستان و ناوچه بچووكه‌كانى ده‌وروبه‌رى داگیر كردووه له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كورده‌كان ئاهه‌نگى ئه‌و هه‌نگاوه مێژووییه‌یان ده‌گێڕن كه سه‌رده‌مانێكه چاوه‌ڕوانى ده‌كه‌ن. به‌ڵام به‌بێ پیلانێكى ته‌واو تۆكمه، خه‌ونى هه‌رێمى كوردستان بۆ بونیاتنانى ده‌وڵه‌تێكى كارا و كاریگه‌ر ده‌شێت قورس بێت به‌دى بێت.
له چه‌ندین ڕووه‌وه ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ى كه وا ده‌رده‌كه‌وت به ده‌ست هاتبێت ده‌رئه‌نجامى نه‌خوازراوى لێ كه‌وته‌وه و پێچه‌وانه بووه‌وه، هه‌رێمى كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ى دووچارى كێشه و گرفتى زیاتر كردەوه زیاتر له هه‌ركاتێكى تر. جگه‌له ڕوسیا و ئیسرائیل، زۆرینه‌ى هه‌ره‌زۆرى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى له دژى ڕیفراندۆمه‌كه وه‌ستانه‌وه ئه‌مه‌ش له ترسی ئه‌و ناسه‌قامگیرییه‌ى كه ئه‌شێت ڕیفراندۆم بیهێنێته كایه‌وه بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌ى كه خۆى پڕیه‌تى له ئاشوب و توندوتیژى. له‌مه‌ش زیاتر، دراوسێ نزیكه‌كانى عێراق، توركیا و ئێران ترسیان له‌وه هه‌بوو كه هه‌ر سه‌ركه‌وتنێكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له جیابوونه‌وه له‌گه‌ڵ عێراقدا له داهاتوودا پاڵ به‌و دانیشتووانه زۆره‌ى كوردى نێو وڵاته‌كانیانه‌وه ده‌نێت كه هه‌مان هه‌نگاو بگرنه‌به‌ر و شانبه‌شانى كورده‌كانى عێراق، واته ئه‌وانیش هه‌مان ڕێگاى هه‌رێمى كوردستان بگرنه به‌ر.
له سه‌روبه‌ندى ده‌رئه‌نجامه سیاسى و دیپلۆماسییه نهخوازراوهكانى ڕاپرسییه‌كه‌دا، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سعود بارزانى وازهێنانى خۆى له پۆسته‌كه‌ى ئاشكرا كرد و ڕایگه‌یاند كه‌وا هه‌ولێر هیچ هه‌نگاوێكى به‌په‌له هه‌ڵناگرێت به‌ره‌و ڕاگه‌یاندنى سه‌ربه‌خۆیی، ته‌نانه‌ت پێشنیارى سڕكردنى جێبه‌جێكردنى ده‌رئه‌نجامه‌كانى ڕیفراندۆمیشى كرد. به‌ڵام ئه‌و هه‌نگاوانه به‌س نه‌بوون بۆ هێوركردنه‌وه‌ى حكومه‌تى عێراقی، كه داواى ئه‌وه‌ى له حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كرد كه ده‌رئه‌نجامى ڕیفراندۆمه‌كه هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه. تاوه‌كو حكومه‌تى ناوه‌ندى و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕێك نه‌كه‌ون بۆ ئه‌و پرسانه‌ى كه هه‌ردوولایان له‌سه‌رى ناكۆكن، ڕیفراندۆمه‌كه شتێكى ئه‌وتۆ نابێت له‌سه‌ر ئه‌رزى واقع جگه له ڕاوهرگرتنێك یان ڕاپرسییه‌ك.
له‌نێو ئه‌و پرسه گه‌رمانه‌ى كه په‌یوه‌ندییان هه‌یه به ده‌وڵه‌تدارى كورده‌وه بریتین له‌و پرسانه‌ى كه تایبه‌تن به سنوور و سه‌رچاوه وزه‌ییه‌كان و ئاواره و ژیانى پێكهاته عه‌ره‌به‌كان و ئاواره‌كان له كوردستانى عێراق- هه‌موو ئه‌م پرسانه له ڕووماڵ و دیبهیتهكانى ئه‌م دواییانه‌دا سه‌رنجێكى زۆریان پێ درا. به‌ڵام، ڕه‌هه‌ندێكى گرنگى داهاتووى هه‌رێمى كوردستان كه‌وا تاوه‌كو ئێستا سه‌رنج و تهركیزێكى كه‌مى خراوه‌ته سه‌ر، ده‌گمه‌نیى ئاوه.
به‌به‌رهه‌م و به‌پیت به‌ڵام له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دا
له‌گه‌ڵ بوونى تێكڕاى ساڵانه‌ى باران بارین له نێوان 300 و 1000 ملیمه‌تردا، دۆڵ و ناوچه بهپیتهكانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان تا ڕاده‌یه‌كى زۆر دوور بووه له هه‌ڕه‌شه‌ی به‌بیابانیبوون كه بووه به سه‌رچاوه‌ى هه‌ڕه‌شه بۆ ناوچه‌كانى تر‌ى عێراق و دراوسێكانى. به گوێره‌ى ئامارێكى حكومى، له‌سه‌دا 95ى دانیشتووانه شارنشینهكانى هه‌رێمى كوردستان و له سه‌دا 62ى دانیشتووانى ناوچه گوندنشینه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ستیان به سه‌رچاوه‌ى ئاوى سه‌لامه‌ت ڕاگه‌یشتووه له پێش سه‌رهه‌ڵدانى ده‌وڵه‌تى ئیسلامییه‌وه. به‌به‌راورد به، كه‌متر له سه‌دا 75ى دانیشتوانه شارنشینهكانى عێراق كه ده‌ستیان به هه‌مان سه‌رچاوه‌ى ئاوى سه‌لامه‌ت ڕاگه‌یشتبوو. (به هۆى چالاكییه توندڕهوییهكانهوه، ئه‌م ژمارانه له ئێستادا زۆر كه‌مترن و زۆر قورسیشه به شێوه‌یه‌كى ڕاست و درووست بخه‌مڵێنرێن.)
هێشتا ده‌گمه‌نى بوونى هه‌یه و له زۆرێك له حاڵه‌ته‌كاندا دهگمهنییهكان زۆر زیاتر بوون به هۆى فاكته‌ره ژینگه‌یی و سۆسیۆ ئابوورى و سیاسییه‌كانه‌وه. له ساڵى 2007ه‌وه، هه‌رێمى كوردستان- وه‌ك زۆرێك له ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌رى- ڕووبه‌ڕووى وشكه‌ساڵى توند بووەته‌وه، كه‌مبوونه‌وه‌ى به‌فرى تواوه و كه‌مبوونه‌وه‌ى ئاوى ژێرزه‌وى له هه‌ندێك ناوچه‌دا ئه‌وه‌نده به‌رزه كه ده‌گاته 40 میلیمه‌تر. ئه‌وه‌ى كه بارودۆخه‌كه خراپتر ده‌كات، نه‌بوونى یاساوڕێسای ژینگه‌ییه به پێی پێویست، كۆنبوونى ڕێگاوبانه‌كان و ئامرازه‌كانى په‌یوه‌ندى، خراپیی بارى ته‌ندرووستیى گشتى، چه‌ندین ساڵى جه‌نگى ناوخۆیی و به‌كارهێنانى ئاوه‌كه له‌و وڵاتانهوهى كه لێوه‌ى دێت زیاتر دابینكردنى ئاوه‌كه‌ى كه‌م كردووەته‌وه. وه‌ك ئه‌وه‌ى كه ئه‌مه بۆ زۆربه‌ى شوێنه‌كان ڕاسته، به هه‌مان شێوه خراپ ئیداره‌دان و گوێپێنه‌دان به ئاو له‌و گریمانه پێشوه‌خته‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه ئاو زۆروزه‌وه‌نده، كه زیانى ئه‌م گریمانه‌یه بۆ ئاوى به‌رده‌ست زۆر زیاتر بووه له‌و زیانه‌ى كه گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا به ئاوى به‌رده‌ستى گه‌یاندووه. چه‌ندین خه‌مڵاندن پێشبینیى ئه‌وه ده‌كه‌ن كه‌وا تێكڕاى ئه‌و ئاوه‌ى كه له ڕووبارى دیجله و فوراته‌وه دێن به ڕێژه‌ى له سه‌دا 50 بۆ له سه‌دا 80 له ساڵى 2025دا كه‌م ده‌بێتەوە، ئه‌گه‌رچى چه‌ند خهمڵاندنێكى ڕوون هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و ڕووبارانه‌ى كه له ئێرانه‌وه ده‌ڕژێنه عێراق، ئه‌وانیش به‌هه‌مان شێوه خه‌مڵاندنى دڵخۆشكه‌ر نین.
به به‌راورد به به‌شه‌كانى تر‌ى عێراق، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان خاوه‌نى سیستمێكى حوكمڕانیى به‌هێزتره- خاوه‌نى ژێرخانێكى پێشكه‌وتووتره و هاووڵاتییه‌كانى له ستانداردێكى به‌رزترى ژیاندا ژین ده‌گوزه‌رێنن- هه‌موو ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه ده‌توانن سوودى باشتر به هه‌رێم بگه‌یه‌نن له حاڵه‌تى ڕاگه‌یاندنى سه‌ربه‌خۆییدا. به‌ڵام كوردستانى عێراق له ئێستادا خاوه‌نى هه‌ندێك سیاسه‌تى دیاریكراوه بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كێشه‌كانى پشكى ئاوى نێوده‌وڵه‌تى كه ئه‌گه‌رى سه‌رهه‌ڵدانیان هه‌یه. ئه‌مه‌ش به هۆى بێپیلانى حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه نییه، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌میشه ئهولهوییاتى داوه به ئاسایشى ئاو. له ساڵى 2012دا، وه‌زاره‌تى پیلاندانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ پڕۆگرامى په‌ره‌پێدانى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا كارى كرد بۆ به‌رهه‌مهێنانى هه‌ڵسه‌نگاندنێك بۆ پێداویستییه‌كان كه‌وا نزیكه‌ى سێیه‌كى وه‌به‌رهێنانى گشتیى هه‌رێمى تاوه‌كو ساڵى 2020 بۆ ئاو و ته‌ندرووستى و ژینگه دابین كردبوو. سه‌ركرده‌كانى كورد به هه‌مان شێوه چه‌ندین پڕۆگرامى تریان له‌به‌ر چاو گرتووه كه دانراون بۆ چاره‌سه‌ركردنى زیادبهكارهێنان و پێداویستییه‌كانى هه‌لومه‌رجى ته‌ندرووستى.
به‌ڵام، زۆربه‌ى ڕێکكه‌وتنه ئاوییه‌كانى ئێستاى هه‌ولێر له‌گه‌ڵ به‌غدادایه. ئه‌گه‌ر هه‌رێم سه‌ربه‌خۆیی به ده‌ست بهێنێت، ده‌بێت دانوستان له ڕێكکه‌وتنى پشكه ئاوییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌نه‌دا ئه‌نجام بدات كه ئاوه‌كانیان لێوه دێت. ئه‌و وڵاتانه‌ش به شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى توركیا و ئێرانن، كه‌وا نزیكه‌ى له سه‌دا 60ى ئاوى هه‌رێمى كوردستانیان لێوه دێت. به‌ڵام ڕێکكه‌وتنى نوێ له‌گه‌ڵ ئه‌م وڵاتانه‌دا ئاسان نابێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌نقه‌ره و تاران- هه‌ردووكیان به ئاشكرا نیگه‌رانیى خۆیانیان ده‌ربڕیوه له‌گه‌ل زاراوه‌ى كوردستانى سه‌ربه‌خۆ- وه مه‌حاڵه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌ولێردا بكه‌ن. توركیا پێشتریش ئه‌وه‌ى پێشان دا كه هیچ ئیراده‌یه‌كى نییه بۆ ئیمزاكردنى ڕێكکهوتننامه له‌گه‌ڵ عێراقدا له‌سه‌ر به‌كارهێنانى سه‌رچاوه‌كانى ڕووبارى دیجله. ئێران، له لایه‌كى تره‌وه، تا ئه‌وپه‌ڕى ئاست دژایه‌تیى خۆى ده‌ربڕى بۆ ڕیفراندۆمه‌كه‌ى كوردستان: به‌رپرسانى كورد له‌وه ده‌ترسن ڕیفراندۆم ببێته هۆى ئه‌وه‌ى كه‌وا ئێران به‌نداوى زیاتر بكات له‌سه‌ر ڕووباره‌كه و درووستكردنى هێڵى گواستنه‌وه‌كان دوا بخات و سنووره‌كان دابخات و وه‌ك تۆڵه‌یه‌ك له به‌رامبه‌ر ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم.
تاوه‌كو به‌غدا و هه‌رێم كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر نه‌كه‌ن، ڕیفراندۆم له‌سه‌ر ئه‌رزى واقع گرنگییه‌كى ئه‌وتۆى نابێت جگه له‌وه‌ى ڕاوهرگرتنێكه و هیچ تر.
بونیاتنانى داهاتوویه‌كى به‌رده‌وام
ده‌گمه‌نیى ئاو ده‌شێت بێته هۆى ته‌قینه‌وه‌ى پشێویى نه‌ژادى له كوردستانى عێراق، به تایبه‌تى له ناوچه‌ى كه‌ركوكى ده‌وڵه‌مه‌ند به نه‌وت. كه عه‌ره‌ب و كورد و توركمانى لێ ده‌ژین، كه‌ركوك كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى كشتوكاڵیى به‌رفراوانى هه‌یه كه بۆ مانه‌وه‌ى خۆیان پشت ده‌به‌ستن به ئاوه‌كانى ڕووبارى زاب. له‌سه‌ر ڕووباره‌كه، كه له ئێرانه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێ و ده‌ڕژێته‌وه ڕووبارى دیجله، به‌نداوى دوكانى له‌سه‌ر درووست كراوه، كه له ساڵى 1955دا درووست كراوه، به‌نداوى دوكان یه‌كێك له‌و سێ به‌نداوه گه‌وره‌یه‌ى كه له كوردستانى عێراقدا هه‌یه و 1.3 ملیۆن مه‌ترى سێجا ئاو له خۆ ده‌گرێت. گرتنه‌وه‌ى ئاوى دابینكراو یان سنوورداكردنى خستنه‌ڕووى ئاو له پێشتردا پشێوى له ناوچه‌كه‌دا درووست كردووه، هه‌ر خستنهڕوویهكى كه‌م له داهاتوودا به هه‌مان شێوه‌یه، له‌وانه‌یه پشێویى درووست بكات، ئه‌و تێڕوانینه‌ى عه‌ره‌به لۆكاڵییه‌كان به‌هێز بكات به‌وه‌ى كه‌وا پێیان وایه دابینكردنى بڕێكى كه‌مترى ئاو به ڕوونى ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه ئه‌وان ده‌بێت ئه‌و ناوچانه چۆڵ بكه‌ن.
دابه‌شكردنى سه‌رچاوه سنوورداره‌كان له‌نێو گرووپه نه‌ژادییه كێبڕكێكارهكاندا كارێكى ئاسان نییه، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێویسته به وریاییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا بكات. به ئامانجى ئه‌وه‌ى كه حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێداویستییه‌كانی خۆی به ده‌ست بهێنێت له پڕكردنه‌وه‌ى داواكاریى كاره‌با و ئاو بۆ هه‌رێمه‌كه، وه‌زاره‌تى ئاوى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پیلانى درووستكردنى 20 به‌نداوى نوێى هه‌یه بۆ پشتیوانیكردنى ئه‌و 17 بهنداوهى كه ئێستا هه‌ن. ئه‌گه‌رچى ئه‌و هه‌نگاوه ڕه‌نگه چه‌ندین سوودى درێژخایه‌نى هه‌بێت بۆ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له هه‌مان كاتیش‌دا مه‌ترسیی درووستبوونى پشێوى هه‌یه له‌گه‌ڵ به‌غدادا له حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌نداوانه جووڵه‌ى ئاوى ئه‌و ڕووبارانه سنووردار بكه‌ن كه ئاو دابین ده‌كه‌ن بۆ پارچه‌كانى تر‌ى عێراق. وه‌ك ده‌وڵه‌تێك كه هه‌ڵكه‌وته جوگرافییه‌كه‌ى كه‌وتووەته چوارچێوه‌ى كۆمه‌ڵێك دراوسێی به‌هێزى شه‌ڕه‌نگێزه‌وه، كوردستانى عێراق پێویسته داستڕاگهیشتنى به ئاو وه‌ك ئامڕازێكى ئاشتییانه به‌كار بهێنێت، له‌گه‌ڵ حكومه‌تى ناوه‌ندیدا كار بكات بۆ نه‌هێشتنى كێشه‌كانیان و ڕێگاچاره‌ى شیاو بدۆزێته‌وه كه بۆ هه‌ردوولایان به‌سوود بێت. ئاو گرنگه نه‌ك ته‌نها بۆ كشتوكاڵكردن و به‌كارهێنانى ڕۆژانه‌ى، به‌ڵكو پێویسته بۆ پاراستنى ئابووریى كوردستان. حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هێشتا خاوه‌نى چه‌ندین خاسیه‌تى دارایی نییه كه بۆ وڵاتێك پێویسته: به‌غدا ده‌ستى گرتووه به‌سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا و له ئێستاشدا هه‌ڕه‌شه دەكات له فرۆشتنى نه‌وتى هه‌رێم. له‌مه‌ش زیاتر، عێراق نزیكه‌ى له سه‌دا 17ى بودجه‌ى ساڵانه‌ى خۆى بۆ پێشكه‌وتنى هه‌رێمى كوردستان دابین كردووه. ئه‌گه‌ر هه‌ولێر به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی هه‌نگاو ده‌نێت، پێویسته ئه‌م فاكته‌رانه به‌جددى وه‌ربگرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌زموونه خراپه‌ى كه وڵاتانى دراوسێ هه‌یانه له هاوكاریكردن له‌سه‌ر پرسه‌كانى ئاو.
به‌ڵام له‌وانه‌یه بەرپرسانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌م شكستانهوه فێر بن، نه‌ك به‌رده‌وامى به شكسته‌كانیان بده‌ن. مێژوو ئه‌وه‌ى پێشان داوه كه‌وا ئه‌گه‌رچى ئاو ئه‌شێت پرسێكى قورس بێت بۆ وڵاتان بۆ ئه‌وه‌ى ئیداره‌ى بده‌ن، تا ڕاده‌یه‌كى زۆریش پرسه‌كانى وه‌كو ئایین و نه‌ژاد و نیشتیمانپه‌روه‌ری و ناسیۆنالیزم پرسی ئاویان شاردووەته‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئیداره‌دانى پرسى ئاو شتێكى مه‌حاڵ نییه. كوردستانى عێراق گه‌یشتووه به دووڕیانێكى نائاسایی، كه ده‌توانێت بڕیار بدات كه نه‌وه‌كانى داهاتووى بپارێزێت له ده‌گمه‌نیى ئاو یاخود ده‌بێت به ده‌وڵه‌تێكى تر‌ى تینوو بۆ ئاو.
سه‌رچاوه، ستراتفۆر