شێرزاد ئێزیدی
كوردەكان جگە لە شاخەكان هیچ دۆستێكیان نییە، لەگەڵ دەرەنجامە كارەساتباراوییەكانی ڕیفراندۆمە پلان بۆ دانەڕێژراوەكەی باشوری كوردستان، جارێكی دی ئەم ڕستەیە كەوتەوە بەر باسوخواس دوای ئەوەی كە لە نائاگایی دەستە جەمعییدا ژێر خاك كرابوو، دواهەمین كەسێكیش كە ئەم ڕستەیەی زیندوو كردەوە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو وەك ئاماژەیەك بۆ دەستخەڕۆ كردنی كورد لە لایەن وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، پرسی كورد و بزوتنەوەی ڕزگایخوازی كوردی لە سەر ئاستی ناوچەكە و جیهان بەرەو پێش چوونێكی زۆری بەخۆوە بینییەوە، سەرەتای دەركەوتن و سەرهەڵدانی خۆری كوردی لەم دوادواییانەدا هاوكات بوو لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییانەی كە ناوچەكەی گرتەوە.
دوای چارەكە سەدەیەك لە خۆبەڕێوەبەری كورد لە باشور و لەگەڵ دەستپێكردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا، كورد چووە ناو قۆناغی خۆبەڕێوەبەریی دیموكراسییەوە كە ڕێگەی خۆش كرد بۆ فیدراڵییەتی باكوری سوریا، ئەو سوریایەی كە هەنگاو ئەنێت ڕووە و دروست كردنی هەیكەلی ئیداری و سیاسی پشت ئەستور بە توانا سەربازییەكانی هێزەكانی سوریای دیموكرات.
لە بەرامبەر ئەم واقعە نوێیەدا و دوای دەست پێكردنی ململانێی سوننە و شیعە و ململانێی ئەو وڵاتانەی كە كوردیان بەسەردا دابەشكراوە، كوردەكان بوون بە گەمەكارێكی سەرەكی لە هاوكێشە ناوچەیی و جیهانییەكاندا دوابەدوای سەركردایەتی كردنی شەڕی تیرۆر، ڕەنگە كۆبانێ و ڕەقە بەس بن بۆ دەر خستنی ڕۆڵی كورد لەو شەڕە گەردوونییەدا.
لەگەڵ ئەم گەشەكردنە كەم وێنەیەدا كە پرسی كوردی لە سنوری ناوچەكە تێپەڕاند، پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراق لە ڕێگەی یاریكردن بە هەستی كۆمەڵانی خەڵك لە باشور، پرسی ڕیفراندۆمی هێنایە پێشەوە، ئەمەش پاڵی بە هێزە سیاسیەكانی دیكەوە نا تا بە ناچاری بچنە ناو پڕۆسەكەی ڕیفراندۆمەوە سەرباری تێبینیان لەسەر پڕۆسەكەوە.
ڕیفراندۆم هەوڵێكی بارزانی بوو بۆ پەردە پۆشكردنی ئەو قەیرانەی كە هەرێمی پیادا تێدەپەڕی و بە تایبەت دوای تەواوبوونی ماوەی سەرۆكایەتییەكەی و بە ئامانجی بەدەستهێنانی سەروەرییەكی تایبەت بۆ خۆی و پارتەكەی سەرباری ڕەتكردنەوە ئەو هەوڵە لەلایەن وڵاتانی ناوچەكە. ئەمەریكاش هەوڵی دا كە چەند بژاردەیەك بخاتە ڕوو تا لە ژێر چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكانی كورد هەستێت بە ئەنجامدانی دانوستانێكی گشتگیر و سەرتاسەری لەگەڵ حكومەتی ناوەندی بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان. بەڵام بارزانی، هەموو دەستەكەوتەكانی خستە مەترسییەوە و گرنگی بەهەموو ئەوانە نەدا. لێرەدا ئەكرێت بپرسین بۆ ئەمە ڕوویدا؟ كورد لە باشور لەگەڵ ئەوەی كە حاڵەتێكی نیمچە دەوڵەتی هەبوو، گەڕایەوە بۆ دۆخی پێش كەوتنی ڕژێمەكەی سەدام حسێن، لە كاتێكدا كورد دەیتوانی گەر وەڵامی داواكارییە نێودەوڵەتییەكانی بدایەتەوە، ڕێگری لە دروستبوونی ئەم دۆخە بكات.
بەپێچەوانەی بارزانییەوە، ئەمەریكا دەستبەرداری كورد نەبوو، لەبەر ئەوەی ئەمەریكا هەر لەسەرەتاوە هەڵوێستی ڕوون بوو لەمەڕ ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم، لە ڕێگەی مەكگۆركەوە ئەو پەیامەی بە بارزانی ڕاگەیاندبوو كە ئەگەر لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دۆخێكی نەخوازراو هاتە گۆڕێ ئێمەی دەستوەردان ناكەین.
ئەوەی كە كورد ئەگێڕێتەوە بۆ دواوە و لە شاخەكاندا قەتیسیان ئەكات و دۆستەكانی لێ دوور ئەخاتەوە و دوژمنەكانی یەك ئەخات بارزانی و پارتەكەیەی بوو، لەبری ڕێگریكردن لە تەشەنە نەسەندنی هەڵەكە و دیاریكردنی بەرپرسیارێتییەكان بە گیانێكی ڕەخنە لە خۆ گرانە، باس لە لەعنەتی مێژوو و جوگرافیا و خیانەتی وڵاتان لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا ئەكرێت.
هیچ گومانی تێدا نییە كە لێكۆڵینەوە لە زەمینەی دەركردنی بڕیاری ڕیفراندۆم، زۆر شتی شاراوەمان بۆ ئاشكرا دەكات لەسەر ئەو هێز و لایەنانەی كە بەرپرس بوون لە دروستكردنی ئەم تراجیدیایە كە ئامانج لێی لێدان بوو لە ڕۆڵی كورد لە هاوكێشەكانی ناوچەكە و سەنگی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ستمەكاری و تیرۆردا.