لە باکووری کوردستانەوە حزبەکە ڕادەگەیەنێت
ئاژانس
بڕیارە بەم نزیکانە پارتێکى نوێ لە تورکیا دابمەزرێت و لە ئێستاشەوە دامەزرێنەرى حزبەکە پەیوەندیى بە ژمارەیەک سەرکردە و کەسایەتیى کوردەوە کردووە تا بەشداریى پڕۆژە نوێیەکەى ببن، بەڵام کورد دڵى بە سەرۆکى ئەو حزبە نوێیە خۆش نییە، چونکە لە ڕابردوودا تاقی کراوەتەوە لە پرسى کورددا.
ئەو کەسەى حزبە نوێیەکە لە تورکیا درووست دەکات ئەحمەد داود ئۆغڵوو، سەرۆکوەزیرانى پێشووى تورکیایە، کە بڕیارە بەم نزیکانە حزبەکەى ڕابگەیەنێت و لە ئەکەپە بە یەکجارى جیا بێتەوە، هۆکارى درووستکردنى ئەو حزبەش دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکیى نێوان ئەردۆغان و داود ئۆغڵوو.
بۆ ڕاکێشانى سۆزى کوردەکان و کەسایەتییە سیاسییەکانى کورد داود ئۆغڵوو دەیەوێت حزبەکەى لە شارى ئامەدى باکوورى کوردستانەوە ڕابگەیەنێت، ئەوەش پەیامێکە بۆ ئەوەى کە ناوبراو پشتیوانیی پڕۆسەى ئاشتى دەکات، ئامانجیشى لەو کارە ڕاکێشانى زۆرترین کوردە بۆ ناو ڕیزەکانى حزبە نوێیەکەى.
ئیبراهیم یەڵدرم، کە پێشتر کەسایەتییەکى سیاسیى کوردى ناو ئەکەپە بووە ئاماژە بەوە دەکات، ئەو یەکێک بووە لەو کەسانەى پەیوەندیى پێوە کراوە بۆ ئەوەى بچێتە ناو حزبەکەى داود ئۆغڵووەوە، وەڵامەکەشى بە ئەرێنی داوەتەوە.
ئیبراهیم یەڵدرم بە ״ئاژانس״ى وت: ״پێم وایە حزبەکەى داود ئۆغڵوو لە سیاسەتیدا جیاوازتر دەبێت بەرامبەر پرسى کورد، پێویستە ئێمەى کورد خۆمان نزیک بکەینەوە لە هەر پارتێکى تورکیا، چونکە وا دەکات کوردەکانى ناو ئەو پارتانە کاریگەرییان لەسەر ئاڕاستەکردنى بڕیارى پارتەکە هەبێت.״
هاوکات ئەو سەركردانەی لە سیاسەتەكانی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا ״ئەكەپە״ ناڕازین، شاندێكیان ناردووەتە باكووری كوردستان و بڕیارە لەگەڵ پارت و لایەنەكانی باكووری كوردستان چەند كۆبوونەوەیەك بكات.
لەسەر ئەو پرسە پێگەى دۆیچە ڤێللەی ئەڵمانی ڕاپۆرتێکى لەسەر ئەو حزبە نوێیە بڵاو کردووەتەوە و تیایدا ئاماژەى بەوە کردووە، داود ئۆغڵوو بۆ سەرخستنی حزبە نوێیەکەی بە دوای ״کوردە موحافزکارەکان״دا وێڵە و ئامادەکاریی بۆ ئەوە دەکات کە پێش جەژنی ڕەمەزان لە ئێوارە خوانێکی گەورەدا لە شاری ئامەد حزبەکەی ڕابگەیەنێت.
تەیب تەمەل، پەرلەمانتارى هەدەپە دەڵێت، ئەوان پێشوازى لە هەر پارتێک دەکەن کە ڕێز لە مافى کورد بگرن و بڕوایان بەو مافانە هەبێت گەلى کورد داواى دەکات، جەختیش دەکاتەوە نزیکبوونەوەیان لەو پارتە نوێیە لەسەر بنەماى دیموکراسى و ئازادى دەبێت.
پەرلەمانتارەکەى هەدەپە بە ״ئاژانس״ى وت: ״ئێمە هەڵسەنگاندن بۆ بەرنامە سیاسییەکەى ئەو پارتە نوێیە دەکەین، نزیکبوونەوەمان و هاوپەیمانیکردن لەگەڵ پارتەکەى داود ئۆغڵوو پەیوەست دەبێت بە بڕوابوونیان بە پرسى گەلى کورد، ئەگەر داود ئۆغڵوو هەمان سیاسەتى کاتى سەرۆکوەزیرانی هەبێت ناتوانرێت نزیکبوونەوە ڕوو بدات.״
ئەو پەرلەمانتارەى هەدەپە باس لەوە دەکات، ئەوان نزیکبوونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ پارتە نوێیەکەى داود ئۆغڵوو ڕەت ناکەنەوە و لە داهاتووشدا نزیکبوونەوە لە نێوانیان ڕوو دەدات، هیواخوازیشە لە داهاتوودا باشترین پەیوەندییان لەگەڵ ئەو پارتە هەبێت.״
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، ئەحمەد داود ئۆغڵوو لە شارەکانی ئامەد، باتمان و بینگۆل سەردانی زۆربەی ئەو کەسایەتییە موحافزکارە کوردانەی کردووە کە ئەندامی ئێستا و پێشووی پارتی داد و گەشەپێدانن و بە شێوەیەکی نهێنیش خۆی لە کوردە موحافزکارەکانی ناو پارتە کوردییەکانیش نزیک کردووەتەوە.
ساڵی 2001 كە حزبی داد و گەشەپێدان دامەزرێندرا و سەرۆكی حزبەكەش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بوو، چەندین سیاسەتمەدار و كەسانی لێهاتوو لە دەوروبەری بوون لەوانەش عەبدوڵڵا گویل، بوڵنت ئارینچ، عەبدوللەتیف شنر، عەلی باباجان، ئەحمەد داود ئۆغڵوو و یاشار یاكیش، بەڵام زۆرینەیان ئێستا لەو حزبە جیا بوونەتەوە.
مەسعود گولون، چاودێرى سیاسیى کورد لە باکوورى کوردستان دەڵێت، هەر پارتێکى نوێ لە تورکیا دابمەزرێت سیاسەتى بەرامبەر پرسى کورد وەک ئەکەپە دەبێت و هیچ کرانەوەیەک لەگەڵ پرسى کورد ڕوو نادات.
مەسعود گولون بە ״ئاژانس״ى وت: ״داود ئۆغڵوو سەرەتا دەیەوێت کورد بە کار بهێنێت بۆ گەشەکردن و هاتنە سەر دەسەڵات وەک ئەوەى ئەکەپە لە کاتى دامەزراندنیدا کردى، دواییش چى بەرامبەر کورد ئەنجام دا، بەڵام پێویستە هەدەپە پێشوەختە بڕیار نەدات ئەو پارتە نوێیە ڕەت بکاتەوە، بەڵکوو هەوڵى نزیکبوونەوە و ڕێککەوتن بدات.״